دانیشتووانی كه‌مپی مەخموور ڕێپێوان ده‌كه‌ن

 

دانیشتووانی کامپی پەنابەرانی مەخموور، بە ڕێپێوانێکی جەماوەری پشتیوانیی خۆیان لە بەرخۆدانی گەریلا دەربڕی و داوایانکرد لە بەرامبەر داگیرکاریدا تێکۆشان بەرز بکرێتەوە.

ئێوارەی دوێنێ 27/5/2021 بۆ پشتگیری لە بەرخۆدانی گەریلا لەدژی داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک و پیرۆزکردنی چالاکییەکانی هێزەکانی ئاسمانیی شەهید دەلال ئامەد، هاوڵاتییانی کامپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جودی لە مەخموور، بە دەستپێشخەریی کۆمیتەی چالاکییەکان، ڕێپیوانێکی جەماوەرییان ئەنجامدا.

هاوڵاتیان لە بەردەم ڕێکخراوی خانەوادەی شەهیدانی کامپەکە، بە بەرزکردنەوەی پانکارد بە نووسراوەی؛ “سڵاو لە بەرخۆدانی گەریلا، وەرنە جەنگی ئازادی، من ئاڤاشینم، بە ڕۆحی شەڕی گەلی شۆڕشگێری وەرنە جەنگ” و پۆستەرەکانی ڕێبەر ئۆجالان و شەهیدانی مام ڕەشۆ، و هەروەها وتنەوەی دروشمەکانی؛ “شەڕ شەڕ بۆ ئازادی شەڕ، بژی سەرۆک ئاپۆ، کەس ناتوانێت ڕۆژمان تاریک بکات، بژی بەرخۆدانی گەریلا”، تا بەردەم نوسینەگەی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕێپێوانیان کرد.

غوربەت ئیشلەک ئەندامی ئەنجومەنی عەشتار لەوێ قسەیکرد و وتی: دەوڵەتی تورک هەبوون و نەبوونی لە بەرامبەر شەڕی گەریلا داناوە، پێویستە ئێمەش هەبوون و نەبوونمان بۆ ئەم شۆڕشە دابنێین و بەو پێیە بەرخۆدانمان بەرز بکەینەوە.

دوای ئەوەش ڕاگەیەندراوێک خوێندرایەوە کە تێدا هاتبوو: ئەمڕۆ پێویستە لە هەموو کاتێکدا زیاتر شەڕی گەلی شۆڕشگێری جێبەجێی بکرێت، لە کوێ و چ کاتێک بژین، تا تێکۆشانی گەل و گەریلا یەکنەگرێتەوە و ئیرادەی ئازاد وەک یەک جەستەی لێی نەیەت، ئازادیش مسۆگەر نابێت، داوا لە هەموو ژنان، گەنجان، پیر، هاوڕێی و دۆستانمان دەکەین؛ کات کاتی ئازادیی ڕێبەر ئاپۆ و ئازادیی گەلانە، بە بەرخۆدان ڕێگە لە هێرش و قڕکردن دەگیرێت، چیا بۆ گەلی کورد ڕۆحی ئازادییە، کە زیندووکردنەوەی ئەم ڕۆحە لە شار، کۆڵان و بیابانەکاندا لە دەستی ئێمە دایە، بە ڕۆحی چیا ئازادەکان و گەریلاکانی ئازادی، تێدەکۆشین و ئازادی مسۆگەر دەکەین.