Print this page

به‌رز و شكۆدار بێت یادی(32)ساڵه‌ی راپه‌ڕینی شاری هه‌ولێر

آذار/مارس 10, 2023

- كەس و كاری شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەكانی كوردستان.

-خەڵكی بەئەمەك و دڵسۆز و نیشتمانپەروەری هەولێری پایته‌خت.

 (32) ساڵ به‌ر له ‌ئه‌مڕۆ لە رۆژی 11/3/1991 جه‌ماوه‌ری شاری هه‌ولێر به‌پاڵپشتی هێزی پێشمەرگەی كوردستان و سەرجەم پێكهاته‌كان بەرامبەر رژێمی بەعسی دیكتاتۆر، یەك دەنگ و یەك دەست راپەڕین، سەرباری دڕندەیی و دیكتاتۆری رژێمی بەعس، بەڵام یەكڕیزی خەڵكی كوردستان و لایەنە سیاسییەكان لە ژێر چەتری بەرەی كوردستانی و گیان فیدایی هێزی پێشمەرگەی كوردستان و ئیڕادەی لەبن نەهاتووی جەماوەری شاری هەولێر، توانرا لە ماوەیەكی كورتدا دەزگا داپلۆسێنەرەكانی به‌عس لەناوببردرێن و تەواوی هه‌ولێری پایته‌خت ئازاد بكرێت.

رۆژی سەركەوتنی مەزنی خەڵكی راپەڕیوی شاری هەولێر هاوكاته‌، لەگەڵ یادی رێككەوتننامەی (11)ی ئاداری ساڵی (1970) كە حكومەتی ئەوسای عێراق دانینا بە مافه‌ رەواكانی خەڵكی كوردستان، به‌ڵام پاشان لێی پاشگه‌زبۆوه‌.

 ئێمە له‌وكاته‌دا یادی سەركەوتنەكانی راپەڕین و رزگاری شاری هه‌ولێر و باشووری كوردستان دەكەینەوە، كوردستان و عێراق و ناچه‌وكه‌ و جیهان به‌قۆناغێكی هه‌ستیاردا تێپه‌ڕ ده‌بێت، به‌تایبه‌ت ده‌وڵه‌تانی داگیركه‌ر و دوژمنانی گه‌له‌كه‌مان به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك دژایه‌تی ئه‌زموونه‌كه‌مان ده‌كه‌ن، له‌به‌ر ئه‌وه‌ پێویسته‌ سه‌رجه‌م هێز و لایه‌نه‌كان به‌گیانێكی به‌رپرسیارییانه‌ هه‌وڵی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی نێوانیان له‌سه‌ر مێزی گفتوگۆ بده‌ن و یه‌كریزی و یه‌كگرتوویی پێكه‌وه‌ژیانی باشووری كوردستان بپارێزن، به‌مه‌ش رۆحی شه‌هیدانی راپه‌ڕین و سه‌رجه‌م شه‌هیدانی رێی ئازادی و سه‌ربه‌خۆیی كوردستان ئاسووده‌ ده‌بێت.

له‌و یاده‌ مه‌زن و شكۆداره‌دا سه‌ری رێز و نه‌وازش بۆ سه‌رجه‌م شه‌هیدان داده‌نوێنین و داوا له‌سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم و په‌رله‌مان و حكومه‌تی كوردستان ده‌كه‌ین، ژیان و بژێوی خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگەكان و فه‌رمانبه‌ر و مامۆستا و خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌ت و مووچه‌خۆرانی شاری هه‌ولێر و باشووری كوردستان به‌گشتی باشتر بكه‌ن.

- سڵاو بۆ گیانی پاكی شەهیدانی كوردستان، بە تایبەت شەهیدانی ڕاپەڕین و شەهیدانی رزگاری شاری هەولێری خۆشەویست.

- بێته‌دی كوردستانێكی سه‌ربه‌خۆ و ئازاد و یه‌كگرتوو دیموكرات.

 

 

                                 هه‌رێمی هه‌ولێر

یه‌كێتی نه‌ته‌وه‌یی دیموكراتی كوردستانYNDK

11ی ئاداری 2023ی زایینی