Print this page

پێشمه‌رگه‌ ئاماده‌كاری بۆ كۆنترۆلكردنه‌وه‌ی ناوچه‌ جێناكۆكان ده‌كات

تشرين1/أكتوير 24, 2019

ئاژانسه‌كان

بڕیارە سبەینێ‌ خۆپیشاندانی فراوان لە بەغدا بكرێت و دواتر شارەكانی دیكەی باشور و ناوەڕاستی عیراق بگرێتەوە و لەوانەیە حكومەت و سەرۆكایەتییەكانی عیراقیش لاببرێن و بەهۆیەوە بۆشایی ئەمنی دروست ببێت، بۆیە پێشمەرگە ئامادەكاری دەكات بۆ گەڕانەوە و كۆنترۆڵكردنەوەی جارێكی دیكەی ناوچەكانی جێناكۆك.

ماڵپەڕی”الغدپرێس” لە سەرچاوەیەكی هەواڵگرییەوە بڵاویكردووەتەوە، هێزە كوردییەكان ئامادەكاری دەكەن لەگەڵ گەرمبوونی خۆپیشاندانەكانی بەغدادا بەرەو ناوچەكانی جێناكۆك بجوڵێن و كۆنتڕۆڵیان بكەنەوە.

سەرچاوەكە، كە ئاماژە بە ناوەكەی نەكراوە، باسی لەوەكردووە، مەبەستی جوڵانەكەی پێشمەرگە بە پلەی یەكەم كۆنتڕۆڵكردنەوەی ناوچەكانی جێناكۆكە لە كەركوك.

بەپێی زانیارییەكان وادەی جوڵانی هێزە كوردییەكان شەوی شەممە و یەك شەممەی هەفتەی داهاتوو دەبێت.

(خەڵك) لە سەرچاوەیەكی ئاگادار لە وەزارەتی پێشمەرگە ئەوەی زانیووە، ئەو دەنگۆیەی لەوبارەوە بڵاوكراوەتەوە دوورە لە ڕاستییەوە، بەڵام پێشمەرگە ئامادەكاری كردووە بۆ هەموو حاڵەتێكی لەناكاو.

بەپێی زانیارییەكان، تائێستا هیچ بڕیارێك بۆ جوڵانی پێشمەرگە نییە، بەڵام لە حاڵەتی دروستبوونی بۆشایی ئەمنی و نەمانی كۆنترۆڵی هێزەكانی عیراقدا هاوشێوەی ساڵی 2014، پێشمەرگە دەگەڕێتەوە بۆ ناوچەكانی جێناكۆك.

سەرچاوەكەی وەزارەتی پێشمەرگە ڕونیكردەوە، ئەوان لەگەڵ هێزەكانی عیراقدا هەماهەنگیان هەیە و بڕیاروایە ئۆپەراسیۆنی هاوبەش بكەن.

لە ناوەڕاستی مانگی حوزەیرانی 2014 دا، زۆربەی ناوچەكانی ناوەڕاست لەلایەن داعشەوە كۆنترۆڵكران و پێشمەرگەش چووە ناوچەكانی جێناكۆك و زۆربەی گرتەوە، بەڵام بەهۆی ڕووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017ەوە جارێكی دیكە كەوتنەوە دەستی حكومەتی عیراق.

سه‌رچاوه‌/ مالپه‌ری خەڵك- بەشی هەواڵ