سكرتێری گشتیی YNDK پێشوازی لە شاندێکى پارتى یەکێتى دیموکرات PYD دەکات

حزيران/يونيو 02, 2021

سكرتێری گشتیی YNDK پێشوازی لە شاندێکى پارتى یەکێتى دیموکرات PYD دەکات

  میدیا - هەولێر:
 پێشنیوەڕۆى ئەمڕۆ ٢ / ٦ / ٢٠٢١، سكرتێری گشتیی YNDK پێشوازی لە شاندێکى پارتى یەکێتى دیموکرات PYD كردو، لەدیدارەكەدا باسیان لە رەوشی سیاسی كوردستان و ناوچەكە و پەیوەندى نێوان هەردوو لا كرد.
 پێشنیوەڕۆى ئەمڕۆ چوارشەممە، غەفوور مەخمووری سكرتێری گشتیی یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK لە بارەگای مەكتەبی سیاسی YNDK لە شاری هەولێر بە ئامادەبوونى هەڤاڵان (قەهار تاهیر ئەندامى مەکتەبى سیاسى و فاخیر نانەکەلى کارگێڕى مەکتەبى ناوەندى پەیوەندییەکانى YNDK) پێشوازیكرد لە شاندێکى پارتى یەکێتى دیموکرات PYD کە پێکهاتبوو لە بەڕێزان (محەممەد نورى ئەسعەد ئەندامى سەرکردایەتى و بەرپرسى نوێنەرایەتیى PYD لە باشوورى کوردستان و مستەفا عوسمان ئەندامى مەکتەبى پەیوەندییەکان و نوێنەرایەتى PYD لە باشوورى کوردستان)، لەدیدارێكى برایانەدا باس لە رەوشی سیاسی باشوورو رۆژئاوای كوردستان و هێرش و هەڕەشەکانى رژێمى تورکیا بۆ سەر باشوورو رۆژئاواى کوردستان و دواپێشڤەچوون و پێشهات و گۆڕانكارییەكانی ناوچەكەو زیاتر لێكنزیكبوونەوەی لایەنە سیاسییەكانی كوردستان كراو، جەختكرایەوە سەر یەكڕیزی و یەكدەنگی كوردان بۆ رووبەڕووبوونەوەى هەڕەشەو هێرشەکانى تورکیا بۆ سەر باشوورو رۆژئاواى وڵات و، هەروەها یەكێتی و یەكدەنگی كوردان لەو گۆڕانكارییانەى کە دێنە پێشەوە بەفاكتەری سەرەكی سه‌ركه‌وتنى گەلی كوردستان وەسفكرا، هەر لەدیدارەكەدا شاندى میوان سوپاس و پێزانینی خۆیان بە سكرتێری گشتی و سەركردایەتیی YNDK راگەیاند بەرامبەر هەڵوێستە نەتەوەیی و نیشتمانییەكانی YNDK سەبارەت بە رۆژئاوای كوردستان وپرسە نەتەوەییەكان، سكرتێری گشتیی YNDK لەلای خۆیەوە هەموو هاوكاری و پشتیوانییەكی بۆ رۆژئاوای كوردستان راگەیاند و جەختیكردەوە سەر یەكدەنگی و یەكڕیزی لایەنەكان و هیوای پێشڤەچوون و سەركەوتنی بۆ خواستن و گوتی لەسەر هەموو لایەكمانە هاوكارو پشتەڤانی رۆژئاوای كوردستان بین.
لەدوا تەوەری دیدارەكەشدا، جەختكرایەوە سەر پتەوكردنی پەیوەندی برایانەی نێوان هەردوولا لەپێناو زیاتر خزمەتكردن و پێشڤەبردنی دۆزی رەوای گەلی كوردستان.