شەهید(سەربەست مەحموود) سیمبۆلی بەرخۆدانی نەتەوەییمانه

شاخه‌وان خالید‌

ئاشكرایە دیاردەی تیرۆریستی مانای كوشتن و بڕین و ترسناندن و تۆقاندنی كۆمەڵگە دەبەخشێ‌، هەروەها رەفتارێكی دزێو و ناشیرینی نەیارانی وشەی راستەقینە و كاری ئیرهابی فیكرە و رێگە گرتنە لە بەردەم ئازادی هزر و وتار نووسین، ئەم كاره‌ش لە ڕێگەی دەستەو كۆمەڵێكەوە بۆ بەرژەوەندی خودی ـ سیاسی وڵاتێك یان لایەنێك ئەنجامدەدرێت بۆ لەناوبردنی كەسایەتی وڵاتپارێز و سیاسەتوانانی بە ئەمەك و دڵسۆز كە رێگرن لە بەردەم كارە خیانەتكار و گڵاوەكانی ئەم دەستانە، بۆیە سڵ لە هیچ خراپەكارییەك ناكەنەوە چڕنووكی نەگریسیان دەگەیه‌ننه‌ بینا قاقای كەسانی شۆڕشگێڕ و مۆمی تەمەن و خەباتیان دەكوژێنەوە، هەروا زۆرن ئەو رۆڵە جوامێرانەی بەر شاڵاوی گەردەلوولی مەرگ بوونەتەوە كە دروشمی كۆڵنەدان و شەهید بوونیان كردۆتە سەرە ڕمی خەبات و شۆڕشی سیاسی  و رۆشنبیری و كاركردنیان، شەهید(سەربەست)یش یەكێك بوو لە رۆڵە هێمن و لەسەر خۆیەی فوو لە چرای ژیان و خەباتیكرا  و لەرۆژی 31/5/2000 بووە قوربانی دەستی داگیركەران و دوژمنانی ئەزموونی دیموكراتی باشووری كوردستان، بەم مەبەستە گەرەكە بڵێن گەشتێك بەنێو ژیان و هزر و بیری ئەم كە لە پیاوە بكەین، دەبینین شەهید قەڵەمێكی بە بڕشت و كاریگەری گۆڕەپانی سیاسی  رۆشنبیرییەكە بوو، هەمیشە بە بوێری لە هەڵوێستەكان و دۆستایەتی هەق ناسرا بوو، بۆیە هەر لە تافی لاوێتی بیری نەتەوەیی لە مێشك و دەروونی چەكەرەی كرد و هەر زوو خۆی خزاندە رێكخراوێكی نەتەوەیی بۆ خزمەتكردنی نەتەوە ستەمدیدە و زوڵم لێكراوەكەی و لەگەڵ چەند هەڤالێكی دیكه‌ هۆگری بیری سەربەخۆخوازی دەبن و لە رۆژی 21/3/ 1995 مژدەی راگەیاندنی رێكخراوێك بەناوی YNDK دەگەیه‌ننه‌ جەماوەری كوردستان، ئینجا دەتوانین بڵێن بیر و هزری ئەم شۆڕشگێڕە هەر لە زووەوە هەستكردن بوو بە چەوسانەوەی داگیركردن و لەتكردنی كوردستان و هەڵوشینی خێر و بێری وڵات لەلایەن بێگانە و دوژمنان، لەم خاكەوە دەكرێ‌ بڵێن راستی خەباتی شەهید لەگەڵ هاتنە مەیدانی یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان گەشەی كرد.

لە پێناو برەودان بەبیری نەتەوەیی سەربەخۆخوازی، هەر لەم سۆنگەوە شەهید سەربەست بەهۆی تەڤلی بوون بە شۆڕشی نەتەوەیی بیری سەربەخۆ توانی ئاڕاستەی هەڤاڵانی دەوروبەری بكات و ئەویش تەڤلی دەورە و خولی پەروەردەیی ده‌رباره‌ی بیری نەتەوەیی بكات، لە ماوەی چه‌ندین ساڵەی تەمەنی YNDK چەندین رۆڵە و كادیری بەم بیرە پێگەیاند.

شەهید سەربەست سیاسەتوانێكی وڵاتپارێز و بە ئەمەكی نەتەوەكەی بوو، هەمیشە كاری بۆ تێكشكاندنی سنووری وەهمی نەخشەكێشراو لەلایەن داگیركەران لە ڕێگەی نووسین و و ئاڕاستەكردن دەكرد و لەو باوەڕدا بوو كە دەبێ‌ رۆڵەكانمان وا پەروەردە و گۆش بكەین، تا دەگەنە لوتكه‌ لە بەزاندن و رەشكردنەوەی ئەم سنوورە وەهمییە كوردستانی پێ‌ لەتوپەتكراوە، هەمیشە بیر و هۆشی لەلای یەكگرتنەوەی كوردستان و یەككردنی بیر و هێزەكان بوو، بۆیە ئەستەم نییە گەر بڵێین هەڤاڵ سەربەست یەكێك بوو لەو قارەمانە بەها پیرۆزانە و داستانێكی فیداكاری و قوربانیدان و سیمبۆلی بیری نەتەوەیی سەربەخۆخوازی كورد بوو، چونكە شەهید ئاستی هۆشیاری سیاسی نەتەوەیی لە پلەیەكی بەرزدابوو، هەمیشە وەكو مۆم ئاسا لە پێناو ئاسۆیەكی گەش بۆ وڵاتەكەی خۆی ببوه‌ مۆم و دەتواوە بەردەمی هەڤاڵان و گەڵەكەی بەهێزی فیكر و خوێنی جەستەی رووناك دەكردەوە، بۆیە دەكرێ‌ بڵێین رۆژی شەهیدكردنی ئەم قارەمانە رۆژی قوربانیدان و بەرخودانی نەتەوەییە و بووە مەشخەڵی رێگەی (70) ملیۆن كورد لە پێناو دابینكردنی دوارۆژێكی پڕ سەروەری بۆ نەتەوەكەی و گەیشتن بە كوردستانێكی سەربەخۆ و ئازاد.

