Print this page

سكرتێری گشتیی YNDK ساڵیادی دامەزراندنی پارتى رەنجدەرانى کوردستان پیرۆز دەكات

شباط/فبراير 01, 2023
میدیا - هەولێر :
غەفوور مەخموورى سکرتێرى گشتیى یەکێتى نەتەوەیى دیموکراتى کوردستان YNDK پەیامێکى پیرۆزبایى ئاراستەى بەڕێز باپیر کامەلا سكرتێری گشتیی پارتى رەنجدەرانى کوردستان کرد و، بەبۆنەى 28 بیست و هەشتەمین ساڵیادى دامەزراندنى پارتەکەیانەوە و، پیرۆزبایى لێکردن و هیواى سەرکەوتن و پێشڤەچوونى بۆ خواستن، ئەمەش دەقى پەیامەکەیە:
برای بەڕێزمان كاك باپیر کامەلا سكرتێری گشتیی پارتى رەنجدەرانى کوردستان
سڵاوێكی برایانەى گەرم ...
بەناوی خۆمان و مەكتەبی سیاسی و كۆمیتەی سەركردایەتیی یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK ، بەبۆنەی (28) بیست و هەشتەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتە تێكۆشەرەكەتان (پارتى رەنجدەرانى کوردستان)، جوانترین پیرۆزبایی ئاراستەی بەڕێزتان و بەڕێزان ئەندامانى سەركردایەتی و مەکتەبى سیاسى و تەواوى ئەندامانى پارتە تێكۆشەرەكەتان دەكەین و هیوای سەركەوتن و پێشڤەچوونى زیاترتان بۆ دەخوازین.
بێگومان لەكاتێكدا كە یادی دامەزراندنی (پارتى رەنجدەرانى کوردستان) دەكەنەوە كوردستان و ناوچەكە لە رەوشێكی زۆر ناسك و هەستیاردان، ناوەندى سیاسیى کوردستانیش پەرش و بڵاوە، ئەم رەوشە لە هەموو لایەکمان دەخوازێت کەوا یەکدەنگ و یەکڕیزو هاوهەڵوێست بین، بۆیە پێویستە لەم پێناوەدا ئێمەى حزب و لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان زیاتر هاوکارو پشتیوانى یەکدی بین و، بە رۆڵى نەتەوەیى و نیشتمانى خۆمان رابین و، کاربکەین بۆ رێکخستنەوەى ناوەندى سیاسیى کوردستان و، یەکڕیزى و یەکدەنگى هێزو لایەنە سیاسییەکانى کوردستان، لەبەرئەوەى تەنها یەکڕیزى و یەکدەنگیمان زامنى پێشڤەچوون و سەرکەوتنمان و پێشڤەبردنی دۆزى رەواى گەلى کوردستان و هینانەدی مافە رەواکانمانە.
هەر لەم بۆنەیەدا جەختدەكەینەوە سەر پتەوكردنی پەیوەندی هاوخەباتی و برایانەی نێوانمان لە پێناو زیاتر خزمەتكردن و پێشڤەبردنی دۆزى رەوای گەلی كوردستان و هێنانەدی مافە رەواکانی.
لەگەڵ رێزى دووبارەماندا .
هەر بژین و شادو سەركەوتووبن.
براتان
غەفوور مەخمووری
سكرتێری گشتیی
یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK
1 / 2 / 2023