Print this page

فەخرەددین زیارەتى نوێنەرى YNDK لە بیست و سێیەمین جڤاتى گشتیی KNK: پشتیوانی خۆمان بۆ خەبات و تێكۆشانی نەتەوەكەمان لەهەموو بەشەكانی كوردستان دووپات دەکەینەوە

أيار 24, 2025

میدیا - بارلۆ - هۆڵەندا:

 

 پێشنیوەڕۆى ئەمڕۆ شەممە ڕێکەوتى ٢٤ / ٥ / ٢٠٢٥، نوێنەرى YNDK ئامادەى رێوڕەسمى کردنەوەى (بیست و سێیەمین جڤاتى گشتیى KNK) بوو، کە لە شارى بارلۆ لە هۆڵەندا بەڕێوەدەچێت و رۆژانىى ٢٤ و ٢٥ ى ئەم مانگە بەردەوام دەبێت، وتارى مەکتەبى سیاسیى YNDK ى خوێندەوەو داوایکرد کەوا تەواوى هێزو لایەنە سیاسییەکانى کوردستان هاوکارى یەکدى بن و کار بۆ یەکڕیزى و یەکێتى نەتەوەیى بکەن.

 فەخرەددین زیارەتى ئەندامى کۆمیتەى سەرکردایەتى و نوێنەرى یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK لە ئەوروپا، بە نوێنەرایەتیى YNDK ئامادەى رێوڕەسمى کردنەوەى (بیست و سێیەمین جڤاتى گشتیى کۆنگرەى نەتەوەیى کوردستان KNK) بوو، کە لە شارۆچکەى بارلۆ لە هۆڵەندا بەڕێوەدەچێت، نوێنەرى YNDK، لە کۆنگرەکەدا وتارى مەکتەبى سیاسیى YNDK ى پێشکەشکردو تیشکى خستەسەر رەوشى سیاسى کوردستان و هەڕەشەو پیلانى داگیرکەرانى کوردستان و، داوایکرد بۆ رووبەڕووبوونەوەى پیلانى داگیرکەران تەواوى هێزە سیاسییەکان و گەلى کوردستان یەکڕیزبن و کار بۆ یەکێتى نەتەوەیى و نیشتمانى بکەن و، وتى: (پێویستە هەموو لایەکمان بەرژەوەندى نەتەوەیى و نیشتمانى لەبەرچاو بگرین و کار بۆ یەکێتى نەتەوەیى و یەکڕیزى نیشتمانى بکەین، بێگومان بارودۆخى نێودەوڵەتى و رەوشى هەستیارى کوردستان لە هەموو لایەکمان دەخوازێ کەوا له‌ یه‌كتری نزیک بین، بۆیە پێویستە لە نزیکترین کاتدا کار بکەین بۆ بەستنی كۆنگرەیەكی نەتەوەیی سەرتاسەرى بۆ تەواوی هێزو لایەنە سیاسییەكانی هه‌موو به‌شه‌كانی كوردستان.)، زیارەتى ئەوەشى وت: (داڕشتنی ستراتیژییەتێكی نەتەوەیی یەكگرتوو بۆ كوردستان ‌و, داڕشتنی كارنامەیەكی گونجاو بۆ ئەم قۆناخەی خەبات لەهەر پارچەیەكی كوردستاندا پێویستییەکى گرنگى ئەم قۆناغەى خەباتە.)، هەروەها زیارەتى جەختیکردەوە سەر کارکردن بۆ سەربەخۆیى کوردستان کرد و، وتى: (پێویسە بە یەكدەنگی كار بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستان بكەین, لەبەرئەوەی تاكە چارەسەری پرسی كورد دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستانە‌ و, بێ‌ دامەزراندنی دەوڵەت بۆ گەلی كوردستان زۆر زەحمەتە رۆژهەڵاتی ناڤین هێمنی ‌و ئارامی بەخۆیەوە ببینێت.).

