Print this page

کابینەى نۆیەمى حکومەتى کوردستان خزمەتێکى زۆر و هەنگاونان بەرەو داهاتوویەکى گەش

تموز/يوليو 17, 2022

        نووسینى : غەفوور مەخموورى*

 وتارەکەى بەڕێز کاک مەسرور بارزانى سەرۆکى حکومەتى کوردستان لە سێیەم ساڵیادى پێکهێنانى کابینەى نۆیەمى حکومەتى کوردستاندا؛ شێوازێکى نوێ بوو لە وتاردان، زۆر راشکاوانە ئاستەنگ و ئالنگارییەکانى بەردەم کارەکانى حکومەتى خستەڕوو هەروەها چۆنیەتى کارکردن و بۆ رووبەڕووبوونەوەى ئاستەنگ و ئالنگارییەکانى خستەڕوو، لە هەمان کاتدا راشکاوانە باسى لەو کارو پڕۆژانە کرد کەوا حکومەت بۆ زیاتر خزمەتکردنى خەڵکى کوردستان لە زۆربەى زۆرى سێکتەرەکان ئەنجامى داوە، ئەوەش وەڵامێکى هێمنانە و دروست بوو بۆ هەندێ کەس و لایەن و کەناڵى راگەیاندن کەوا بەردەوام کار لەسەر ئەوەدەکەن و جەماوەر هاندەدەن کەوا حکومەتى کوردستان لە رووى خزمەتگوزارییەوە کەمتەرخەمە، ئەو وتارەى بەڕێز سەرۆکى حکومەتى کوردستان وەڵامێکى گونجاو بوو لە کاتێکى گونجاودا کەوا بەڵێ حکومەت ئەو کارانەى کردووە کەوا لە خزمەتى خەڵکى کوردستاندان.

  تەوەرى دووەمى وتارەکەى کاک مەسرور بارزانى سەرۆکى حکومەتى کوردستان، بریتى بوو لە خستەڕووى بەرنامەو کارنامەى داهاتووى حکومەت بۆ خزمەتکردنى خەڵکى کوردستان، کەوا کارنامەیەکى دەوڵەمەندە و هەوڵێکە بۆ زیاتر خزمەتکردنى خەڵکى و کوردستان و هەنگاونان بەرەو حکومدارییەکى سەردەمیانە و مۆدێرن، کە لە ئاست خواستەکانى خەڵکى کوردستاندا بێت.

  بە باوەڕى من حکومەتى کوردستان لە ماوەى سێ ساڵى رابردوویدا ؛ سەرەڕاى کارى حوکمدارى و پێشکەشکردنى خزمەتگوزارى بۆ خەڵکى کوردستان لە تەواوى بوارەکاندا، چەند کارێکى زۆر گرنگى ئەنجامداون، کە وایانکردووە پێگەى حکومەت بەهێزتر بێت، وەک:

- کارى زۆر جدى ئەنجامداوە بۆ چاکسازى و سیستماتیکردنى حکومەتى کوردستان و رێکخستنەوەو دامەزراندنەوەى دەزگاو دامەزراوەکانى حکومەتى کوردستان، ئەمەش وا دەکات کەوا گەشبین بین بەوەى لە داهاتووى نزیکدا دەبینە خاوەن حکومەتێکى سیستماتیک و تەنکنۆکرات و مۆدێرن.

- حکومەتى کوردستان زۆر لێهاتوووانە مامەڵەى لەگەڵ تەنگژەى ئابوورى کردو توانى خۆى لەسەر پێ رابگرێت و قۆناخە سەختەکان دەرباز بکات ، سەرەڕاى فشارو گەمارۆکانى عێراق و کەمى داهات و دابەزینى نرخى نەوت و بڵاوبوونەوەى نەخۆشى کۆرۆنا، توانى بە بەردەوامى موچەى فەرمانبەران دابین بکات و، سەدان پرۆژەى گرنگیش ئەنجام بدات، دەتوانین بڵێین لەمەیاندا حکومەتى کوردستان پێش زۆر حکومەتى وڵاتانى ناوچەکە کەوت و بە پیادەکردنى سیاسەتێکى دروست رووبەڕووى قەیران و تەنگژەى ئابوورى بۆوە.

- لە رووى دابینکردنى ئاسایش و ئارامى ؛ سەرەڕاى هەڕەشەو دژایەتى و کارى تێکدەرانەى هەندێ لە وڵاتانى ناوچەکەو میلشیا لە یاسا دەرچووەکانى عێراق و تیرۆریستانى داعش لە دژى خەڵکى کوردستان و ئەنجامدانى کارى تێکدەرانەو  چەندین جار موشەکبارانکردنى هەولێر لە ئەو لایەنانەى کەوا باسمانکردن ، بەڵام حکومەتى کوردستان توانى رووبەرووى ئالنگارییە ئەمنییەکان ببێتەوەو کوردستان بپارێزێت، دوا بڕیارى حکومەت لە بوارى ئەمنیدا قەدەخەکردنى هەڵگرتنى چەکە لە لایەن کەسانى نابەرپرس، ئەمەش هەنگاوێکى گرنگە بۆ ئەوەى تاوانکارى لە کوردستاندا کەمتر بێتەوەو چەک تەنها لاى حکومەت بێت و دیاردەى چەکدارى و بازرگانیکردن بە چەک بنبڕ بکرێت.

- لە رووى دیپلۆماسییەوە؛ حکومەتى کوردستان لە سێ ساڵى رابردوودا توانیوویەتى پەرە بە پەیوەندییەکانى لە گەڵ وڵاتانى جیهان و وڵاتانى عەرەبى بدات و پێشیانبخات و بەشدارى چەندان کۆنگرەو کۆنفرانسى نێودەوڵەتى کردووە، ئەو کۆنگرەو کۆنفرانسانەش وێستگەیەک بوون بۆ خورتکردنى پەیوەندییەکان و دروستکردنى پەیوەندى نوێ، ئەگەر لە رابردوودا حکومەتى کوردستان لە ناوەندى عەرەبیدا وەک پێویست ئامادەیى نەبووبێت، ئەوا لە سێ ساڵى رابردوودا توانراوە ئەوە راستبکرێتەوەو پەیوەندى کوردستان و زۆر لە وڵاتانى عەرەبى خورتتر بکرێن، سەرەڕاى ئەمانە بە لەبەر چاوگرتنى بەرژەوەندییەکانى کوردستان توانیویەتى سیاسەتێکى گونجاوو ژیرانە بەرامبەر وڵاتانى دەوروبەر پیادە بکات. 

 لە ماوەى سێ ساڵى رابردوودا ؛ حکومەتى کوردستان خزمەتێکى زۆرى پێشکەشکردووە، ئەوەش ئەوەمان پێدەڵێت کەوا چاومان لە داهاتوویەکى گەشتر بێت، وتارەکەى بەڕێز سەرۆکى حکومەتى کوردستانیش ئەو گەشبینییەى تێدایە کەوا بەڵێ داهاتوو باشترو گەشتر دەبێت. 

 *سکرتێرى گشتیى یەکێتى نەتەوەیى دیموکراتى کوردستان YNDK