رۆژنامەی میدیا

Share this on Faceook

Follow us on Twitter

   هه‌ولێر          دهۆك       سلێمانی
FacebookTwitterGoogle BookmarksPinterest
Pin It

Facebook

Twitter

Google Plus

YouTube



 یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK بناسە

*ناو:
یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستانYNDK
*ئایدیۆژیا یان ئاراستەی فیكری YNDK:
هەڵگری ئایدۆلۆژیای نەتەوەییە.
(یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK): رێكخراوێكی نەتەوەیی سیاسی جەماوەری‌و یەكێتییەكی ئارەزوومەندانەیە بۆ تێكۆشەران‌و نیشتمانپەروەرانی كوردستان، كە هاوبیری‌و هاوخەباتی لەپێناو سەربەخۆیی كوردستان‌و یەكێتی خاكەكەی‌و ئازادی گەلەكەی بەپێی رێڕەوێكی زانستییانەی هاوشانی خەباتی دیموكراتییانەی سەرچاوە گرتوو لەمافی چارەنووسی گەلان‌و مافەكانی مرۆڤدا كۆیان دەكاتەوە.
*دروشمی YNDK :
كوردستانێكی سەربەخۆ و ئازاد و یەكگرتوو و دیموكرات
* ئاڵاو ئارمی YNDK :
*ئاڵا: ئاڵای كوردستان ئاڵای YNDK دەبێت.
*ئارم: ئارمی YNDK بریتییە لە ئەستێرەیەكی چوارلا، رۆژێك، نەخشەی كوردستان لەسەر یەك لەسەر پارچە قوماشێكی سپی.
*مێژووی دامەزراندنی YNDK:
لە 21 / 3 / 1995 دامەزراوە.
*كۆنگرەكانی YNDK:
YNDK تا ئێستا پێنج كۆنگرەی بەستاوە, بەم شێوەیە:
1- كۆنگرەی یەكەمی لە رۆژانی 17-19/ 3 / 1995 لە عەنكاوە- هەولێر بەستووە.
2- كۆنگرەی دووەمی لە رۆژانی 5-7/ 5 / 1996 لە شارۆچكەی شەقڵاوە بەستووە.
3- كۆنگرەی سێیەمی لە رۆژانی 10-12/ 1/ 1999 لەشاری هەولێر بەستووە.
4- كۆنگرەی چوارەمی لەرۆژانی 10-11/2/2002 لەشاری هەولێر بەستووە.
5- كۆنگرەی پێنجەمی لە رۆژانی 12 -13/12/2012 لە شاری هەولێر بەستووە.
*ئامانجە سەرەكییەكانی YNDK:
1-سەربەخۆیی و یەكگرتنەوەی كوردستان و رزگار كردنی لە هەموو دەسەڵاتێكی داگیركەر.
2-دامەزراندنی دەوڵەتێكی كوردی یەكگرتوو كە لەبریاری سیاسی و سیستمی ئابووریدا خاوەنی سەربەخۆیی خۆی بێت.
3-چەسپاندنی بنەماكانی ئازادی و دیموكراتیەت و دادپەروەری و سەروەری یاسا.
4-رەخساندنی هەل و مەرج بەشێوەیەكی یەكسان لەبەردەم هاووڵاتیانی كوردستاندا بێ‌ گوێدانە ئینتمایی نەتەوەیی و مەزهەبی.
5-دابینكردنی هەموو مافێكی شەرعی، سیاسی و ئیداری و رۆشنبیری بۆ نەتەوەكانی تری سەر خاكی كوردستان.
6-خەبات دەكەین بۆ گەڕانەوەی خاكی كوردستانی سۆری بندەستی ئەرمێنیا و ئازربایجان بۆ سەر خاكی كوردستان.
7- جیاكردنەوەی دەسەڵاتەكانی یاسادانان و راپەراندن و دادوەری لەیەكتری.
8- بەكردەیی كردنی دۆزی ڕەوای كورد بە دۆزێكی جیهانی.
9- دیاریكردنی ستراتیژێكی یەكگرتوو لەنێو باڵە سیاسییەكانی كوردستاندا.