 ئەمەش دەقی وتارى مەکتەبى سیاسى YNDK ە، کەوا لە نۆزدەمین جڤاتى گشتیى کۆنگرەى نەتەوەیى کوردستان KNK دا لەلایەن هەڤاڵ (فەخرەددین زیارەتى) ئەندامى کۆمیتەى سەرکردایەتیى و نوێنەرى YNDK لە ئەوروپا پێشکەش کرا:

 

  پەیامى یەکێتى نەتەوەیى دیموکراتى کوردستان YNDK

بۆ بيست و سێیەمین جڤاتى گشتیی كۆنگرەى نەتەوەیى کوردستان KNK

 

- به‌ڕێزان له‌ كۆمیته‌ی ئاماده‌كاری جڤاتى گشتیى KNK

- به‌ڕێزان ئه‌ندامانی جڤاتى گشتیى KNK

- خوشكانى ئازيز ....برایانى بەڕێز ... میوانانی خۆشه‌ویست

 

  سڵاوی سه‌رخۆبوون و ئازادیتان لێبێت....

  به‌بۆنه‌ی به‌ستنی جڤاتى گشتیى (كۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی كوردستان KNK)‌، به‌ناوی سكرتێرى گشتى و مه‌كته‌بی سیاسی و کۆمیتەى سه‌ركردایه‌تيی یه‌كێتی نه‌ته‌وه‌یی دیموكراتی كوردستان YNDK جوانترین و گەرمترین پیرۆزبایی له‌خۆمان و تەواوى ئەندامانى  كۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی كوردستان KNK و كۆمیته‌ی ئاماده‌كار و ئه‌ندامانی كۆنگره‌ ده‌كه‌ین و خوازیارین ‌ له‌سه‌ر ره‌وشی سياسى كوردستانی مه‌زن گفتوگۆیه‌كی چڕوپڕ بكه‌ین و،  به‌سه‌ركه‌وتوویی كارەکانى جڤاتى گشتیى بە ئەنجام بگەیەنین

  به‌ستنی جڤاتى گشتیى KNK لەم کاتە ناسک و هەستیارەدا‌ رووداوێكی گرنگ و مێژووییه‌ له‌خه‌باتی KNK و، له‌كاتێكدايە كه ‌كوردستان و ناوچه‌كه‌ له‌به‌رده‌م قه‌یران و گرفت و گۆڕانكاری گه‌وره‌دان‌، بۆ ئەوەى بتوانین به‌شێوه‌یه‌كی سه‌رده‌ميیانه‌ بە دیالۆگ و له‌یه‌كترگه‌یشتن و قسه‌ و باس له‌سه‌ر هه‌موو ئه‌و پرسانه‌ بكه‌ین كه‌په‌یوه‌ندی به‌چاره‌نووسی گه‌لی كوردستان و خاكه‌كه‌یەوە هەیە ده‌بێ راشكاوانه‌ گفتوگۆ بكه‌ین و كێماسییه‌كان ده‌ستنیشان بكه‌ین و چاره‌سه‌ری گونجاویان بۆ بدۆزینه‌وه‌.

 ئه‌مڕۆ كوردستان و ناوچه‌كه‌ به‌گشتی به‌قۆناغێكی هه‌ستیاردا تێپه‌ڕ ده‌بن، به‌تایبه‌ت ئێستا لەدواى بانگه‌وازى به‌ڕێز عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لان بۆ ئاشتى و كۆتاییهێنان بە شەڕ له ‌باكوورى كوردستان و، دواتر پێشڤەچوونەکانى هه‌وڵه‌كانى ئاشتى و بەستنى كۆنگره‌ى پارتى كرێكارانى كوردستان، ئەوانە رووداوى مێژوويين و، خاڵى گرنگ لەو رووداوانە ئەوەیە کەوا كورد وەک هەمیشە بۆ ئاشتى ده‌ستپێشخه‌رى  كردووه‌، لێرەوە نۆره‌ى ده‌وڵه‌تى توركيايه‌ هه‌نگاوى کردارى به‌ره‌و ئاشتى بنێت و دەستبەجێ بەڕێز ئۆجەلان و هەڤاڵانى ئازاد بکات و کار بۆ هەموارکردنەوەى دەستوورى تورکیا بکات،  ئێمه‌ لێرەوە رایدەگەیەنین کەپشتیوانى له‌هه‌نگاوه‌كانى پرۆسەى ئاشتى و بانگه‌وازى به‌ڕێز ئۆجه‌لان ده‌كه‌ين.

 - ئامادەبووانى بەڕێزو خۆشەویست ...

