Print this page

لیستی هاوپەیمانی كوردستانی لە كۆمیسیۆن تۆماركرا

تشرين1/أكتوير 25, 2019

ئاژانسه‌كان

لیستی هاوپەیمانی كوردستانی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراق لە كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن تۆماركرا، كە بڕیارە یەكی نیسانی ساڵی داهاتوو بەرێوەبچێت، 30 لایەنی كوردی، توركمان و عەرەبی لە لیستەكەدا بەشدارن و كاندیدەكانیش بەپێی ئاستی حزبەكان یەكلایی كراونەتەوە.

لایەنەكان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراق كە بڕیارە رۆژی 1ی نیسانی داهاتوو بەڕێوەبچێت لە شەش پارێزگا (نەینەوا، كەركووك، دیالە، سەڵاحەددین، بەغدا و كوت) پێكەوە بە یەك لیست دادەبەزن، هەموو لایەنەكانیش پێكەوە پەیماننامەیەكیان ئیمزا كردووە بەوەی كە هیچ لایەنێك دواتر لە لیستەكە دوور نەكەوێتەوە یان هیچ جووڵەیەك دژبە لیستەكە نەكرێت.
دابەشكردنی كاندیدەكان لە نێوان لایەنەكان یەكلایی بووەتەوە و بەپێی سەنگی لایەنەكان لەو پارێزگایانە ریزبەندی كاندیدەكان دانراوە.
پارێزەر وریا محەمەد، ڕێپێدراوی گشتی لیستی هاوپەیمانیی كوردستان لە بەغدا راگەیاند:" قەوارەی هاوپەیمانیی كوردستانی لە كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق تۆمار دەكرێت بۆ بەشداریكردن لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراق كە بڕیارە یەكی نیسانی ساڵی داهاتوو بەرێوەبچێت.
لەلایەكی دیكەوە عەبدولڕەحمان مستەفا، سەرۆكی لیستی هاوپەیمانی كوردستانی رایگەیاند:" وردەكارییەكانی لیستەكە و ناوی كاندیدەكان یەكلایی كراوەتەوە، بۆ كاتی بانگەشەی هەڵبژاردنیش هەموو حزبە بەشداربووەكان بانگەشە بۆ لیستەكە دەكەن و لەنێو لیستەكەش دەتوانن بانگەشە بۆ كاندیدی خۆیان بكەن".

سه‌رچاوه‌: مالپه‌ری هه‌ولێر