Print this page

شاندێکى باڵاى YNDK سەردانى پارتى بونیادى دیموکراتى کوردستان دەكات

آب/أغسطس 22, 2023

میدیا - هەولێر :

 ئێوارەى ئەمڕۆ 22 / 8 / 2023، شاندێکى باڵاى YNDK سەردانی پارتى بونیادى دیموکراتى کوردستان-یان كردو، لەدیدارەكەدا باسيان لە رەوشی سیاسی كوردستان و پتەوكردنی پەیوەندی نێوان هەردوولا كرد.

 ئێوارەى ئەمڕۆ سێشەممە، شاندێکى باڵاى یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK کە پێکهاتبوو لە هەڤاڵان (غەفوور مەخمووری سكرتێری گشتیی YNDK ، د. شاخەوان خالید کارگێڕى مەکتەبى سیاسى و شاکر هاشم ساڵح ئەندامى کۆمیتەى سەرکردایەتى و فاخیر نانەکەلى کارگێڕى مەکتەبى ناوەندى پەیوەندییەکانى YNDK) سەردانی بارەگای پارتى بونیادى دیموکراتى کوردستان-یان كردو، بەگەرمی لەلایەن بەڕێزان (شێخ عەبدوڵڵا حەسەن و سامى ستار سورچى ئەندامانى دەستەى سەرۆکایەتى و حازم محەممەد گەردى و عەبولغەفوور حەمەد و نەوزاد ئەحمەد باڵەکى و عەبدولواحید سورچى ئەندامانى کۆمیتەى سەرکردایەتیى پارت)ەوە پێشوازیكران، لە دیدارێکى برایانەدا سەبارەت بە رەوشی سیاسی كوردستان و دوا پێشهات و گۆڕانكارییەكانی ناوچەكەو زیاتر لێكنزیكبوونەوەی لایەنە سیاسییەكانی كوردستان گفتوگۆیان كردو، جەختیانكردەوە سەر یەكڕیزی و یەكدەنگی لایەنەسیاسییەکان لەو گۆڕانكارییانەی كە دێنە پێشەوەو یەكێتی و یەكدەنگی لایەنە سیاسییە کوردستانییەکانیان لەو گۆڕانكارییانەدا بە فاكتەری سەرەكی پاراستن و چەسپاندنى  مافەكانی گەلی كوردستان وەسفكرد، لەم پێناوەشدا رێکخستنەوەى ناوەندى سیاسى کوردستان و پێکهێنانى چەترێکى هاوبەش بۆ ئەوەى هەموو لایەنە سیاسییەکانى کوردستان لەژێریدا کۆببنەوە وەک چارەسەرییەک بۆ یەکێتى و یەکڕیزى گەلى کوردستان باسى لێوەکرا، هەروەها باسى لەوە کرا کەوا پاراستنى قەوارەى باشوورى کوردستان ئەرکى نیشتمانى و نەتەوەیى و ئەخلاقى هەموو لایەنە سیاسییەکانى کوردستانە.

 هەر لە دیدارەکەدا سەرکردایەتیى پارتى بونیادى دیموکراتى کوردستان، سوپاس و پێزانینی خۆیان بە سكرتێری گشتی و سەركردایەتیی YNDK بەرامبەر ئەو سەردانەو هەڵوێستە نەتەوەیی و نیشتمانییەكانی YNDK سەبارەت بەپرسە نیشتمانییەكان راگەیاند و، جەختیانکردەوە سەر یەکڕیزى و بەیەکەوە کارکردنى هێزو لایەنە سیاسییەکانى کوردستان لەپێناو زیاتر خزمەتکردنى گەلى کوردستان.

  شایانى باسە لە تەوەرى دیدارەدا هەردوو لا جه‌ختیانكرده‌وه‌ سه‌ر پتەوکردنى پەیوەندی برایانەی نێوانیان لەپێناو زیاتر خزمەتكردنی دۆزی رەوای گەلی كوردستان.