Print this page

ژماره‌ی قوربانیانی خۆپیشاندانه‌كانی عێراق ئاشكرا ده‌كرێ

تشرين1/أكتوير 26, 2019

ئاژانسه‌كان
سەرچاوە ئاگادارەكان و شایەتحالەكان، بەرەنجامی قوربانیانی خۆپیشاندانەكان ئاشكرادەكەن و ڕایدەگەیەننن، ژمارەی قوربانییەكان بۆ 40 كوژراو لە خۆپیشاندەران لە بەغدا و پارێزگەكانی ناوەڕاست و باشوور بەرزبووەتەوە.

ئەمڕۆژ شەممە، سەرچاوەكان بە میدیاكانی عیراقیان ڕاگەیاندووە”لانی كەم 40 خۆپیشاندەر بەدەستی هێزە ئەمنییەكان و گروپە چەكدارەكانی لە خۆپیشاندانەكانی دوینێ‌ هەینی لە بەغدا و كەربەلا و بابل و میسان و زیقار و بەسرە و واست و دیوانیە كوژراون”.

بە وتەی ئەو سەرچاوانە”ژمارەی بریندارەكان زیاترە لە دوو هەزار بریندار كە گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەكان، بەڵام بەو پێیەی زۆرێك لە بریندارەكان لە شوێنی خۆپیشاندانەكاندا فریاكەوتنی خیێرایان بۆكراوە، بەبێ‌ ئەوەی ڕەوانەی نەخۆشخانەكان بكرێن، ژمارەی بریندارەكان لەوە زیاتر مەزەندە دەكرێت”.

سەرچاوەكان دەڵێن”لە پارێزگەی میسان شەش خۆپیشاندەر و ئەفسەرێكی دەزگای هەواڵگری نیشتمانی و سەركردەیەكی عەسائیبی ئەهلی حەق لەكاتی پێكداهەڵپژان لەگەڵ خۆپیشاندەراندا كوژراون”.

هەر بەپێی هەمان ئەو سەرچاوانە”نۆ خۆپیشاندەر لە زیقار لە ڕووبەڕووبوونەوەیان لەگەڵ عەسائیبی ئەهلی حەق كوژراون و لە بەسرەش سێ‌ خۆپیشاندەر و لە بابل خۆپیشاندەرێك و لە موسەنناش خۆپیشاندەرێك كوژراون”.

سەرچاوەكان، ئاماژەیان بە كوژرانی 12 خۆپیشاندەر كردووە لە دیوانیە، ئەمەش لەدوای پێكداهەڵپژانیان لەگەڵ ڕێكخراوی بەدر.

سه‌رچاوه‌: خەڵك- بەشی هەواڵ