Print this page

نوقڵە عوسمان: ئابووری سەربەخۆ پەیوەندی هەیە بە ئازادی تاکەوە

كانون1/ديسمبر 21, 2019

کچە دیزاینەر نوقڵە عوسمان، تەمەنی ٢٧ ساڵە و دیزاینەری جل و بەرگە لە گفتوگۆیەکی هەولێردا دەڵێت: "خاوەن براندی خۆمم و خۆم کارەکانم بەڕێوەدەبەم، زۆر بێ ھیوا کرام، بەڵام پشوو درێژ بووم، سوور بووم لەسەر توانای خۆم تا بە ئامانج گەیشتم".

نەمتوانی لەو بەشە بخوێنم کە حەزم لێی بوو
هەولێر: چۆن بیرت لەوە کردەوە ببیت بە دیزاینەرو ئەم پیشەیە هەڵبژێریت؟
نوقڵە عوسمان: بڕیارو خەونی منداڵیم بوو ببم بە دیزاینەر، وە براندی تایبەت بە خۆمم ھەبێت. مەرج نییە ھەموومان ببین بە دکتۆر و ئەندازیار، کاتێک لە خوێندنی زانکۆ ئەو بەشەی حەزم لێ بوو نەمتوانی بەدەستی بهێنم بڕیارمدا ببم بە دیزانەر، چونکە وەک باسم کرد خەونی منداڵیم بوو، دڵنیا بووم دەتوانم لەم بوارەدا سەرکەوتووبم.
سەرەتا تەنها چینێکی دیاری کراوی کۆمەڵگە کارەکانیان دەکڕیم
هەولێر: پێشوازی خەڵک چۆن بوو بۆ دەستپێکی کارەکانت؟
نوقڵە عوسمان: ئەوکاتەی من دەستم بە ئیش کرد، بە شێوازێکی باش پشوازیم لێ کرا، بەڵام کارەکەم کەمێک نامۆ بوو، تەنھا چینێکی دیاری کراوی کۆمەڵگە کارەکانیان دەکڕیم.
هەولێر: خێزانەکەت تا چەند ھاوکارت بوو؟ بۆ ئەم کارە ڕۆڵی خێزان بۆ ھاندانی کچان تا چەند گرنگە؟
نوقڵە عوسمان: سەرەڕای قورسی کارەکەم، قسەی کۆمەڵگە، خێزانەکەم ھانیان دەدام کە دەبێت بەردەوام بم و نەوەستم، گوێ بە بەرپەرچدانەوەکانی خەڵک نەدەم چونکە هەمیشە هەوڵی وەستاندن بۆ هەموو کارێک هەر هەیە، ھۆکاری بەردەوامیم خیزانەکەم بوو، بە تایبەت باوکم.
كچ و کوڕ بێ جیاوازی گرنگە خاوەنی ئابووری سەربەخۆی خۆیان بن
هەولێر: ئەم کارەت توانیویەتی ئابووری سەربەخۆی خۆت بۆ دابین بکات؟
نوقڵە عوسمان: بەڵێ من چوار ساڵە کارەکە مسەربەخۆیە و توانیومە خاوەن ئابووری خۆم بم.
هەولێر: پێت وایە ئابووری سەربەخۆ ڕۆڵی ھەیە لە ئازادی کچاندا؟
نوقڵە عوسمان: بە بڕوای من، کچ بیت یاخود کوڕ، دەبێت کاری سەربەخۆی خۆی ھەبێت،
بۆ ئەوەی بتوانێت لایەنی مادیی ژیانی خۆی دابین بکات و ئازاد بێت هیچ نەبێت لە بەشێکی ژیانی خۆی.
هەولێر: چیت ھەیە بۆ کچان بۆ ئەوەی ببنە خاوەن کاری خۆیان؟
نوقڵە عوسمان: ئەمڕۆ پێویستە ھەموو گەنجێک ھەوڵبدات خۆی کاری سەربەخۆی خۆی هەبێت، چاوەڕێی ئەوە نەبێت کەسێک کاری بۆ بدۆزێتەوە، پێویستە گەنج خۆی هەوڵەکانی بخاتە گەڕ بۆ دۆزینەوەی کاری دڵخوازی خۆی.
بەهۆی کارەکەمەوە هاوکاری خێزانەکەشم دەبم
هەولێر: ئابووری سەربەخۆ چی بە تۆ بەخشی؟
نوقڵە عوسمان: بێجگە لە پێگەیاندنی خۆم یارمەتیدام هاوکاری خیزانەکەشم بم.
هەولێر: خەونەکانت ئاوا دەمێنیتەوە یان پلانت ھەیە بۆ داھاتوو؟
نوقڵە عوسمان: دوای چوار ساڵ کارکردن، ئیستا ئامادەکاری دەکەم بۆ براندی تایبەت بە خۆم و کردنەوەی شوێنێکی تایبەت بە کارەکانم.
هەولێر: توشی ئاستنەگ بویتەوە بە هۆی پیشەکەتەوە؟
نوقڵە عوسمان: بەڵی و زۆر بێ ھیوا کرام، بەڵام پشوو درێژ بووم، سوور بووم لەسەر توانای خۆم و هەوڵەکانم، وازم نەھێنا ئێستا خاوەنی براندی مۆمۆم.

سه‌رچاوه‌: مالپه‌ری هه‌ولێر