یه‌كێتی په‌رله‌مانتارانی كوردستان له‌سه‌ر به‌شداریكردنیان له ‌كۆنگره‌ی پێنجه‌میHDP راپۆرتێك بڵاوده‌كه‌نه‌وه‌

تموز/يوليو 05, 2022

ده‌قی راپۆرته‌كه‌:

 

راپۆرتێك لەسەر بەشداری كردنی شاندی یەكێتی پەرلەمانتارانی كوردستان لە كۆنگرەی پێنجەمی

 پارتی دیموكراتی گەلان HDP كە لە ئەنقەڕەی پایتەختی توركیا لە رێكەوتی (3/7/2022) بەڕێوەچوو

 

تێبینی/ بەداوای لێبووردنەوە بۆ ئەو هەڵە چاپیەی روویداوە لە دوو لە بەروارە ئاماژەبۆكراوەكانی راپۆرتەكەمان لە بڵاوكردنەوەی یەكەمیدا، بۆیە بۆ دووەم جار بڵاوی دەكەینەوە بە راست كرنەوەی هەڵەكان. سوپاس بۆ تێبینی دوو لە خوێنەرانی بەڕێزی راپۆرتەكەمان.

 

لەسەر بانگهێشت كردنی فەرمی یەكێتی پەرلەمانتارانی كوردستان لەلایەن پارتی دیموكراتی گەلان (HDP) بۆ بەشداری كردنی كۆنگرەی پێنجەمی پارتەكەیان لە (3/7/2022) لە ئەنقەڕەی پایتەخی توركیا، لەسەر راسپاردەی دەستەی باڵا، شاندێكی یەكێتیەكەمان كە پێكهاتبوو لە ئەندامانی دەستەی باڵا (عبدالرحمن علی كوردە، بەرپرسی پەیوەندیەكان‌و كاردۆ محمد پیرداود، سەرۆكی لیژنەی یاسایی)، بەشداری كۆنگرەكەمان كرد. لە بەرواری (1/7/2022)، رۆژی یەكەمی گەیشتنمان بۆ ئەنقەرە، لەلایەن لیژنەی پێشوازی لە میوانەكان، لە فرۆكەخانە پێشوازی كراین. دواتر لە شوێنی نیشتەجێبوونماندا لەلایەن پەرلەمانتارو بەرپرسی پەیوەندیەكانی (HDP) بەڕێز (فەلەكناس) پێشوازی شاندەكەمان كرا. دواتر بەیەكەوە سەردانی پەرلەمانی توركیامان كردوو لەلایەن بەرپرسانی ئەو پارتە، سەرۆك‌و جێگری سەرۆكی فراكسیۆن‌و هەندێ‌ لە ئەندامانی پەرلەمانی پارتەكە‌و ستافی كاری فراكسیۆنەكە، پێشوازی گەرممان لێكرا. لە دیدارەكاندا باس لە رەوشی گشتی پارتەكەیان‌و ئاستەنگەكانی بەردەمیان‌و فشاری زۆری دەسەڵات‌و (AK) پارتی لەسەریان لەگەڵا رەوشی گشتی ناوچەكە، بابەتی باس‌و گفتوگۆكانمان بوو. یەكێك لەو خاڵە گرنگانەی كە باسیان لێوە دەكرد، بابەتی هەوڵدان بۆ هەڵوەشاندنەوەی پارتەكەیان بوو لەلایەن دەسەڵات‌و (AK) پارتی‌و هاوكارانی كە لەوانەیە لە مانگی (تشرینی دووەمی 2022)، ئەو هەنگاوە رووبدات وەك بەرنامەی بۆ داڕێژراوە. وەك لە قسەكانیاندا بۆمان دەركەوت، ئەوانیش خۆیان ئامادە كردووە‌و بژاردەی تریان لەبەردەستدایە بۆ ئەم پێشهاتە چاوەڕوانكراوەیە كە كاری جددی لەسەر كراوە.

لە رۆژی دووەمی گەیشتنمان لە (2/7/2022)، لەگەڵا میوانەكانی تری هاتبوون بۆ بەشداری كە بریتی بوون لە زۆرێك لە میوانانی ووڵاتانی ئەوروپی‌و عەرەبی، كە پەرلەمانتارو نوێنەرانی حزبە یەساری‌و كەسایەتی‌و لایەن‌و رێكخراوی جۆراوجۆربوون، لە كوردستانی باشوور جگە لە ئێمە (ی.پ.ك)، نوێنەرانی (حزبی شیوعی كوردستان، حزبی زەحمەتكێشان، یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان، بزووتنەوەی دیموكراتی گەلی كوردستان)‌و سەرۆكی بزووتنەوەی رزگاری دیموكراتی كوردستان بووین، لەلایەن پەرلەمانتاران‌و بەرپرسانی (HDP)ەوە لە ئێوارەخوانێكدا پێشوازی كراین. ئەوەی هەموولایەكمان ئاگادارین كە فشار‌و ئاستەنگێكی زۆر هەیە لەسەر كوردەكانی باكوور‌و نوێنەرایەتیەكانیان بەتایبەت لەسەر (HDP). بۆیە زۆر دڵخۆش بوون بە بەشداری ئەو دۆستانەیان لەگەڵیاندا، بۆ نیشاندانی پشتگیری‌و هاوسۆزی بۆ خەبات‌و تێكۆشانیان، وە بە گرنگ پێناسەو هەڵسەنگاندیان بۆكرد، بۆ بەهێزكردنی ئیرادە‌و نیشاندانی بە نەیارەكانیان كە تەنیانین، بەتایبەت لەم باروودۆخە هەستیارەی ئەوان تێیدانە‌و چاویان لە دۆستەكانیانە كە پشتگیریان بكەن. زۆر بە پەرۆشەوە بوون بۆ دۆستەكانی باشووریان‌و چاوەڕوانی زیاتریان دەكرد لە ئامادەبوونیان.

