میدیا - هەولێر :
پێشنیوەڕۆى ئەمڕۆ ٢٦ / ٣ / ٢٠٢٣، سكرتێری گشتیی YNDK پێشوازی لە سەرۆکى هاوپەیمانیى نیشتمانى كردو، لەدیدارەكەدا باسیان لە رەوشی سیاسى كوردستان و هەڵبژاردنەکانى داهاتووى پەرلەمانى کوردستان.
پێشنیوەڕۆى ئەمڕۆ یەکشەممە، غەفوور مەخمووری سكرتێری گشتیی یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK لە بارەگای مەكتەبی سیاسیی YNDK لە شاری هەولێر، بەئامادەبوونى هەڤاڵان (د. شاخەوان خالید کارگێڕى مەکتەبى سیاسى و قەهار تاهیر سەعید ئەندامى مەکتەبى سیاسى و شاکر هاشم ئەندامى کۆمیتەى سەرکردایەتى و فاخیر نانەکەلى کارگێڕى مەکتەبى ناوەندى پەیوەندییەکانى YNDK) پێشوازیانكرد لە شاندى باڵاى هاوپەیمانیى نیشتمانى کە پێکهاتبوو لە بەڕێزان (ئارام قادر سەرۆکى هاوپەیمانیى نیشتمانى و، د. نەوزاد خۆشناو بەرپرسى دەڤەرى هەولێر و هجران جوکل جێگرى بەرپرسى دەڤەرى هەولێر)، لەدیدارەكەدا سەبارەت بە رەوشى سیاسیى کوردستان گفتوگۆ کرا و هەردوولا پێیان وابوو کەوا پێویستە لایەنە سیاسییەکان و دوورکەونەوە لە گرژى و ناکۆکییەکان و راوێژێکى نەتەوەیى لەم رووەوە بێننە ئارا و کاربکەن بۆ یەکڕیزى و یەکدەنگى نێوان لایەنە سیاسییەکان، بۆئەوەى هەموو لایەک پێکەوە بتوانین پارێزگارى لە دامەزراوەکانى کوردستان بکەین و پێشیانبخەین .
سکرتێرى گشتیى YNDK لە دیدارەکەدا وتى: ئێمە وەک YNDK باوەڕمان وایە کەوا پێویستە گرژى و ناکۆکى نێوان لایەنە سیاسییەکانى کوردستان لەسەر بنەماى دیالۆگ و لەیەکترگەیشتن چارەسەربکرێن، لەبەرئەوەى ناکۆکى و دووبەرەکى جگە لە ماڵوێرانى سوودێکى دیکەى نییە و لە ئەنجامدا بە سوودى دوژمن و زیانى گەلى کوردستان تەواو دەبێت، بۆیە پێویستە هەموو لایەکمان هەوڵى یەکڕیزى و لەهەڤهاتن بدەین، هەروەها مەخموورى وتى : (مانەوەو پێشڤەچوون و سەرکەوتنمان بەندە بە یەکڕیزى و یەکدەنگى و هاوهەڵوێستیمان، بۆیە پێویستە هەموو لایەکمان لەم پێناوەدا کاربکەین، بۆئەمەش پێویستیمان بە مامەڵەیەکى تەندروست و یەکسانە لەگەڵ یەکتردا.).
مەخموورى ئەوەشى خستەڕوو کەوا پێویستە هەموو لایەک رەچاوى تایبەتمەندى باشوورى کوردستان بکەن و، وتى : (باشوورى کوردستان لە رەوشێکى ناسک و هەستیاردایە، پێویستە هەموو لایەنە سیاسییەکان رەچاوى بارودۆخى باشوورى کوردستان بکەن و پاراستنى بە ئەرکێکى نەتەوەیى و نیشتمانى بزانن.).
لە تەوەرێکى دیکەى دیدارەکەدا سەبارەت بە هەڵبژاردنەکانى داهاتووى پەرلەمان کوردستان گفتوگۆیانکرد و، هەردوو لا هاوڕا بوون کەوا چیتر هەڵبژاردن دوا نەخرێت لەکاتى خۆیدا ئەنجامبدرێت و، هەروەها جەختیان لەوە کردەوە کەوا پێویستە پرۆسەى هەڵبژاردن بە پاکى و روونى و بێ ساختەکارى بەڕێوەبچێت.
لەدوا تەوەری دیدارەكەشدا، جەختكرایەوە سەر پتەوكردنی پەیوەندی برایانەی نێوان هەردوولا لەپێناو زیاتر خزمەتكردن و پێشڤەبردنی دۆزی رەوای گەلی كوردستان.