Print this page

*سکرتێرى گشتیى YNDK پێشوازى لە شاندى پارتى دیموکراتى کورد لە سوریا (پارتی) دەكات*

تشرين1/أكتوير 05, 2025

  میدیا - هەولێر :

 پێشنیوەڕۆى ئەمڕۆ ٤ / ٩ / ٢٠٢٥، سكرتێری گشتیی YNDK پێشوازی له‌ شاندى پارتى دیموکراتى کورد لە سوریا (پارتی) كردو، لەدیدارەكەدا باسیان لە رەوشی سیاسى كوردستان و رێکەوتنى لایەنە سیاسییەکانى رۆژئاواى کوردستان ویەکێتى نەتەوەیى و یەکڕیزى گەلى کوردستان كرد.

 پێشنیوەڕۆى ئەمڕۆ شەممە، غەفوور مەخمووری سكرتێری گشتیی یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK لە بارەگای مەكتەبی سیاسی YNDK لە شاری هەولێر، بەئامادەبوونى هەڤاڵان (شاکر هاشم ئەندامى مەکتەبى سیاسى و فاخیر نانەکەلى ئەندامى کۆمیتەى سەرکردایەتى و بەرپرسى هەرێمى هەولێرى YNDK)، پێشوازیانكرد لە شاندى پارتى دیموکراتى کورد لە سوریا (پارتی) ، کە پێکهاتبوو لە بەڕێزان (ئیدریس شکاک ئەندامى مەکتەبى سیاسى پارتی و نوێنەری بەرەی کوردستانی سوریا نەجمەددین حەبەش ئەندامى کۆمیتەى سەرکردایەتیى پارتی )، لە دیدارەکەدا باس لە رەوشی سیاسیی كوردستان و دواپێشڤەچوون و پێشهات و گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە و رێککەوتنى نێوان لایەنە سیاسییەکانى رۆژئاواى کوردستان كراو، جەختكرایەوە سەر یەكڕیزی و یەكدەنگی گەلی كوردستان بە تەواوی هێزو لایەنە سیاسى و پێكهاتەكانییەوە بۆ پێشوازیكردن لەو ئەگەرو پێشهات و گۆڕانكارییە نوێیانەی كە لەسەر ئاستی ناوچەكەدا دێنە پێشەوە و، یەكێتی و یەكدەنگی و هاوهەڵوێستی کوردستانییانە لەو گۆڕانكارییانەدا بە فاكتەری سەرەكی پاراستن و چەسپاندنی دەستكەوتەكان و وەدەستهێنانی زیاتری مافەكانی گەلی كوردستان وەسفكرا.

 لە تەوەرێکى دیکەى دیدارەکەدا باس لە گرنگى راوێژى نەتەوەیى کراو جەختکرایەوە سەر ئەوەى کەوا بۆ دەربازکردنى ئەم قۆناخەو بەرگرتن لە هەڕەشەکان پێویستە لە رێگەى دیالۆگ و راوێژى نەتەوەیى لە نێوان تەواوى هێزە سیاسییەکانى کوردستان پڕۆژەو نەخشەرێگەیەکى نەتەوەیى و نیشتمانى دابڕێژێت، هەر لە دیدارەكەدا شاندى (پارتی ) سوپاس و پێزانینی خۆیانیان بە سكرتێری گشتی و سەركردایەتیی YNDK راگەیاند سەبارەت بە هەڵوێستەكانی YNDK لە پرسە نەتەوەیى و نیشتمانییەكاندا.

 لەدوا تەوەری دیدارەكەشدا, جەختكرایەوە سەر پتەوكردنی پەیوەندی برایانەی نێوان هەردوولا لەپێناو زیاتر خزمەتكردن و پێشڤەبردنی دۆزی رەوای گەلی كوردستان.