10-نەهێشنی ئەو زاراوانەی كە مانای لكاندنی كوردستان بەوڵاتانی داگیركەر دەبەخشن و قەدەغە كردنیان لە بەركاهێنانیان لەنێوان هەڤاڵان و راهێنانی تاكەكانی كورد لەسەر بەكار نەهێنانیان.
11- داڕشتنی دەستوورێكی تایبەت بە كوردستان و خستنەڕووی بۆ ئەوەی گفتوگۆی جەماوەری و راپرسی لەسەر بكرێت.
12-دابینكردن و بەرز كردنەوەی ئاستی بژێوی گەلی كوردستان و بەكارهێنانی داهاتەكانی حكومەتی باشووری كوردستان بۆ ئەم مەبەستە.
13-دابین كردنی ئاسایش و ئارامی بۆ گەلی كوردستان
14-كار كردن بۆ بەستنی كۆنگرەیەكی نەتەوەیی سەرتاسەری كە تەواوی باڵە سیاسییەكانی كوردستان تیادا بەشداری بن.
15- هەوڵدان بۆ جێ‌ بەجێ‌ كردنی ئەو بڕیارە نێودەوڵەتییانەی كە هەل و مەرجی تایبەتی باشووری كوردستان لەبەرچاو دەگرن.
16- هەوڵدان بۆ پێكهێنانی بەرەیەكی سیاسی كوردستانی یەكگرتوو.
17-بەرەنگار بووەنەوەی هەموو هەوڵ و پیلانەكانی رژێمە داگیركەرەكانی كوردستان بۆ بەعەرەبكردن و بەفارسكردنی و بەتورككردن و سڕێنەوەی مۆركی نەتەوەییمان.
*سەركردایەتی و هەیكەلی ئێستای YNDK:
سكرتێری گشتیی YNDK:
غەفوور مەخمووری سكرتێری گشتیی YNDK
دەسەڵاتەكانی سكرتێری گشتی:
1ـ بەرپرسیار یەكەمی (YNDK) ەو بەرپرسیارە لە چۆنیەتی بەرەو پێشەوەبردنی خەبات و چارەسەر كردنی هەر گرفتێك كە دیتە پێش (YNDK).
2-دوا واژۆ (تصدیق) ی هەر پرۆتۆكۆل و رێككەوتنامەیەك لەسەر ئاستی ناوخۆیی و ناوچەیی و نێودەوڵەتیشدا بۆ ئەو دەمێنێتەوە و لێی بەرپرسیارە.
3ـ هەر لێدوانێكی رەسمی كەناوی (YNDK) ەوە بدرێ‌ لەهەر مەسەلەیەكدا راستەخۆ بۆ ئەو دەمێنێتەوە و لێی بەرپرسیارە.
4ـ سەرپەرشتی تەواوی كۆبوونەوەكانی مەكتبەی سیاسی و كۆمێتەی سەركردایەتی دەكات.
5ـ لە كاتی بەرامبەی دەنگەكاندا سكرتێری گشتی لەهەر لایەك بێت ئەو لایە دەیباتەوە.
*هەیكەلی سەركردایەتی YNDK و ئەركەكانیان:
سەركردایەتی (YNDK) لەدەسەڵاتە هەڵسووڕێنەرە باڵاكانی (YNDK) ە، بۆ ماوەی نێوان دوو كۆنگرە لە سكرتێری گشتی و (8) هەشت ئەندامی هەمیشەیی و (2) دوو ئەندامی یەدەگ پێكدێت و ئەم كارانەش جێبەجێدەكات.
*ئەركەكانی:
اـ ئەو راسپاردە و و بڕیارانەی كە كۆنگرە دەری دەكات جێ‌ بەجێی دەكات و بەشێوەیەكی راستەوخۆیش لێپرسراوە لە ئەنجامدانی.
2ـ دیاریكردنی هەڵویستی (YNDK) بەپێی بنەمای سیاسی كۆنگرە .
3ـ بڕیاردان لەسەر هەیكەلی رێكخستنی (YNDK) و پیگەیاندنی كادیران و پێشخستنیان.
