Print this page

سكرتێری گشتیی YNDK پێشوازى لە شاندى باڵاى پارتى دیموکراتى گەلان HDP دەكات

تشرين1/أكتوير 07, 2023

 غەفوور مەخموورى : پێویستە گرژى و ناکۆکى نێوان لایەنە سیاسییەکانى کوردستان لەسەر بنەماى دیالۆگ و لەیەکترگەیشتن چارەسەربکرێن

 

 ئەبرۆ گوناى وتەبێژى فەرمى HDP : ئامانجمان کارکردنە بۆ یەکڕیزى و یەکدەنگى نێوان لایەنە سیاسییەکانى کوردستان

 

  میدیا - هەولێر :

 پێشنیوەڕۆى ئەمڕۆ ٧ / ١٠ / ٢٠٢٣، سكرتێری گشتیی YNDK پێشوازی لە شاندى باڵاى پارتى دیموکراتى گەلان HDP كردو، لەدیدارەكەدا باسیان لە رەوشی سیاسى كوردستان و یەکێتى نەتەوەیى و یەکڕیزى گەلى کوردستان كرد.

 پێشنیوەڕۆى ئەمڕۆ شەممە، غەفوور مەخمووری سكرتێری گشتیی یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK لە بارەگای مەكتەبی سیاسیی YNDK لە شاری هەولێر، بەئامادەبوونى هەڤاڵان (د. شاخەوان خالید کارگێڕى مەکتەبى سیاسى و قەهار مەخموورى ئەندامى مەکتەبى سیاسى و شاکر هاشم ئەندامى کۆمیتەى سەرکردایەتى و جەلال سمایل و ئەرسەلان کاروانى ئەندامانى مەکتەبى ناوەندى پەیوەندییەکانى YNDK) پێشوازیانكرد لە شاندى باڵاى پارتى دیموکراتى گەلان HDP کە پێکهاتبوو لە بەڕێزان (ئەبرۆ گوناى وتەبێژى فەرمى HDP و سومەیە بۆز و وەزیر پارلەک پەرلەمانتارانى پارتى چەپى سەوز لە پەرلەمانى تورکیا و ناهیدە ئارمیش بەرپرسى پەیوەندییەکانى HDP)، لەدیدارەكەدا وتەبێژى فەرمى HDP ئامانجى سەردانەکەیانى بۆ باشوورى کوردستان خستەڕوو وتى : ئامانجى ئێمە وەکو شاندى HDP و پارتى چەپى سەوز YSP لە سەردانمان بۆ باشوورى کوردستان بانگهێشتکردنى لایەنە سیاسییەکان و کەسایەتییە کوردستانییەکانە بۆ کۆنگرەى پارتى چەپى سەوز YSP ، هەروەها ئامانجمانە لایەنە سیاسییەکان دوورکەوتنەوە لە گرژى و ناکۆکییەکان و راوێژێکى نەتەوەیى لەم رووەوە بێنینە ئارا و کاربکەین بۆ یەکڕیزى و یەکدەنگى نێوان لایەنە سیاسییەکان)، هەروەها وتى: (هاتووین کەوا بە فەرمى بانگهێشتتان بکەین بۆ کۆنگرەى YSP) .

 سکرتێرى گشتیى YNDK وێڕاى بەخێرهاتنکردنى شاندى میوان دەستخۆشى ئەو سەردان و دەستپێشخەرییەى لە شاندى HDP کردو هیواى سەرکەوتنى بۆ خواستن و وتى : (ئێمە وەکو YNDK ئەو هەنگاوەى HDP بەرز دەنرخێنین و هیواى سەرکەوتن بۆ کۆنگرەکەتان دەخوازین و ئامادەى هەر هاوکارى و پشتیوانییەکین.  هەروەها وتى: ئێمە وەک YNDK باوەڕمان وایە کەوا پێویستە گرژى و ناکۆکى نێوان لایەنە سیاسییەکانى کوردستان لەسەر بنەماى دیالۆگ و لەیەکترگەیشتن چارەسەربکرێن، لەبەرئەوەى ناکۆکى و دووبەرەکى جگە لە ماڵوێرانى سوودێکى دیکەى نییە و لە ئەنجامدا بە سوودى دوژمن و زیانى گەلى کوردستان تەواو دەبێت، بۆیە پێویستە هەموو لایەکمان هەوڵى یەکڕیزى و لەهەڤهاتن بدەین.)، هەروەها مەخموورى وتى : (مانەوەو پێشڤەچوون و سەرکەوتنمان بەندە بە یەکڕیزى و یەکدەنگى و هاوهەڵوێستیمان، بۆیە پێویستە هەموو لایەکمان لەم پێناوەدا کاربکەین، بۆئەمەش پێویستیمان بە مامەڵەیەکى تەندروست و یەکسانە لەگەڵ یەکتردا.).

 مەخموورى ئەوەشى خستەڕوو کەوا پێویستە هەموو لایەک رەچاوى تایبەتمەندى باشوورى کوردستان بکەن و، وتى : (باشوورى کوردستان لە رەوشێکى ناسک و هەستیاردایە، پێویستە هەموو لایەنە سیاسییەکان و بە تایبەت لایەنە سیاسییەکانى بەشەکانى دیکەى کوردستان رەچاوى بارودۆخى باشوورى کوردستان بکەن و پاراستنى بە ئەرکێکى نەتەوەیى و نیشتمانى بزانن.).

  هەر لە دیدارەکەدا تیشک خرایە سەر هێرشەکانى ئەم دواییەى رژێمى داگیرکەرى تورکیا بۆ سەر رۆژئاواى کوردستان و هەردوو لا ئەو هێرشانەى تورکیایان بۆ سەر رۆژئاواى کوردستان ئیدانەو شەرمەزارکرد، لە تەوەرێکى دیکەى دیدارەکەدا باس لە رەوشی سیاسی هەر چوار بەشى كوردستان و دواپێشڤەچوون و پێشهات و گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە كراو، جەختكرایەوە سەر یەكڕیزی و یەكدەنگی گەلی كوردستان بە تەواوی هێز و لایەنە سیاسى و پێكهاتەكانییەوە بۆ پێشوازیكردن لەو ئەگەرو پێشهات و گۆڕانكارییانەی كە لەسەر ئاستی ناوچەكەدا دێنە پێشەوە و یەكێتی و یەكدەنگی و هاوهەڵوێستی لەو گۆڕانكارییانەدا بە فاكتەری سەرەكی پاراستن و چەسپاندنی دەسكەوتەكان و وەدەستهێنانی زیاتری مافەكانی گەلی كوردستان و هەڵوەشاندنەوەى پیلانى داگیرکەران وەسفكرا, لە دیدارەكەدا وتەبێژى فەرمى HDP سوپاس و پێزانینی خۆیانی بە سكرتێری گشتی و سەركردایەتیی YNDK راگەیاند سەبارەت بە هەڵوێستەكانی YNDK لە پرسە نەتەوەیى و نیشتمانییەكاندا، هەر لە دیدارەکەدا وتەبێژى فەرمى HDP بانگهێشتنامەى فەرمى YSP ى پێشکەش سکرتێرى گشتیى YNDK کرد بۆ ئەوەى لە کۆنگرەى YSP بەشداربێت، کەوا بڕیارە رۆژى ١٥ ى ئەم مانگە لە ئەنقەرە بەڕێوەبچێت.

 لەدوا تەوەری دیدارەكەشدا، جەختكرایەوە سەر پتەوكردنی پەیوەندی نێوان هەردوولا لەپێناو زیاتر خزمەتكردن و پێشڤەبردنی دۆزی رەوای گەلی كوردستان