غەفوور مەخمووری لە پەیامێکیدا بۆ مەراسیمی راگەیاندنی کۆمیتەى پەيماننامەی لۆزان: پەیماننامەی (لۆزان) هۆكارە كە تا ئێستا رۆژهەڵاتی ناڤین و ناوچەكە هێمنی و ئارامی بەخۆیەوە نەبینیوەو شەڕو خوێنڕشتن بەردەوامە

حزيران/يونيو 12, 2022
میدیا - ئێسن- ئەلمانیا :
غەفوور مەخمووری سكرتێری گشتیی یەکێتی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستان YNDK پەیامێکی ئاراستەی مەراسیمی راگەیاندنی کۆمیتەى پەيماننامەی لۆزان کردووە، کە ئامادەسازى بۆکراوەو، ئەمڕۆ 12 / 6 / 2022 لە شاری (ئێسن)ی وڵاتی ئەلمانیا بەڕێوەدەچێت، لە پەیامەکەیدا رایگەیاندووە کەوا لەو کاتەوەی پەیماننامەی (لۆزان) ئیمزاکراو جێبەجێكرا، تا ئێستا رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەموو ناوچەكە هێمنی و ئارامی بەخۆیەوە نەبینیوە و، شەڕو خوێنڕشتن لە رۆژهەڵاتى ناڤیندا درێژەى هەیە، هەروەها دەڵێت : (جێبەجێکردنى پەیماننامەى (لۆزان) فاکتەرێکى سەرەکی بوو بۆ ئەوەی ئاشتى و هێمنى و ئارامى لە رۆژهەڵاتى ناڤین و بگرە جیهانیشدا بەرقەرار نەبێت.)، هەر لە پەیامەکەیدا مەخمووری داوای هەڵوەشانەوەی پەیماننامەی (لۆزان) دەکات و دەڵێت: (پێویستە هەموو لایەک ئەو راستییە بزانن کە هەڵوەشاندنەوەی پەیماننامەى (لۆزان) و دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستان و گەیشتنی گەلی كوردستان بەمافە رەواكانی گەورەترین فاكتەری چەسپاندنی هێمنی و ئارامییە لە رۆژهەڵاتی ناڤین و، تەنها و تەنها لەو رێگەیەوە دەتوانرێ ئەو هێمنی و ئارامییەی كە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەیخوازێت لەرۆژهەڵاتی ناڤیندا بچەسپێت و وەدەست بهێنرێت.). ئەمەش دەقى پەیامەکەیە :
بەڕێزان کۆمیتەى پەيماننامەی لۆزان
خوشكان ... برایان ... ئامادەبووانى بەڕێز
سڵاوى سەرخۆبوون و ئازادیتان لێبێت ...
بەڕێزان ؛ ئەمڕۆ ئێوەی بەڕێز کارێکی گرنگ و دیرۆکی ئەنجام دەدەن كە پەیوەستە بەداهاتووی گەلی کوردستان، ئەویش کارکردنە بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەیماننامەى لۆزان، کەوا تا ئێستا و دواى سەد ساڵ لەسەر بنەمای ئەو پەیماننامەیە زوڵم لە گەلی کوردستان دەکرێت.
وەكو خۆتان دەزانن گەلی كوردستان بەدرێژایی مێژوو لەخەبات و تێكۆشان و بەرخوداندا بووە لەپێناو وەدەستهێنانی مافە ڕەواكانی خۆیدا و، گەورەترین زوڵمی مێژووییش كە لە گەلی كورد كرابێت رێكەوتننامەى (سایكس - پیكۆ) بووە لە ساڵی 1916دا، دواى ئەوەى کوردستان لە ئەنجامى شەڕى چاڵدێران دابەشى سەر هەردوو ئیمراتۆریەتى عوسمانى و سەفەوى کرا، جارێكی دیكە و سەرلەنوێ کوردستان بەپێى رێکەوتننامەى (سایکس - پیکۆ) دابەشی سەر (عێراق و توركیاو سوریاو ئێران) کرا، راستە ئەو ریکەوتننامەیە بۆ داڕشتنەوەی نەخشەی سیاسی ئەو ناوچەیە بوو، بەڵام لەهەمان کاتدا زوڵمیکى گەورەش بوو لە کورد و گەلى کوردستان کرا، بێگومان گەلی كوردستان هەر لەسەرەتاوە رێكەوتننامەی (سایكس - پیكۆ)ی ڕەتكردەوەو پێی ڕازی نەبوو.
