Print this page

په‌رله‌مانی ئه‌وروپا داوا له‌توركیا ده‌كات له‌رۆژئاوای كوردستان بكشێته‌وه‌

تشرين1/أكتوير 25, 2019

ئاژانسه‌كان

پەرلەمانی ئەوروپا داوا دەكات ڤیزا بەو بەرپرسانەی توركیا نەدرێت كە پێشێلكاری مافی مرۆڤیان كردووە. هەروەها داوا لە ئەنجومەنی ئەوروپا دەكات سزا بەسەر توركیادا بسەپێنێت و داوا لە توركیاش دەكات سوپاكەی لە ڕۆژئاوای كوردستان بكشێنێتەوە.

پەرلەمانی ئەوروپا ئەمڕۆ پێنج شەممە 24/10/2019 لە برۆكسل كۆبووەوە و بەشێكی سەرەكی كۆبوونەوەكە تایبەت بوو بە پرسی هێرشی توركیا بۆ ڕۆژئاوای كوردستان.

لە كۆبوونەوەكەدا پەرلەمانتارانی یەكێتی ئەوروپا پڕۆژە بڕیارێكیان پەسندكرد و تێیدا ئاماژە بەوەكراوە، “ئۆپراسیۆنەكەی توركیا لە باكووری ڕۆژهەڵاتی سوریا پێشێلكارییەكی جددی یاسای نێودەوڵەتییە و زیان بە سەقامگیری و ئاسایشی ناوچەكە دەگەیەنێت و دەبێت توركیا سوپاكەی لەو ناوچەیەی بكشێنێتەوە”.

پەرلەمانتارانی ئەوروپا پلانەكانی توركیایان بۆ دروستكردنی ئەو ناوچە ئارام ڕەتكردەوە كە خۆی باسیدەكات و نیگەرانیشیان دەربڕی كە دەكرێت ڕێككەوتنی نێوان توركیا و ئەمریكا لەبارەی ئاگربەستی كاتییەوە شەرعیەت بداتە كۆنتڕۆڵكردنی ئەو “ناوچە ئارامە” لە لایەن توركیاوە.

پەرلەمانی ئەوروپا هاوسۆزی خۆی بۆ گەلی كورد پیشاندا و جەختی لە ڕۆڵی گرنگی “هەسەدە” لە شەڕی دژی داعشدا كردەوە. هەروەها نیگەرانی قووڵی خۆیان دەربڕی لەو ڕاپۆرتانەی باس لەوە دەكەن كە سەدان زیندانی داعش لە كامپەكانی باكووری ڕۆژهەڵاتی سوریا هەڵاتوون، ئەوەش لەكاتی ئۆپراسیۆنەكەی توركیادا.

پەرلەمانتارانی یەكێتی ئەوروپا ڕەخنەی تووندیان لە سەرۆك كۆماری توركیاش گرت بەوەی كە كۆچبەران وەك چەكێك بەكاردەهێنێت بۆ بێدەنگكردنی یەكێتیی ئەوروپا. داوایان لە ئەنجومەنی ئەوروپا كرد هەندێك سزا و قەدەغەی ڤیزە بەسەر ئەو بەرپرسانی توركیادا بسەپێنێت كە پێشێلكاری مافەكانی مرۆڤیان كردووە و هەروەها بیر لە سزای ئابووریش دژی توركیا بكاتەوە.

ئەوان پێشنیازی ئەوەشیان كرد كە بیر لە بژاردەی وەستاندنی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە بواری بەرهەمە كشتوكاڵییەكان بكرێتەوە و وەك دوایین هەنگاویش ڕەچاوی وەستاندنی یەكێتی گومرگی یەكێتی ئەوروپا- توركیا بكرێت.

سه‌رچاوه‌ : خەڵك – بەشی هەواڵ