غەفوور مەخمووری بۆ كەناڵی ئاسمانی سعودیە 24 : شەڕ چارەسەر نیە، پێویستە کێشە و گرفتەکان لە رێى دیالۆگ چارەسەربکرێن

حزيران/يونيو 07, 2021
میدیا - هەولێر :
ئێوارەی ڕۆژى ٦ / ٦ / ٢٠٢١ سكرتێری گشتیی YNDK لە بەرنامەیەكی راستەوخۆی كەناڵی ئاسمانی (سعودیە 24) باسی لە هێرش و لەشکرکێشى تورکیا بۆ باشوورى کوردستان و موشەکبارانکردنى کەمپى مەخموور و رەوشی سیاسی و ئەمنی عێراق كردو, رایگەیاند كەوا شەڕ چارەسەر نیە و پێویستە کێشەو گرفتەکان لە رێى دیالۆگ چارەسەربکرێن.
ئێوارەی ڕۆژى یەکشەممە, غەفوور مەخمووری سكرتێری گشتیی یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK لەلایەن كەناڵی ئاسمانی سعودیە 24 بۆ بەرنامەیەكی راستەوخۆ میوانداری كرا, بەرنامەكە تایبەت بوو بە هێرش و لەشکرکێشى تورکیا بۆ باشوورى کوردستان و موشەکبارانکردنى کەمپى مەخموور و رەوشی سیاسی و ئەمنی عێراق, سەبارەت بەدروستبوونی كێشەو تەنگژەكانی عێراق سكرتێری گشتیی YNDK گوتی: ( ئەم هێرش و لەشکرکێشییەى تورکیا شتێکى نوێ‌ نین, لەبەرئەوەی حكومەتی تورکیا واڕاهاتووە كەوا دژى هەر شتێک بێت کە هى کورد بێت، لەدواى سەرهەڵدانى گەلى کوردستان لە بەهارى ١٩٩١ تا ئێستا تورکیا زیاتر لە ٥٠ پەنجا جار هێرش و لەشکرکێشى بۆ سەر باشورى کوردستان ئەنجامداوە، هەموو هێرش و لەشکرکێشییەکانیشى بێ ئەنجام بوون، تورکیا تا ئێستاش چارەسەرى کێشەکان لە شەڕو لە لوولەى تفەنگەوە دەبینێت، کە ئەمەش سیاسەتێکى هەڵەیە، لەبەرئەوەى هیچ کات شەڕ چارەسەر نیە و پێویستە کێشەو گرفتەکان لەسەر بنەماى دیالۆگ و لەیەکتر گەیشتن چارەسەربکرێن.).
لەبەرنامەكەدا غەفوور مەخمووری ئاماژەی بەوەدا كەوا حكومەتی تورکیا حكومەتێكی تیرۆریستەو وتی: (حكومەتی تورکیا حكومەتێكی تیرۆریستەو وەکو حكومەت تیرۆرى رێکخراو پراکتیک دەکات و، رۆژانە گوندە سنوورییەکان تۆپباران دەکات و هاوڵاتییانى سڤیل لە ژن و منداڵ و پیر دەکوژێت، هەروەها خانوو و قوتابخانە ورێگەو بان و پردەکانى گەیاندن و خزمەتگوزارییەکانى ئاوو کارەباى ئەو گوندانە وێراندەکات، ئەمانەش هەمووى دەچنە خانەى کارى تاوان و تیرۆریستی و پێشێلکردنى روونى ئەو رێککەوتننامانەن : رێککەوتننامەى جنێڤ-ى /12/8/1949/ و پێرەوى رۆماى 12/1/1951 بۆ قەدەخەکردنى تاوانى جینۆساید.).
مەخموورى لەدرێژەی بەرنامەكەدا سەبارەت بە موشەکبارانکردنى کەمپى پەنابەرانى باکوورى کوردستان لە مەخموور گوتی: ( ئەوانەى دانیشتووى کەمپى مەخموورن هاوڵاتى سڤیلن و لەدەست و زوڵم و چەوسانەى تورکیا رایانکردووە و لە کەمپى مەخمووردا نیشتەجێبوون، موشەکبارانکردنى ئەو کەمپە بۆ چەند جارێک لەلایەن تورکیا کارێکى تیرۆریستییە و دژى هاوڵاتییانە سڤیلە و مایەى شەرمەزارییە و پێویستە کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى بەرامبەر ئەو تاوانانەى تورکیا بێدەنگ نەمێنێت.).
مەخموورى سەبارەت بە رەوشى سیاسى و ئەمنى عێراق روانینى خۆى خستەڕوو و وتی : (عێراق وەکو دەوڵەت سیادەى نەماوەو دەسەڵاتى تەواوى بەسەر ئاسمان و خاک و ئاوى خۆیدا نیە و رۆژانە ئاسمان و خاک و ئاوى عێراق پێشێل دەکرێت و عێراقیش جگە لە بەیاننامە دەکردن دەسەڵاتێکى دیکەى نییە، ئەمە لە لایەک ؛ لەلایەکى دیکەوە ئەوەى حوکمى عێراق دەکات میلیشیا چەکدارەکانن، هەموو لایەکمان بینیمان لە چەند رۆژى رابردوودا میلیشیاکان چۆن هەیبەتى حکومەتى عێراقیان شکاند، ئەمەش پێشینەیەکى خراپە بۆ داهاتووى عێراق.).
هەر لەبەرنامەكەدا سەبارەت بە نەناردنی میزانیەو مووچەی فەرمانبەرانی كوردستان لەلایەن حكومەتی عێراقەوە, غەفوور مەخمووری رایگەیاند ئەوە كارێكی دژی دەستوورو پرەنسیپە مرۆڤایەتییەكانەو قبووڵ ناكرێت, وتی: (لە ساڵى ٢٠١٤ تا ئێستا ئەو کێشەیە بەردەوامە و حکومەتى عێراق ئامادە نییە شایستە داراییەکانى کوردستان بنێرێت، نەناردنی میزانیەو مووچەی فەرمانبەرانی كوردستان لەلایەن حكومەتی عێراقەوە زۆڵمێكی گەورەیە لە خەڵكی كوردستان دەكرێت, ئەوە دژی دەستوورو هەموو بنەماو پرەنسیپە مرۆڤایەتییەكانەو قبوڵناكرێت, ئەو كارەی حكومەتی عێراق زوڵمە لە هەموو خەڵكی كوردستان, خەڵكی كوردستان لەماوەی رابردوودا لەلایەن هەموو حكومەتەكانی عێراق زوڵمی لێكراوەو, تائێستاش ئەو زوڵمە بەردەوامە.).
سەربارەت بەچارەسەری بە پەیوەندى کوردستان لەگەڵ وڵاتانى عەرەبى، مەخموورى وتی: ( کوردستان خوازیارە پەیوەندییەکى دۆستانەو بەهێزى لەگەڵ وڵاتانى عەرەبى و هەموو لایەک هەبێت و، دەخوازێت ئەو پەیوەندییانەش لەسەر بنەماى رێزگرتنى وەک یەک و بەرژەوەندى هاوبەش بێت.).