دوای چوار ساڵ لە رێكەوتننامەی (سایكس - پیكۆ) هەوڵێك هاتە ئاراوە كە ئەویش پەیماننامەی (سیڤەر) بوو، بەپێی ئەو پەیماننامەیە لە بەندەكانی (62 و 63 و 64) كۆمەڵێ ماف بۆ گەلی كوردستان دیاركرابوو، بەپێی ئەو پەیماننامەیە دەبوایە دوای ساڵێك گەلى كوردستان وەك هەر گەلێکى دیکەى ناوچەکە خۆى خۆى بەڕێوەببات و، دواتر هەوڵبدات لەسەر خاکى خۆى بینای وڵاتی خۆی بكات، هەوڵبدات وەك چۆن لە رابردوودا رۆڵێكی كارای هەبووە لە بیناكردنی شارستانییەتی ناوچەكەدا بەهەمان شێوە لەداهاتوودا رۆڵێكى کارا ببینێت لە بیناكردنی كۆمەڵگایەكی مۆدێرن و پێشكەوتوو لە رۆژهەڵاتی ناڤیندا، بەڵام بەداخەوە ئەو پەیماننامەیە جێبەجێنەكرا و، ئەوە بوو لەساڵی 1923 پەیماننامەی لۆزان هاتە پێشەوەو ئەو پەیماننامەیە ئەو خەونەی گەلی کوردستانی لەباربرد کە لە سیڤەردا بەرنامەڕێژى بۆ کرابوو، جارێكی دیكە لە (لۆزان) زوڵم لە گەلی كوردستان كرایەوە، كەمالییەكان زوڵمێكی گەورەیان لەگەلی كوردستان كرد كە مافی رەوای گەلی كوردستانیان نەدا و، نەیانهێشت ویلایەتی موسڵ خۆبەڕێوەبەری رابگەیەنێ، دواتر کە ویلایەتی موسڵ لەساڵی 1925 كە بەعێراقی عەرەبییەوە لكێندرا جارێكی دیكە ئەو خەونەی كورد لەباربرا.
ئێمە ئەگەر تێبینی بكەین لەماوەی سەد ساڵی رابردوودا، كە پەیماننامەی (لۆزان) ئیمزاکراو جێبەجێكرا، ئەوە بووە هۆكاری ئەوەى كە تا ئێستا رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەموو ناوچەكە هێمنی و ئارامی بەخۆیەوە نەبینێت و، شەڕو خوێنڕشتن لە رۆژهەڵاتى ناڤیندا درێژەى هەبێت، جێبەجێکردنى پەیماننامەى (لۆزان) فاکتەرێکى سەرەکی بوو بۆ ئەوەی ئاشتى و هێمنى و ئارامى لە رۆژهەڵاتى ناڤین و بگرە جیهانیشدا بەرقەرار نەبێت، بێگومان پێویستە هەموو لایەک ئەو راستییە بزانن کە هەڵوەشاندنەوەی پەیماننامەى (لۆزان) و دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستان و گەیشتنی گەلی كوردستان بەمافە رەواكانی خۆی گەورەترین فاكتەری چەسپاندنی هێمنی و ئارامییە لە رۆژهەڵاتی ناڤین و، تەنها و تەنها لەو رێگەیەوە دەتوانرێ ئەو هێمنی و ئارامییەی كە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەیخوازێت لەرۆژهەڵاتی ناڤیندا بچەسپێت و وەدەست بهێنرێت، واتە دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستان فاکتەرى چەسپاندى ئاشتى و ئارامییە لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا.
