میدیا - هەولێر:
بەڕێز مستەفا هیجرى بەرپرسى ناوەندى بەڕێوەبەرى گشتیی حیزبى دێموکراتى کوردستانى ئێران، لە وەڵامى پەیامى پیرۆزبایى سکرتێرى گشتیى YNDK بەبۆنەى یەکگرتنەوەى ریزەکانى حیزبى دێموکراتى کوردستانى ئێران بۆ بەڕیزیان، سوپاسنامەیەکى ئاراستەى غەفوور مەخمورى سکرتێرى گشتیى یەکێتى نەتەوەیى دیموکراتى کوردستان YNDK کردووە، ئەمەش دەقى سوپاسنامەکەیە :
بەڕێز کاک غەفوور مەخموورى سکرتێرى گشتیى یەکێتى نەتەوەیى دیموکراتى کوردستان
وێڕاى سڵاوێکى دۆستانە ...
بە شانازییەوە، برووسکەى پیرۆزبایى و پەیامى دەربڕینى خۆشحاڵى و پاڵپشتیتان بە بۆنەى بە ئاکام گەیشتنى یەکگرتنەوەى ریزەکانى حیزبى دێموکرات بە دەستمان گەیشت.
بەم بۆنەیەوە، بە ناوى حیزبى دێموکراتى کوردستانى ئێرانەوە سوپاسى هەستى هاوخەباتى و پاڵپشتیتان بۆ سەرکەوتنى ئەو پرۆسەیە دەکەین و وێڕاى بایەخدان بە پەیام و ناوەڕۆکى برووسکەى پیرۆزباییەکەتان، رادەگەیەنین حیزبەکەمان بەردەوام دەبێ لە هەستکردن بە بەرپرسیارێتیى نەتەوەیى، مێژوویى و سیاسیى خۆى و بە جەختکردنەوە لەسەر پرەنسیپە دێموکراتیک و مرۆییەکانى، هەنگاوى جیدیتر بۆ تۆکمەترکردنى ریزەکانى خەبات بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانى بزووتنەوە رەواکەمان هەڵدەگرێت و گرنگییەکى تایبەت بە پێوەندیى دۆستانەو هاوخەباتى لەگەڵ ئێوەو هەموو دۆستان، دڵسۆزان و تێکۆشەرانى رێگاى ئازادى دەدات.
لەگەڵ رێزو سوپاسى دووبارە.
مستەفا هیجرى
بەرپرسى ناوەندى بەڕێوەبەرى گشتی
حیزبى دیموکراتى کوردستانى ئێران
17 / 6 / 1401 ى هەتاوى
8 / 9 / 2022 ى زايينى