 له‌دواى رووخانى رژێمى به‌عس له‌سووريا، باروودۆخێكى نوێ هاتۆته‌‌ ئاراوه‌، پشتگیری له‌خه‌باتى نه‌پساوه‌ى براكانمان له‌رۆژئاواى كوردستان ده‌كه‌ين و بەپێویستى دەزانین کەوا هه‌ماهه‌نگی له‌نێوان سه‌رجه‌م هێزو لایه‌نه‌كان هه‌بێ بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین ئه‌و به‌شه‌ی وڵات به‌ده‌ستكه‌وته‌كانیانه‌وه‌ بپارێزین کە بەشێکن له‌ده‌ستكه‌وته‌كانی نه‌ته‌وه‌كه‌مان له‌رۆژئاوای كوردستان و ده‌بێ له‌ ده‌ستوورى داهاتووى سوريادا دان به‌  مافه‌كانى كورد بنرێ و ببنه‌ هاوبه‌ش له‌م وڵاته‌دا.

 له‌ رۆژهه‌ڵاتی كوردستانیش، بۆ كپكردنی ده‌نگی ناڕه‌زايى‌ رۆڵەکانمان، رژێمی ئێران ره‌شبگیری له‌ناوچه‌کانى رۆژهەڵاتى كوردستان ده‌كات و رۆژانه‌ ده‌یان لاوی كورد له‌ژێر ئه‌شكه‌نجه‌ و په‌تی سیداره‌ی ئێران شه‌هید ده‌كرێن، بۆ رووبەڕووبوونەوەى ئەو سیاسەتەى رژێمى ئێران، پێویستە پارته‌كانى ئه‌م به‌شه‌ى وڵات بۆ خورتكردنى خه‌بات و تێكۆشان هاوکارو پشتیوان بن و رێبه‌رايەتى جه‌ماوه‌رى تێنووى ئازاديخواز بكەن.

 - خوشکانى ئازیز ... برایانى بەڕێز ...

 له‌ باشووری كوردستان؛ سه‌ره‌ڕای ئەوەى کۆمەڵێ كێشە‌ هه‌يه،‌ لە سەرووى هەموویانەوە قەیرانى ئابوورى و كێشه‌ هه‌ڵواسراوه‌كانی نێوان كوردستان و عێراق، ئەو کێشانە پێویستيان بە چارەسەرێکى بەپەلە هەیە، لەهەمان کاتدا قەیرانى سیاسى و ناکۆکى نێوان بەشێک لە لایەنە سیاسییەکانى دەسەڵات بۆتە هۆى نیگەرانى خەڵکى کوردستان، لەگەڵ ئەوەشدا سەرەڕاى قەیرانەکان سەرکردایەتى سیاسيى کوردستان لە هەوڵدایە بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان و پێکهێنانى کابینەى نوێى حکومەتى هەرێمى کوردستان، دەربازکردنى ئەم قۆناغە سەختە پێویستى بە هاوکارى پشتیوانى هەموو لایەنە کوردستانییەکان هەیە، بۆیە پێویستە هەموو لایەکمان هاوکاربین بۆ ئەوەى به‌زووترين كات کێشەکان چارەسەر بکرێن و لايه‌نه‌كان بگه‌نه‌ رێكه‌وتن و كابينه‌ى نوێى حكومه‌تى كوردستان پێكبهێنرێت.

 ئه‌مڕۆ له‌سه‌ر ئاستی نێوخۆیی كێشه‌ و گرفته‌كان، بوونه‌ته‌ هۆی ئه‌وه‌ی هه‌نگاو بۆ یه‌كێتی نه‌ته‌وه‌یی و كۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌سته‌م بێت، ئەوەندەى رەچاوى بەرژەوەندى حیزبى دەکرێت ئەوەندە رەچاوى بەرژەوەندى باڵاى نەتەوەیى و نیشتمانى ناکرێت، بۆیه‌ پێویستە بەرژەوەندى نەتەوەیى و نیشتمانى بخەینە سەرووى بەرژەوەندییە حزبییەکانەوە و بگەڕێینەوە سەر مێزى دیالۆگ و لەیەکترگەیشتن بۆ چارەسەرکردنى کێشەو گرفتەکان و رزگاربوونمان لە قەیرانەکان، لەهەمان کاتدا ‌بۆ ئەوەى بەهەموو لایەک دەستکەوتەکانى باشوور و رۆژئاوا بپارێزین و  پێشیانبخەین  پێویستە هاوکار و پشتیوانى یەکتر بین.