4ـ دیاری كردنی پەیماننامەی بەرەیی لەگەڵ حیزبەكاندا بەپێی بڕیارەكانی كۆنگرە.
5ـ هەڵبژاردنی ئەندامانی مەكتەبی سیاسی(YNDK).
* مەكتەبی سیاسی:
لە چوار ئەندام و سكرتێری گشتی پێكدێت: ئەركەكانی.
1ـ جێبەجێكردنی بڕیارەكانی كۆنگرەو كۆمێتەی سەركردایەتی .
2ـ سەرپەرشتیكردن و بەدواداچوونی رێكخستن.
3ـ ئامادەكردن و پێشكەشكردنی راپۆرتی دەوری بۆ كۆبوونەوەكانی كۆمێتەی سەركردایەتی
*مەكتەبە ناوەندییەكان:
1-مەكتەبی ناوەندی راگەیاندن
2-مەكتەبی ناوەندی رێكخستن
3-مەكتەبی ناوەندی پەیوەندییەكان
4-مەكتەبی ناوەندی دارایی
*هەیكەلی رێكخستنی YNDK و ئەركەكانیان:
هەرەمی رێكخستن (YNDK) لە خوارەوە بۆ سەرەوە بەم شێوەیە پێكدێت:
یەكەم: شانە
خانەسەرەكییەكانی رێكخستنی (YNDK)ە لەسەر بنچینەی شوێنی كار و دانیشتن دادەمەزرێ‌, سنووری كارەكانی خۆی لەمانە دەگرێتەوە:
1ـ سیاسەتی (YNDK) بڵاو دەكاتەوەو جەماوەر جۆش دەدات.
2ـ رێكخستنی جەماوەر وراوێژكردنیان بەپێی بڕیارەكانی (YNDK) و ئامانجەكانی (YNDK) شیان پێبناسێنێ‌.
3ـ گرنگیدان بەڕای جەماوەرو هەوڵدان بۆ چارەسەركردنی گیرو گرفتەكانیان.
4ـ بڵاوكردنەوەی ئەدەبیات وبڵاوكراوەكانی(YNDK).
5ـ كۆبوونەوەی هەفتانە خۆی ئەنجام بدات و دانیشتنەكان بەرز بكاتەوەو دارایی خۆی بەلێژنە لێپرسراوەكان بگەیەنێت.
6ـ گفتوگۆ لەگەڵ ئەوانەدا بكات كە داوای بوونە ئەندام دەكەن و متمانەیان پێبدات و بیان پاڵێوێ‌.
7ـ هەر ئەندامێك لە شانە لێپرسراوە لە چالاكییەكانی شانەی خۆی بەهاوكاریكردن لەگەڵ ئەندامانی تردا.
8ـ هەر شانەیەك لە (3 _ 5) ئەندام پێكدێت ولێپرسراوێكی دەبێت.
دووەم:پۆڵ
لە )3_5) شانە پێكدێت و لێپرسراوێتی دەدرێتە دەست ئەندامێكی رێكخراو، بەرپرسیشە كە هەفتانە راپۆرت بۆ رێكخراو بەرزبكاتەوە.
سێیەم: رێكخراو
لە هەر گوند یا گەڕەكێك لە (3) ئەندام (2) یەدەگ پێكدێت و سەرپرشتی (3 _ 5) پۆڵ دەكات و لێپرسراوێتی دەدرێتە دەست ئەندامێكی ناوچەو بەرپرسیشە كە (10) رۆژ جارێك راپۆرت بۆ ناوچە بەرز بكاتەوە.
چوارەم: ناوچە
لەهەر ناوچەیەك یا شارۆچكەیەك یا قەزایەكدا لیژنەیەكی رێكخستن لە (3) كارگێڕ و (2) ئەندام پێكدێت و چالاكییەكانیشی لە سنووری دەسەڵاتی خۆیدا ئەنجام دەدات. لێپرسراویشە بەرامبەر هەرێم و راپۆرتەكانی (15) رۆژ جارێك بۆ هەرێم بەرز دەكاتەوە.
