سکرتێرى گشتیى YNDK و ئەمینداری گشتی یەكگرتووى ئیسلامى كوردستان كۆبوونەوە

میدیا - هەولێر:
پێشنیوەڕۆى ئەمڕۆ ٣١ / ٥ / ٢٠٢١، سكرتێری گشتیی YNDK بەیاوەرى شاندێک باڵاى YNDK سەردانی ئەمیندارى گشتیی یەکگرتووى ئیسلامیى کوردستان-یان كردو، سەبارەت بە رەوشی سیاسی كوردستان و ئێراق و پەیوەندی برایانەی نێوان هەردوولا و چەند پرسێكی دیكە گفتوگۆیانكرد كرد .
پێشنیوەڕۆى ئەمڕۆ دووشەممە، غەفوور مەخمووری سكرتێری گشتیی یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK بەیاوەری شاندێكی باڵای YNDK كە پێكهاتبوو لە هەڤاڵان (د. شاخەوان خالید کارگێڕى مەکتەبى سیاسى و د. عەبدوڵڵا عەدۆ ئەندامی مەكتەبی سیاسی و شاکر هاشم ئەندامی كۆمیتەی سەركردایەتی و فاخیر نانەكەلی كارگێڕی مەكتەبی ناوەندی پەیوەندییەكانی YNDK)، سەردانی بارەگای سەرکردایەتیى یەکگرتووى ئیسلامى کوردستان-یان لە شاری هەولێر كردو بەگەرمی لەلایەن بەڕێزان (مامۆستا سەلاحەددین محەممەد بەهائەددین ئەمیندارى گشتیى یەکگرتوو و خەلیل ئیبراهیم و د. سەلاحەددین بابەکر کارگێڕانى ئەنجوومەنى جێبەجێکردن ود. محەممەد هاودیانى ئەندامى سەرکردایەتی و بەرپرسى مەکتەبى پەیوەندییەکانى یەکگرتووى ئیسلامى کوردستان)ەوە پێشوازییان لێكرا و، لەدیدارێکى برایانەدا باس لە رەوشی سیاسی كوردستان و دواپێشڤەچوون و پێشهات و گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە كراو, جەختكرایەوە سەر یەكڕیزی و یەكدەنگی گەلی كوردستان بە تەواوی هێزو لایەنە سیاسى و پێكهاتەكانییەوە بۆ پێشوازیكردن لەو ئەگەرو پێشهات و گۆڕانكارییانەی كە لەسەر ئاستی ناوچەكەدا دێنە پێشەوەو یەكێتی و یەكدەنگی و هاوهەڵوێستی لەو گۆڕانكارییانەدا بە فاكتەری سەرەكی پاراستن و چەسپاندنی دەسكەوتەكان و وەدەستهێنانی زیاتری مافەكانی گەلی كوردستان وەسفكرا, هەر لە دیدارەكەدا هەردوولا هاوڕا بوون کەوا ناوەندى سیاسى کوردستان پەرش و بڵاوەو پێویستى بە رێکخستنەوە هەیە، بۆ ئەم مەبەستەش پێویستە هەموو لایەنە سیاسییەکان بەیەکەوە کۆشش بکەن.
لە تەوەرێکى دیکەى دیدارەکەدا پێویستى چاكسازییەکى ریشەیی و رێگرتن لە ناشەفافی و گەندەڵی و كۆتاییهێنان بە موچە بڕین و یاریكردن بە قوتی فەرمانبەران و هاوڵاتیان جەختى لێكرایەوە و هەردوولا هاوڕابوون لەسەر ئەركی بەرپرسیاریەتی نیشتمانی و ئەخلاقی بۆ هەڵگرتنى خەمی هاوڵاتیان و چارەسەرکردنی گرفتەكانیان تێببكۆشن.
لەدوا تەوەری دیدارەكەشدا, جەختكرایەوە سەر پتەوكردنی پەیوەندی برایانەی نێوان هەردوولا لەپێناو زیاتر خزمەتكردن و پێشڤەبردنی دۆزی رەوای گەلی كوردستان.