Print this page

شاندێكی مه‌كته‌بی سیاسییYNDK سه‌ردانی بزووتنه‌وه‌ی دیموكراتی گه‌لی كوردستان ده‌كات

كانون1/ديسمبر 26, 2023

میدیا- هه‌ولێر :

  شاندێكی مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كێتی نه‌ته‌وه‌یی دیموكراتی كوردستانYNDK؛ سه‌ردانی بزووتنه‌وه‌ی دیموكراتی گه‌لی كوردستان له ‌هه‌ولێر ده‌كات، سەبارەت به‌ شه‌شه‌م كۆنگره‌یYNDK و  رەوشی سیاسی كوردستان و عێراق و ناوچه‌كه‌ گفتوگۆیان كرد .

 سه‌ر له‌ به‌یانی رۆژی سێشەممە رێكه‌وتی 26-12-2023، شاندێكی مه‌كته‌بی سیاسیی یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستانYNDK كە پێكهاتبوو لە هەڤاڵان (د. شاخەوان خالید کارگێڕى مەکتەبى سیاسى و د.عه‌بدوڵڵا عه‌دۆ ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی و فاخیر نانه‌كه‌لی ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی و به‌رپرسی هه‌رێمی هه‌ولێر و جه‌لال سمایل کارگێڕى مەکتەبى ناوەندى پەیوەندییەکانىYNDK)، سەردانی بزووتنه‌وه‌ی دیموكراتی گه‌لی كوردستان -یان لە شاری هەولێر كرد و بەگەرمی لەلایەن بەڕێزان ( مام خدر سكرتێری بزووتنه‌وه‌ و خه‌لیل مه‌حموود و نه‌هرۆ عاڵڵایی و نه‌ژاد عه‌لی ئه‌ندامانی مه‌كته‌بی سیاسی و سالار محه‌مه‌د ئه‌ندامی مه‌كته‌بی په‌یوه‌ندییه‌كان ) پێشوازییان لێكرا.

 سه‌ره‌تا کارگێڕى مەکتەبى سیاسىYNDK تیشكی خسته‌ سه‌ر شه‌شه‌م كۆنگره‌یYNDK كه‌سه‌ركه‌وتووانه‌ كۆتایی هات، له‌ به‌رامبه‌ردا به‌ڕێز (مام خدر سكرتێری بزووتنه‌وه‌ی دیموكراتی گه‌لی كوردستان) پیرۆزبایی سه‌ركه‌وتنی كۆنگره‌ی لێكردن. هه‌روه‌ها له‌لایه‌ن هه‌ردوو شاند گفتوگۆ ده‌رباره‌ی رەوشی سیاسی و دواپێشڤەچوون و پێشهات و گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە و جیهان و چەند پرسێکى دیکە كرا، جەختكرایەوە سەر ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان له‌كاتی دیاركراو و یەكڕیزی و یەكدەنگی تەواوی هێز و لایەنە سیاسى و پێكهاتەكان و هاوهەڵوێستی لایه‌نه‌كان و جه‌ماوه‌ر بە فاكتەری سەرەكی پاراستن و چەسپاندنی دەستكەوتەكان و به‌دەستهێنانی زیاتری مافەكانی گەلی كوردستانه‌، هەر لە دیدارەكەدا هەردوولا هاوڕا بوون کەوا ناوەندى سیاسى کوردستان پەرش و بڵاوەو پێویستى بە رێکخستنەوە هەیە، بۆ ئەم مەبەستەش پێویستە هەموو لایەنە سیاسییەکان بەیەکەوە هاوکاربن بۆ كۆده‌نگی و هاوهه‌ڵوێستی نیشتمانی هه‌بێت، له‌پێناو به‌دیهێنانی مافه‌كانی گه‌لی كوردستان و چاككردنی ژیان و گوزه‌رانی فه‌رمانبه‌ران و مامۆستایان و خزمه‌تكردنی زیاتری خه‌ڵكی كوردستان به‌تایبه‌ت خانه‌واده‌ی شه‌هیدانی سه‌ربه‌رزی كوردستان.

لەدوا تەوەری دیدارەكەشدا جەختكرایەوە سەر پتەوكردنی پەیوەندی برایانەی نێوان هەردوولا لەپێناو زیاتر خزمەتكردن و پێشڤەبردنی دۆزی رەوای گەلی كوردستان.