ئەگەر ئێمە تێبینی بكەین دەبینین كە رێكەوتننامەی گرنگی سیڤەر جێبەجێنەكراوو پەیماننامەی لۆزان جێبەجێكرا، ئەوە بووە هۆکارى سەرەکى کە ناوچەى رۆژهەڵاتى ناڤین هێمنی و ئارامی بەخۆیەوە نەبینێت، ئەمەش شەرمەزارییەكی گەورەیە بۆ تەواوی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی كە ئەمڕۆ نەتەوەیەكی زیاتر لە (50) ملیۆن مرۆڤ لەهەموو مافێكی خۆی بێبەشكراوە و، لەلایەن چوار دەوڵەتی ناوچەكە (عێراق و ئێران و تورکیا و سوریا) دەچەوسێندرێتەوەو مافەكانی پێشێل دەکرێت، بۆیە لەسەر كۆمەڵگای نێودەوڵەتى پێویستە هاوکاربێت بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەیماننامەی لۆزان و، هەوڵبدات بۆ زیندووكردنەوەو کاراکردنەوەی پەیماننامەی سیڤەر و، هاوكاربێت بۆ ئەوەی دەوڵەتی كوردستان دابمەزرێت.
ئامادەبووانى بەڕێز ...
بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەیماننامەی لۆزان و زیندووکردنەوەو کاراکردنەوەى پەیماننامەى سیڤەر ؛ ئێمە وەكو گەلی كوردستان پێویستیمان بەوە هەیە بۆردێكی کارکردنمان هەبێت، وەک ئەرکێکى نەتەوەیى و بەپەلە پێویستە (بۆردی هەڵوەشاندنەوەی پەیماننامەی لۆزان و كاراكردنەوەی پەیماننامەی سیڤەر) دابمەزرێنین، بۆ ئەوەی بتوانین لەرێگەی ئەو بۆردەوە كاربكەین بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەیماننامەی لۆزان و، جارێكی دیكە پەیماننامەی (سیڤەر) زیندووبكەینەوە، بۆئەمەش پێویستە هەرسێ ماددەی (62 و 63 و 64)ی پەیماننامەی سیڤەر كارابكەینەوەو بەپێی ئەو ماددانە داوای مافە رەواكانی خۆمان بكەین، لەو پێناوەشدا پێویستە هەموو تاكێكی كوردستان بەو ئاراستەیە كاربكات، لەهەمان کاتدا پێویستە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش بزاڤێکى خورت بکەین، بۆئەوەى بتوانین كاریگەریمان لەسەر ناوەندە بڕیاربەدەستەکانى ئەمریكا و ئەوروپا و وڵاتانی دیكەش هەبێت، لەم رووەوە رەڤەندی كورد دەتوانێت رۆلێكی كارا بگێرێت، لێرەوە داوا دەكەین کەوا رەڤەندی كورد زیاتر رێكبخرێت و بەشێوەیەکى ئۆرگانیزەکراو ئاڕاستەى كارو خەبات بكرێت، هەروەها لەناوخۆی كوردستانیش پێویستە هەموومان پێكەوە هەوڵبدەین و بەو ئاراستەیە كاربكەین، لەبەرئەوەی هەڵوەشاندنەوەی پەیماننامەی (لۆزان) و زیندووكردنەوەی پەیماننامەى (سیڤەر) هۆكارێكى گرنگ دەبێت بۆ نزیكبوونەوەمان لە گەیشتن بە مافە رەواكانمان.
لە کۆتاییدا؛ جارێكی دیكە دەستخۆشیتان لێدەکەین و هیوای سەرکەوتنتان بۆ دەخوازین و هەموو پشتیوانییەکی خۆمانتان پێڕادەگەیەنین، ئومێد دەكەین لەچەند ساڵی داهاتوودا ئێمەیش وەكو نەتەوەكانی دیكە بە سەربەخۆیی خۆمان بگەین و ببین بە خاوەنی دەوڵەتی نەتەوەیی خۆمان.
بێتەدى هیواو ئاواتى گەلى کوردستان، بێتەدی كۆماری كوردستان، لەگەڵ رێزو خۆشەویستى دووبارەمان بۆ هەموو لایەک.
بژی كورد ... بژی كوردستان.
براتان
غەفوور مەخمووری
سكرتێری گشتیی
یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK
12 / 6 / 2022