 بۆ دەربازکردنى ئەم رەوشە نالەبارانه‌ و رێکخستنەوەى ناوەندى سیاسى کوردستان و داڕشتنى ستراتیژێکى نەتەوەیى، پێویستە هەموو لایەکمان بەرژەوەندى نەتەوەیى و نیشتمانى لەبەرچاو بگرین و کار بۆ یەکێتى نەتەوەیى و یەکڕیزى نیشتمانى بکەین، بێگومان بارودۆخى نێودەوڵەتى و رەوشى هەستیارى کوردستان لە هەموو لایەکمان دەخوازێ کەوا له‌ یه‌كتری نزیک بین، بۆیە پێویستە لە نزیکترین کاتدا کار بکەین بۆ بەستنی كۆنگرەیەكی نەتەوەیی سەرتاسەرى بۆ تەواوی هێزو لایەنە سیاسییەكانی هه‌موو به‌شه‌كانی كوردستان، ئەمەش ئەركێكی نەتەوەیی و نيشتمانى بەپەلەی ئەم قۆناخەی خەباتى بزاڤی رزگاریخوازی نیشتمانی كوردستانە، لەبەرئەوەی بەستنی ئەم كۆنگرەیە لەم كاتەدا خزمەتێكی زۆر بە دۆزی رەوای گەلی كوردستان دەگەیەنێت بۆ داڕشتنی ستراتیژییەتێكی نەتەوەیی یەكگرتوو بۆ كوردستان ‌و, داڕشتنی كارنامەیەكی گونجاو بۆ ئەم قۆناخەی خەبات لەهەر پارچەیەكی كوردستاندا، بۆ ئەمەش پێویستە رەچاوی تایبەتمەندی پارچەكانی كوردستان بكرێت و, پێویستە هەموو لایەكمان لەم پێناوەدا كاربكەین ‌و دوای نەخەین و بیكەین بە چەترێكی نەتەوەیی و لەوێوە بە یەكدەنگی كار بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستان بكەین, لەبەرئەوەی تاكە چارەسەری پرسی كورد دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستانە‌ و, بێ‌ دامەزراندنی دەوڵەت بۆ گەلی كوردستان زۆر زەحمەتە رۆژهەڵاتی ناڤین هێمنی ‌و ئارامی بەخۆیەوە ببینێت.

 ئێمە له‌ یه‌كێتی نه‌ته‌وه‌یی دیموكراتی كوردستان YNDK وەك هەمیشە و جارێکى دیکە پشتیوانی خۆمان بۆ خەبات و تێكۆشانی نەتەوەكەمان لەهەموو بەشەكانی كوردستان (باکوور و باشوورو رۆژهەڵات و رۆژئاوا) دووپات دەکەینەوە، به‌تایبه‌ت له‌م كاته‌دا بۆ ده‌سته‌به‌ر كردنى مافه‌كانى نەتەوەکەمان له‌ رۆژئاوای كوردستان و به‌ئاكام گه‌يشتنى هه‌نگاوه‌كانى پرۆسەى ئاشتى له‌ باكوورى كوردستان پشتیوانى خۆمان رادەگەیەنين.

 لەكۆتاییدا جارێكی دی هیوای سەركەوتن بۆ جڤاتى گشتیى KNK دەخوازین و، ئومێد دەکەین گفتوگۆکانی ئه‌م كۆنگره‌یه‌ سه‌ركه‌وتووانه‌ ئامانجی خۆی بپێكی له‌ كۆكردنه‌وه‌مان له‌ ژێر یه‌ك چه‌تری نه‌ته‌وه‌یی كوردستانیدا.

- نه‌مری و سه‌ربه‌رزی بۆ شه‌هیدانی رێی سەرخۆبوون و ئازادی كوردستان.

- مردن و روو ره‌شی بۆ دوژمنان و داگیركه‌رانی كوردستان.

- بێته‌ دی كوردستانێكی سه‌ربه‌خۆ و ئازاد و یه‌كگرتوو دیموكرات.

 

 

مه‌كته‌بی سیاسيی

یه‌كێتی نه‌ته‌وه‌یی دیموكراتی كوردستان YNDK

24 / 5 / 2025