غەفوور مەخمووری لە پەیامێکیدا بۆ کۆنگرەی نۆیەمی پارتی یەکێتی دیموکرات PYD : لەسەر هەموو لایەكمان پێویستە كار بۆ یەكێتی كوردان بكەین

حزيران/يونيو 17, 2022
میدیا - هەولێر :
غەفوور مەخمووری سكرتێری گشتیی یەکێتی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستان YNDK پەیامێکی ئاراستەی کۆنگرەی نۆیەمی پارتی یەکێتی دیموکرات PYD کردووە، کە بەیانی 18 / 6 / 2022 لە شاری (‌‌حەسەکە)ی رۆژاوای کوردستان بەڕێوەدەچێت، لە پەیامەکەیدا رایگەیاندووە کەوا لەسەر هەموو لایەكمان پێویستە كار بۆ یەكێتی كوردان بكەین و، دەڵێت : (كوردستان و رۆژهەڵاتی ناڤین بەشێوەیەكی گشتیی و بەتایبەت باشوورو رۆژئاوای كوردستان لە رەوشێكی زۆر ناسك و هەستیاردان و چاوەڕوانی هاتنە پێشی زۆر ئەگەرو پێشهات دەكرێت، بۆیە لەسەر هەموو لایەكمان پێویستە كار بۆ یەكێتی كوردان بكەین.)، هەر لە پەیامەکەیدا مەخمووری داوای یەکڕیزی نێوان لایەنە سیاسییەکان دەکات و دەڵێت: (یەكڕیزی و یەكێتیمان زامنی سەركەوتنمانە، بۆیە پێویستە هەموو لایەكمان لەم پێناوەدا تێبكۆشین.). ئەمەش دەقى پەیامەکەیە :
بەڕێزان هاوسەرۆكانی پارتی یەكێتی دیموكراتی PYD
بەڕێزان ئەندامانی كۆنگرەی نۆیەمی پارتی یەكێتی دیموكراتی PYD
سڵاوێكی گەرم ...
بەڕێزان، بەناوی خۆمان و مەكتەبی سیاسی و كۆمیتەی سەركردایەتی و تەواوی هەڤاڵانی یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK ، بەبۆنەی بەستنی كۆنگرەی نۆیەمی پارتە تێكۆشەرەكەتان PYD جوانترین پیرۆزبایی ئاراستەی ئێوەی ئازیزو خۆشەویست دەكەین و، هیوای سەركەوتن بۆ كۆنگرەكەتان دەخوازین و ئومێد دەكەین ئەم كۆنگرەیەتان ببێتە فاكتەری پێشڤەچوون و خاڵی وەرچەرخان و سەركەوتنی زیاتر لە پێناو خزمەتكردنی دۆزی رەوای گەلەكەمان، بە داوای لێبووردنەوە كەوا ناتوانین ئامادەی كۆنگرەكەتان بین.
بەڕێزان، كۆنگرەكەتان لە كاتێكدا دەبەسترێت كە كوردستان و رۆژهەڵاتی ناڤین بەشێوەیەكی گشتیی و بەتایبەت باشوورو رۆژئاوای كوردستان لە رەوشێكی زۆر ناسك و هەستیاردان و چاوەڕوانی هاتنە پێشی زۆر ئەگەرو پێشهات دەكرێت، بۆیە لەسەر هەموو لایەكمان پێویستە كار بۆ یەكێتی كوردان بكەین، بۆئەوەی وەك ژمارەیەكی بەهێزی نێو هاوكێشە سیاسییەكانی ناوچەكە بوونی كاریگەری خۆمان بسەلمێنین و، كار بۆ وەدەستهێنانی مافە نەتەوەییەكانمان بكەین، بەباوەڕی ئێمە لەم پێناوەدا بەستنی كۆنگرەیەكی نەتەوەیی كوردستانی كە تەواوی لایەنە سیاسییەكانی كوردستان بگرێتەخۆ بە پێویست دەزانین، ئەمەش دەبێتە فاكتەری سەرەكی یەكڕێزیمان، لای هەموو لایەكمان روونە كە یەكڕیزی و یەكێتیمان زامنی سەركەوتنمانە، بۆیە پێویستە هەموو لایەكمان لەم پێناوەدا تێبكۆشین.
لێرەوە، سڵاو لە خەبات و بەرخودانی رۆژئاوای كوردستان دەكەین و بە چاوی رێزەوە لێی دەڕوانین و، رێزو حورمەتمان بۆ ماڵباتی شەهیدان هەیە و هیوای زووچاكبوونەوەش بۆ برینداران دەخوازین و، چاوی یەكە یەكەی كچ و كوڕە شەڕڤانەكانی ماچ دەكەین و هیوای پێشڤەچوون و سەركەوتنی زیاتریان بۆ دەخوازین.
لە كۆتاییدا دووبارە هیوای سەركەوتن بۆ كۆنگرەكەتان دەخوازین و، جەختدەكەینەوە سەر پتەوكردن و پێشڤەبردنی پەیوەندی برایانەی نێوانمان لە پێناو زیاتر خزمەتكردن و پێشڤەبردنی دۆزی رەوای گەلی كوردستان و گەیشتنمان بە مافە رەواكانمان.
لەگەڵ رێزو خۆشەویستی دووبارەماندا. ... هەر بژین و سەركەوتووبن بۆ كوردو كوردستان.
براتان
غەفوور مەخمووری
سكرتێری گشتیی
یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK
17 / 6 / 2022