پێنجەم:هەرێم
لەسەر ئاستی پارێزگایەك لە (4) كارگێڕو (2) ئەندام پێكدێت( بەڕەچاو كردنی چڕی دانیشتوان و فراوانی ناوچەیەكی جوگرافی پێكدێت)
بەپێی سنووری بەڕێوەبردنی دەسەڵاتی باڵای YNDKەو لێپرسراوە بەرامبەر بە مەكتەبی ناوەندی رێكخستن و لێپرسراوێتی هەرێمیش دەدرێتە دەست ئەندامێكی كۆمێتەی سەركردایەتی. ئەمانەش جێبەجێدەكات:
1ـ سەركردایەتیكردنی چالاكییەكانی (YNDK) لە بواری سیاسی و رێكخستن و جەماوەری (لە سنووری بەڕێوەبردن و دەسەڵاتی خۆیدا).
2ـ چالاكییەكان بەپێی رەچاوكردنی تایبەتمەندی توانای كەسایەتی بەسەر ئەندامانی دابەش دەكرێت.
3ـ راپۆرتە دەورییەكانی هەر (30) رۆژ جارێك بۆ مەكتەبی ناوەندی رێكخستن بەرز دەكاتەوە.
شەشەم: مەكتەبی ناوەندی رێكخستن: دەزگایەكی ناوەندییە بۆ سەرپەشتیكردنی سەرجەم رێكخستنەكان و لە ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی و سێ‌ ئەندامی كارگێڕ پێكدێت و بەرپرسیاریشە بەرامبەر هەموو دەزگاكانی سەرووی خۆی.
ئەڕك و دەسەڵاتەكانی:
1ـ سەرپەرشتی هەموو رێكخستنەكان دەكات و لێپرسراویشە بەرامبەر تۆكمەیی و گەشە كردنی رێزەكانی رێكخستن و مافی هەر پێشنیارو داواكارییەكی گونجاوی هەیە بۆ ئەم مەبەستە بۆ سەرووی خۆی بەرزبكاتەوە.
2ـ بەڕاگۆڕێنەوە لەگەڵ ئەو بەرپرسی هەرێمەی كە كۆمێتەی سەركردایەتی رایدەسپێرێ بۆی هەیە دەستەی كارگێڕی و ئەندامانی دابنێ‌.
3ـ مافی پێشنیاركردنی هەیە، لە گۆڕینی بەرپرسی هەرێمەكان بە گفتوگۆكردن لەگەڵ كۆمێتەی سەركردایەتی دا.
*رێژەی كۆتای ئافرەت لەسەركردایەتی:
رێژەی كۆتا بۆ ئافرەتان نییە و لەهەموو ستافەكانی YNDK كاردەكەن و دەتوانن بۆ لێپرسراویەتی هەر پۆستێك خۆیان كاندید بكەن.
*سنووری جوگرافی كارو بارەگاكان:
لەهەموو كوردستان كارو چاڵاكی خۆی دەكات .
*بارەگاكان:
بارەگای مەكتەبی سیاسیی YNDK لە شاری هەولێرە.
1- بارەگای هەرێمی هەولێر لە پارێزگای هەولێر
2- بارەگای هەرێمی كەركوك لە پارێزگای كەركوك
3- بارەگای هەرێمی سۆران لە قەزای سۆران
4- بارەگای هەرێمی قەرەچووخ لە قەزای مەخموور
5- لەزۆربەی شارو شارۆچكەو گوندەكانی كوردستان ئەندام و رێكخستنی خۆی هەیە, بەڵام لەبەر كەم توانای دارایی لەهەموو ئەو شوێنانە نەكردۆتەوە.
