Print this page

*سکرتێرى گشتیى YNDK ساڵیادی دامەزراندنی پارتى رەنجدەرانى کوردستان پیرۆز دەكات*

شباط/فبراير 05, 2023

میدیا - هەولێر :
 سەرلەبەیانی ئەمڕۆ 5 / 2 / 2023، سكرتێری گشتیی YNDK سەردانی مەکتەبى سیاسیى پارتى رەنجدەرانى کوردستانى كردو، (28)ەمین ساڵیادی دامەزراندنی پیرۆزكردن و هیوای پێشڤەچوون و سەركەوتنی زیاتری بۆ خواستن.
 سەرلەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، غەفوور مەخمووری سكرتێری گشتیی یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK ، سەردانی بارەگای مەکتەبى سیاسیى پارتى رەنجدەرانى کوردستان-یان كردو، بەگەرمی لەلایەن بەڕێزان (باپیر کامەلا سلێمان سکرتیرى گشتیى و ئه‌ندامانی مه‌كته‌بی سیاسی و سه‌ركردایه‌تیی پارتى رەنجدەرانى کوردستان)ەوە پێشوازیكران، لەسەردانەكەدا سكرتێری گشتیى YNDK بەبۆنەی (28)ەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتى رەنجدەرانى کوردستان پیرۆزبایی خۆی و سەركردایەتی YNDK ی بە بەڕێزان سکرتێرى گشتى و مەکتەبى سیاسى و سەركردایەتی پارتى رەنجدەرانى کوردستان راگەیاندو، هیوای پێشڤەچوون و گەشەكردنى زیاتر و سەركەوتنی بۆ خواستن.
 لە تەوەرێکى دیکەى دیدارەکەدا باس لە رەوشی سیاسی كوردستان و دوا پێشهات و گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە و زیاتر لێكنزیكبوونەوەی لایەنە سیاسییەكانی كوردستان كراو، جەختكرایەوە سەر یەكڕیزی و یەكدەنگی كوردان لەو گۆڕانكارییانەی كە دێنە پێشەوەو یەكێتی و یەكدەنگی كوردان لەو گۆڕانكارییانەدا بە فاكتەری سەرەكی وەدەستهێنانی مافەكانی گەلی كوردستان وەسفكرا، لەم پێناوەشدا رێکخستنەوەى ناوەندى سیاسى کوردستان و پێکهێنانى چەترێکى هاوبەش بۆ ئەوەى هەموو لایەنە سیاسییەکانى کوردستان لەژێریدا کۆببنەوە وەک چارەسەرییەک بۆ یەکێتى و یەکڕیزى گەلى کوردستان باسى لێوەکرا.
 هەر لە دیدارەکەدا سكرتێرى گشتى و مەکتەبى سیاسى پارتى رەنجدەرانى کوردستان سوپاس و پێزانینی خۆیان بە سكرتێری گشتی و سەركردایەتیی YNDK بەرامبەر ئەو سەردانەو هەڵوێستە نەتەوەیی و نیشتمانییەكانی YNDK سەبارەت بەپرسە نەتەوەییەكان راگەیاند.
 لە دوا تەوەرى لەدیدارەکەشدا جه‌ختكرایه‌وه‌ سه‌ر پەیوەندی برایانەی نێوان هەردوولا و، چۆنیەتی پتەوكردن و پێشخستنی ئەو پەیوەندییانە لەپێناو زیاتر خزمەتكردنی دۆزی رەوای گەلی كوردستان باسیان لێوه‌ كرا.