Print this page

غەفوور مەخموورى لە پەیامێکیدا بۆ هەشتەمین کۆنگرەى حزبى دیموکراتى بێت نەهرێن: پێویستە هەموو لایەکمان کار بۆ زیاتر قوڵکردنەوەى گیانى برایەتى و پێکەوەژیان بکەین

كانون1/ديسمبر 07, 2023

میدیا - هەولێر :

 غەفوور مەخموورى سکرتێرى گشتیى یەکێتى نەتەوەیى دیموکراتى کوردستان YNDK پەیامێکى پیرۆزبایى ئاراستەى بەڕێز رۆمیۆ هەکارى سکرتێرى گشتیى حزبى دیموکراتى بێت نەهرێن و ئەندامانی هەشتەمین كۆنگرەى حزبەکەیان  کردووەو بەبۆنەى بەستنى هەشتەمین کۆنگرەى حزبى دیموکراتى بێت نەهرێن و پیرۆزبایى لێکردوون و هیواى سەرکەوتنى بۆ خواستوون، هەر لە پەیامەکەیدا مەخموورى جەختیکردۆتەوە سەر یەکڕیزى و یەکدەنگى لایەنە سیاسییەکانى کوردستان بۆ کارکردن لەپێناو پاراستنى دەستکەوتەکانى گەلى کوردستان و زیاتر قوڵکردنەوەى گیانى برایەتى و پێکەوەژیان لە کوردستاندا. ئەمەش دەقى پەیامەکەیە:

 

 براى بەڕێزو خۆشەویستم کاک رۆمیۆ هەکارى سکرتێرى گشتیى حزبى دیموکراتى بێت نەهرێن

 بەڕێزان لێژنەی ئامادەكاری هەشتەمین كۆنگرەی حیزبی دیموكراتی بێت نەهرێن

 بەڕێزان ئەندامانی هەشتەمین كۆنگرەی حیزبی دیموكراتی بێت نەهرێن

 

  سڵاوێکى برایانەى گەرم ...

 بەڕێزان، بەناوی خۆمان و مەكتەبی سیاسی و ئەندامانی كۆمیتەی سەركردایەتی و تەواوی هەڤاڵانی یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK ، بەبۆنەی بەستنی هەشتەمین كۆنگرەی حیزبە تێكۆشەرەكەتان حیزبی دیموكراتی بێت نەهرێن جوانترین پیرۆزبایی ئاراستەی ئێوەی ئازیزو خۆشەویست دەكەین و، هیوای سەركەوتن بۆ كۆنگرەكەتان دەخوازین و ئومێد دەكەین ئەم كۆنگرەیەتان ببێتە فاكتەری پێشڤەچوون و خاڵی وەرچەرخان و سەركەوتنی زیاتر لەپێناو خزمەتكردنی دۆزی رەوای گەلى کوردستان بە تەواوى پێکهاتەکانییەوە.

 بەڕێزان ئەندامانى کۆنگرە ... كۆنگرەكەتان لە كاتێكدا دەبەسترێت كە كوردستان و رۆژهەڵاتی ناڤین بەشێوەیەكی گشتیی لە رەوشێكی زۆر ناسك و هەستیاردان و چاوەڕوانی هاتنە پێشی زۆر ئەگەرو پێشهات دەكرێت، بۆ پێشوازیکردن لە ئەگەرو پێشهاتەکان لەسەر هەموو لایەكمان پێویستە كار بۆ یەكڕیزی و یەکدەنگى بكەین، بۆئەوەی وەك ژمارەیەكی بەهێزی نێو هاوكێشە سیاسییەكانی ناوچەكە بوونی كاریگەری خۆمان بسەلمێنین و، كار بۆ وەدەستهێنانی مافە نەتەوەییەكانمان بكەین.

 خوشکان ... برایان ... ئێمەى کوردستانى بە تەواوى پێکهاتە نەتەوەییەکانمانەوە لە رابردوودا رۆڵێکى کارامان هەبووە لە بنیاتنانى شارستانییەتى میزۆپۆتامیا، لە ئێستاشدا بەشدارى پێکهاتە نەتەوەیى و ئاینییەکانى کوردستان لە پرۆسەى سیاسیى کوردستاندا وێنەیەکى جوانى سەردەمییانە نیشاندەدات، بەشدارى (کلدان و سریان و ئاشوورى) لە پرۆسەى سیاسى و دەزگاو دامەزراوەکانى کوردستان، وێنەیەکى جوانى سەردەمییانەیە، پێویستە ئەو خوشک و برایانەمان گوزارشت لە ویست و خواستى پێکهاتەکانیان بکەن و لە هەڵبژاردنى نوێنەرەکان خاوەن ئیرادەو بڕیارى خۆیان بن، کوردستان وەک مێرگێک بۆتە شوێنى هەموو رەنگ و روانینێک، بۆتە مێرگى پێکەوەژیان، ئەمەش وایکردووە، هەموو لایەکمان شانازى بەو پێکەوەژیانەى کوردستان بکەین، بێگومان ئەگەر بوارى زیاترمان بۆ بڕەخسێت دەتوانین لە ئێستاو داهاتوودا رۆڵێکى کاراتر بگێڕین لە بینیاتنانى کۆمەڵگایەکى سەردەمیانەو مۆدێرن لە رۆژهەڵاتى ناڤیندا، بۆیە پێویستە لەم پێناوەدا هەموو لایەکمان کار بۆ زیاتر قوڵکردنەوەى گیانى برایەتى و پێکەوەژیان بکەین.

 لەكۆتاییدا دووبارە هیوای سەركەوتن بۆ كۆنگرەكەتان دەخوازین و، جەختدەكەینەوە سەر پتەوكردن و پێشڤەبردنی پەیوەندی برایانەی نێوانمان لەپێناو زیاتر خزمەتكردن و پێشڤەبردنی دۆزی رەوای گەلی كوردستان بە تەواوى پێکهاتەکانییەوە بۆ گەیشتنمان بە مافە رەواكانمان.

هەمیشە تەندروست و شادو سەرکەوتووبن.

 

 

براى دڵسۆزتان

غەفوور مەخموورى

سکرتێرى گشتیى

یەکێتى نەتەوەیى دیموکراتى کوردستان YNDK

7 / 12 / 2023