*رێكخراوە جەماوەرییەكان:
1-بزووتنەوەی ئافرەتانی نەتەوەیی كوردستان BANK
2-یەكێتی خوێندەڤانانی نەتەوەیی كوردستانYXNK
*دەزگاكانی راگەیاندن:
رۆژنامەكان:
1-رۆژنامەی میدیا
2-رۆژنامەی ئازادی قەرەچوغ
3-رۆژنامەی دەنگی مەخموور
4-رۆژنامەی ئاڤێستا
گۆڤارەكان
1-گۆڤاری سەرخۆبوون
2-گۆڤاری قەرەچووغ
رادیۆ:
1-رادیۆی دەنگی مەخموور
*پێگەو رۆڵی YNDK لە پرۆسەی سیاسی
• بەشداری سێ‌ هەڵبژاردنی كردووە
• لەزۆربەی كۆنگرەو كۆنفرانسە سیاسییەكانی ناوخۆو دەرەوەی كوردستان بەشداربووەو روانینی خۆی خستۆتەڕوو.
• لە لیستی سەربەخۆ بەشداری هەڵبژاردنی كردووە لەهەمان كاتدا لەگەڵ پارت و لایەنی تریش بەلیستی هاوبەش بەشداری هەڵبژاردنی كردووە.
• لەهەڵبژاردنی ساڵی 2005 لە پەرلەمانی كوردستان كورسییەكی بەدەستهێناوە.
• پەیوەندییەكی توندو تۆڵی لەگەڵ زۆربەی هەرەزۆری هێزو لایەنە سیاسییەكانی هەر چوار پارچەی كوردستان و كوردانی ئاسیای ناڤین و كوردانی وڵاتانی عەرەبی و نووسەران و رۆشنبیران و رەڤەندی كورد لە دەرەوەی وڵات هەیە.
• كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان: YNDK بۆ خۆئامادەكردنی كوردان لەسەر ئاستی نەتەوەیی و داڕشتنی ستراتیژێكی نەتەوەیی بۆ بزاڤی رزگاریخوازی نیشتمانی كوردستان داواكارە كەوا كۆنگرەیەكی نەتەوەیی سەرتاسەری بۆ تەواوی هێزو لایەنە سیاسییەكانی هەموو بەشەكانی كوردستان ببەسترێت و، بە رەچاوكردنی تایبەتمەندی هەر بەشێكی كوردستان ستراتیژێكی نەتەوەیی یەكگرتوو بۆ قۆناخی داهاتووی خەباتی گەلی كوردستان دابڕێژرێت، ئەمەش بە ئەركی بەپەلەی ئەم قۆناخەی خەبات دەزانێت و، پێیوایە دواخستنی ئەم كارە نەتەوەییە زیانێكی زۆر بە دۆزی رەوای كورد دەگەیەنێت، YNDK لەم پێناوەدا كاری زۆری كردووەو ئامادەی هەر جۆرە هاوكاری و پشتگیرییەك بووە.
* YNDK بەشداری لەحكومەت نەكردووە
YNDKبەشداری حكومەتی كوردستان و عێراقی نەكردووەو, زیاتر وەكو ئۆپۆسیۆن كاری كردووەو توانیویەتی پەنجە لەسەر كەموكوڕییەكان دابنێ‌, لەهەمان كاتدا بەمەبەستی چاكسازی و سیستماتیك كردنی دەزگاو دامەزراوەكانی كوردستان بەرنامەو پرۆژەی دەوڵەمەندی لەهەموو بوارەكان پێشكەش بە دەسەڵات كردووە.
*هەڵوێستی YNDK سەبارەت بە سیاسەتی گشتی باشووری كوردستان .
YNDK پەرلەمان و حكومەتی كوردستان بە دەسكەوتی هەموو خەڵكی كوردستان دەزانێت، بۆیە پاراستنیشی بە ئەڕكی هەموو تاك و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان دەزانێت و، پێیوایە كە دەبێت حكومەتی كوردستان حكومەتی هەموو خەڵكی كوردستان بێت وبە چاوی یەكسان سەیری هەموو لایەك بكات و دوور بێت لە دەستێوەردانی حیزب، YNDK وای دەبینێت كە حكومەتی كوردستان حكومەتێكی بنكە فراوان بێت و رەنگدانەوەی واقیعی سیاسی و نەتەوەیی كوردستان بێت و، بۆ ئەوەی بەهەق ببێتە نوێنەری هەموو چین و توێژەكانی خەڵك, بۆئەمەش پێویستە نوێنەری هەموو لایەنە سیاسییەكان بگرێتەخۆ، هەروەها سیستماتیكردن و بەدامەزراوەییكردنی دەزگاكانی حكومەت بە فاكتەری سەركەوتنی حكومەت دەزانێت.