لەرۆژی (3/7/2022)، رۆژی بەستنی كۆنگرەكەیان كە لە ستادیۆمێكی گەورەی ئەنقەڕە بەڕێوەچوو وە شوێنی كۆنگرەكە بە چەند بازنەیەكی ئەمنی پۆلیس‌و بەرپرسانی توركیا لە هەموولایەكەوە تەوق كرابوو، بەڵام لەلایەن ئێمەوە، دیاردەیەكی نامۆ هەست پێنەكرا لە بێڕێزی كردن بە شاندی میوانەكانیان‌و بەشێوەی پرۆتۆكۆڵا لە دەرگایەكی تایبەتدا ئێمەیان بردین بۆ شوێنەكە، كە لە شوێنی دیاریكراوی تایبەتدا لەناو هۆڵەكە، جێگامان بۆ دەست نیشان كرابوو بە ناوەكانمانەوە. كۆنگرەكەیان وەك كەرنەڤاڵێكی نەتەوەیی‌و نیشتیمانی خۆی نیشاندەداو بەشداریەكی بەرچاو لە ئەندامان‌و لایەنگرانی پارتەكەیان ئامادەبوون. بەڵام ئەوەی تێبینی دەكرا، ژمارەی ئەمجارەی بەشدارانی كۆنگرە كەمتر بوو لە چاو ژمارەی بەشدارانی كۆنگرەی چوارەمی پێشووتریان كە لە (3/2/2020) ئەنجامیاندابو‌و كە یەكێتیەكەمان بە شاندێكەوە بەشداری تێداكردبوو. لەوانەیە باروودۆخی خراپی ئابووریەكە‌و هەروەهاش فشاری زۆری لەسەریان، هۆكاربووبن بۆ كەمكردنەوەی بەشداربوونی جەماوەرەكەیان تیایدا. ئەمەو جگە لە میوانە بیانیەكان، چەندین پارت‌و كۆمەڵە‌و لایەنی جەماوەری‌و رێكخراوەیی توركیاش میوانداری كرابوون‌و بەشداربوون. لە كۆنگرەكەدا، چەندین ووتار پێشكەش كران لەلایەن بەرپرسانی كۆنگرەو پارتەكە كە تیایدا داكۆكیان دەكردەسەر، ئاشتی‌و پێكەوەژیان‌و چارەسەری ئاریشەكان بە گفتوگۆ. هەروەهاش ئەوەی تێبینی دەكرا، نە ئەوان‌و نە بەشدارانی تری كۆنگرەكە، لە ووتارو دروشم‌و هوتافەكانیاندا، سڵیان لە بەكارهێنانی هیچ دەستەواژەیەك نەدەكردەوە وەك ناوهێنانی بەڕێزان (عبدالله ئۆجەلان‌و صلاح دەمیرتاش‌و گیراوەكانیان)‌و بەكارهێنانی ووشەی (فاشیزم‌و ... هتد). ئەمەو وێنەیەكی گەورەی عبدالله ئۆجەلان بەناو هۆڵی كۆبوونەوەكەدا بۆ یەكجار سووڕێندرایەوە دواتریش بەجیا پەرچەمی كوردستان. لە بڕگەیەكیشدا ناوی هاوسەرۆكەكان (پەروین بوڵدان‌و مدحت سانجار)‌و دەستەی سەرۆكایەتی‌و نوێنەرانی شارو شارۆچكەكانیان كە پێشتر بڕیاریان لەسەردرابوو، پەسند كران. ئەمەو لە دوا بڕگەشدا، بۆ رێزگرتن لە میوانە بیانیەكان، ناوی بەشداران خوێندرایەوەو چەندین شاند، ووتاری پشتگیری كردنیان پێشكەش كرد. دواتر وێنەیەكی بەیەكەوەیی گیرا كە شاندی یەكێتی پەرلەمانتارانی كوردستان بە تایبەت لەگەڵا هاوسەرۆكەكانیان بۆ ئەم مەبەستە پێشوازی كراین.

لەدوا بڕگەی سەردانەكەشماندا، ئێوارەخوانێك بۆ میوانە بیانیەكان رێكخرابوو كە لەلایەن هاوسەرۆكەكان‌و چەند پەرلەمانتارێك‌و بەرپرسانی ئەو پارتەوە پێشوازی كراین. لەلایەن زۆرێك لە ئامادەبووانەوە بە شاندی ئێمەشەوە بە تایبەت، پشتگیری‌و سەرنج‌و تێبینیەكانی خۆیانیان بۆ بەرپرسانی ئەو پارتە خستەڕوو.