پێشنیوەڕۆى ئەمڕۆ ٤ / ٩ / ٢٠٢٢، سكرتێری گشتیی YNDK پێشوازی لە شاندى پارتى نەتەوەیى کوردستان كردو، لەدیدارەكەدا باسیان لە رەوشی سیاسی كوردستان و دواپێشهات و گۆڕانكارييهكانى ناوچەكە كرد.
پێشنیوەڕۆى ئەمڕۆ یەکشەممە، غەفوور مەخمووری سكرتێری گشتیی یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK لە بارەگای مەكتەبی سیاسیی YNDK لە شاری هەولێر بە ئامادەبوونى هەڤاڵان (قەهار تاهیر سەعید ئەندامى مەکتەبى سیاسى و شاکر هاشم ئەندامى کۆمیتەى سەرکردایەتى و فاخیر نانەکەلى کارگێڕى مەکتەبى ناوەندى پەیوەندییەکانى YNDK) پێشوازیكرد لە شاندى پارتى نەتەوەیى کوردستان كە پێكهاتبوو لە بەڕێزان: (جەبار میرزارۆستەمى سکرتیرى پارت و خدر بڵباس و فایەق قادر ئەندامانى مەکتەبى سیاسیى پارت و مەبەست خدر ئەندامى سەرکردایەتیى پارت)، لەدیدارەکەدا باس لە رەوشی سیاسی كوردستان و دواپێشڤەچوون و پێشهات و گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە و زیاتر لێكنزیكبوونەوەی لایەنە سیاسییەكانی كوردستان كراو، جەختكرایەوە سەر یەكڕیزی و یەكدەنگی كوردان لەو گۆڕانكارییانەی كە دێنە پێشەوەو یەكێتی و یەكدەنگی كوردان لەو گۆڕانكارییانەدا بەفاكتەری سەرەكی سهركهوتنى گەلی كوردستان وەسفكرا، هەر لەدیدارەكەدا هەردوو لا هاوڕابوون کەوا پێویستە هەموو لایەنە سیاسییەکانى کوردستان رەچاوى بارودۆخ و تایبەتمەندى باشوورى کوردستان بکەن و پارێزگارى لێبکەن.
لە تەوەرێکى دیکەى دیدارەکەدا سەبارەت بە زیاتر لەیەکدى نزیکبوونەوەى لایەنە نەتەوەییەکانى کوردستان گفتوگۆ کراو هەردوو لا هاوڕا بوون کەوا پێویستە لایەنە نەتەوەیى و سەربەخۆییخوازەکان زیاتر لەیەکدى نزیکببنەوە.
لەدوا تەوەری دیدارەكەشدا، جەختكرایەوە سەر پتەوكردنی پەیوەندی برایانەی نێوان هەردوولا لەپێناو زیاتر خزمەتكردن و پێشڤەبردنی دۆزی رەوای گەلی كوردستان.