YNDK وای دەبینێت كە پێویستە دەسەڵاتی كوردستان لە داڕشتنی سیاسەتی گشتیدا راوێژ بەهەموو لایەنەكان بكات، بۆئەوەی سیاسەتێكی نەتەوەیی و نیشتمانی دابڕێژێت و هەموو لایەكیش هەست بە بەرپرسیارێتی بكەن.
*بۆچوونی YNDK سەبارەت بە پەیوەندی حزبەكان لەگەڵ داگیركەرانی كوردستان:
سیاسەتی YNDK ئەوەیە كەوا پەیوەندی لەگەڵا داگیركەرانی كوردستان نەبەستێت و، پێیوایە بۆ پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی دەبێت پەیوەندییەكان لە رێگەی حكومەتی كوردستانەوە بێت نەك حیزبەكان، لەبەرئەوەی پەیوەندی حكومەتەكان دەبێ‌ لەگەڵا حكومەت بێت نەك حیزبەكان.
*بۆچوونی YNDK سەبارەت بە كێشە هەڵواسراوەكانی حكومەتی ئیتحادی:
YNDK پێیوایە حكومەتی ئیتیحادی كار ناكات بۆ چارەسەركردنی كێشە هەڵواسراوەكانی لەگەڵا كوردستان، مێژوویش ئەوەی سەلماندووە كە هیچ دەسەڵاتێكی عەرەبی لە ئێراقدا ئامادە نییە كەركوك و ناوچە بەعەرەبكراوەكانی دیكە بگەڕێنێتەوە سەر كوردستان، بۆیە دەبێت سەركردایەتی كوردستان بیر لە رێگە چارەی دیكە بكاتەوە بۆ ئازادكردنی ئەو ناوچانە تا دەگاتە بەكارهێنانی هێزیش، لەبەرئەوەی ساڵانی رابردوو ئەوەیان سەلماند كە لە رێگەی یاسایی و دەستوورییەوە ئەو ناوچانە ئازاد نابن و ناگەڕێنەوە سەر كوردستان، بۆیە دەبێت خۆمان كار بكەین و ئەو ناوچانە ئازاد بكەین و بیانگەڕێنینەوە باوەشی كوردستان.
*بۆچوونی YNDK سەبارەت بە سیاسەتی گشتی لە عێراق و سیاسەتی دەرەوەی:
بە باوەڕی YNDK ئێراق لەم كاتەدا لە قەیرانێكی گەورەدایەو ئەو عەقلیەتەی ئێستا حوكمی ئێراق دەكات ئێراق بەرەو دكتاتۆرییەت دەبات و، ئەوەش قبوڵناكرێت و ئێراق بەرەو هەڵوەشانەوە دەبات، بۆیە پێویستە سەركردایەتی كوردستان خۆی بۆ ئەو ئەگەرو پێشهاتانە ئامادە بكات كە دێنە پێشەوە، بۆئەوەی سوود لەو دەرفەتە وەربگرێت و سەربەخۆیی كوردستان رابگەیەنێت. ئێستاش لەگەڵا ئەو گۆڕانكارییانەی رۆژهەڵاتی ناڤین كات گونجاوە كە بەو ئاراستەیەدا كاربكەین.
* ئەدرێسی YNDK :
• بارەگای سەرەكی YNDK : هەولێر, شەقامی شەست مەتری, چوارڕیانی ئەلبان, نزیك ئاسایشی گشتی.
• www.yndk.com
ئەم ئیمەیڵە پارێزراوە لە سپام, پێویستە جاڤا سکریپت چالاک بکەیت بۆ بینینی.
ئەم ئیمەیڵە پارێزراوە لە سپام, پێویستە جاڤا سکریپت چالاک بکەیت بۆ بینینی.
• 00964662223675

كۆمێنتت له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