 بەم پێودانگە هیچ رۆژێك هەڕەشە و گوڕەشەی دوژمنان نەبۆتە كۆسپ و تەگەرە لە بەردەم كار و خەباتی و هەمیشە نەیانتوانیوە هەستی شۆڕشگێڕی راستەقینەی ئەم بلیمەتە لاواز بكەن  و هەردەم بوێر بووە لە دەربڕینی راو بۆچوونەكان لە پێناو پوچەڵكردنەوەی نەخشە و پیلانەكانی داگیركەران بۆ ئەمە تەماشای دەكەین هەموو كات بە پێشنیار و سەرنجەكانی هەڤاڵانی  ئاڕاستە دەكرد تابتوانن زۆرترین خزمەت بە نەتەوەكەیان بگەیه‌نن، بۆیە شەهید ببووە ئەستێرەیەكی پڕشنگدار لەسەر دۆند و لوتكەی چیا سەركەشەكانی كوردستان، بەهۆی باوەڕی پتەوەی بە بیری نەتەوەیی رەسەنایەتی دیرۆكی نەتەوەكەی لە پێناو راستی و ڕێگەی خۆشكردن لە بەردەم ئازادی و دیاریكردنی و مافی چارەنووسی نەتەوەكەی، بەم پێیە دوژمنان و داگیركەران هیچ كاتێك چاویان بە شەهید سەربەست هەڵنەدەهات و ببووە فاكتەرێكی كاریگەر بۆ پووچەڵكردنەوەی مەرامەكانیان لەبەر ئەمە دوژمنانی ئەزموونی باشووری كوردستان كاریان بۆ پووكانەوەی و لەناوبردنی ئەم جۆرە قەڵەمەی وەك هەڤاڵ سەربەست دەكرد، بەشێوەیەكی زۆر هۆڤیانە و دڕندانە پۆلێك رق و كینەی هەیانبوو خستیانە سەر گیانی  پاكی نەمری و شەهیدیان كرد.

 بەڵام دوژمنان دەبێ‌ چاك بزانن هەڤاڵی شەهید درێژەی بەرخودانی نەتەوەییدا بە شێوەی تەڤلیبوون بە كاروانی سەروەر و نەمرەكان، بۆیە دەبێ‌ بڵێین شەهیدكردنی هەڤاڵ سەربەست یەكێك بوو لەو زنجیرە كاره‌ساتە له‌بن نەهاتووانەی كە بەسەر نەتەوەكەمان هاتووە، كە هەر هەموویان بوونەتە مژدەی سەركەوتنی ئیرادەی گەل و كۆتایی هاتن بە سەردەمی تاریكی و ژێر دەستەیی بێشك رۆژی كپكردن و خنكاندن و تیرۆركردنی شەهید ئەو مژدەیەمان پێدەبەخشێ‌ كە هەڤاڵ سەربەست چەندە پەرۆشی بیری نەتەوەی و دڵسۆز و بەئەمەك بوو دەهەمبەر نەتەوەكەی، لەم گۆشە نیگایەوە كە بڵێین سۆز و پەیمانی ئێمەش لە پێناو خاك و وڵات گرێدراوە بەسۆزی هەڤاڵ سەربەستی شەهید و تیرۆركردنی بەدەستی ناحەزان و نەیارانی ئەم ئەزموونە زیاتر سوورمان دەكات لەسەر خەبات و تێكۆشان، بۆیە دەبێ‌ بڵێین رۆژی شەهیدكردنی هەڤاڵ سەربەست مەحموود رۆژی مژدەی قۆناغێكی تازە و نوێیە لە خەباتی رزگاریخوازی نەتەوەییمان بۆ YNDK و تەواوی لایەنە سیاسییەكان و جەماوەر و خەڵكی كوردستان.

 دوژمنانیش دەبێ‌ ئەمە چاك بزانن هەر كارێكی تیرۆریستی لە دژی ئیرادەی گەل دەكرێ‌، رۆژێك دێت بەر نەعرەتەی میللەت ده‌كه‌ون و خۆناگرن و ریسوا دەبن و دەتوێنەوە، بۆیە گەرەكە حكومه‌تی هەرێمی كورستان و ده‌زگاكانی په‌یوه‌ندییدار كاری زیاتر بكه‌ن بۆ ئاشكراكردنی بكوژانی و ئەنجامدەرانی ئەم كارە تیرۆریستە، چونكە ئەم كارە لە دژی هەموو لایەكمان كراوە و زەنگێكی مەترسیدارە بۆ سیاسەتوانان و رۆژنامەنووسان و هەقدۆستان، بۆیە دەبێ‌ هەر ئاشكرا بكرێن و تاوانبارانیش بە سزای گەل و بگەن و خوێنی هەڤاڵ سەربەست مەحموودیش كە بەناهەق رژاوە هەرگیز بەفیڕۆ ناچێت.

 هەزاران سڵاو لە گیانی پاك و بێگەردی شەهید سەربەست و گشت شەهیدانی رێی سەربەخۆبوونی كوردستان، بێتەدی كوردستانێكی سەربه‌خۆ و ئازاد و یەكگرتوو دیموكرات.