غەفوور مەخموورى : مانەوەو پێشڤەچوون و سەرکەوتنمان بەندە بە یەکڕیزى و یەکدەنگى و هاوهەڵوێستیمان، بۆیە پێویستە هەموو لایەکمان لەم پێناوەدا کاربکەین
زەینەب موراد : ئامانجمان ئەوەیە کەوا بتوانین رۆڵ بگێڕین بۆ یەکڕیزى و یەکدەنگى نێوان لایەنە سیاسییەکان
میدیا - هەولێر :
ئێوارەى ئەمڕۆ ٢٥ / ٥ / ٢٠٢١، سكرتێری گشتیی YNDK پێشوازی شاندى باڵاى کۆنگرەى نەتەوەیى کوردستان KNK كردو، لەدیدارەكەدا باسیان لە رەوشی سیاسى كوردستان و یەکێتى نەتەوەیى و یەکڕیزى گەلى کوردستان كرد.
ئێوارەى ئەمڕۆ سێشەممە، غەفوور مەخمووری سكرتێری گشتیی یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK لە بارەگای مەكتەبی سیاسیی YNDK لە شاری هەولێر، بەئامادەبوونى هەڤاڵان (د. شاخەوان خالید کارگێڕى مەکتەبى سیاسى و قههار تاهير سهعيد ئەندامی مەكتەبی سیاسی و فاخیر نانەکەلى كارگێڕى مەکتەبى ناوەندى پەیوەندییەکان و جەلال سمایل ئەندامى مەکتەبى ناوەندى پەیوەندییەکانى YNDK) پێشوازیانكرد لە شاندى باڵاى کۆنگرەى نەتەوەیى کوردستان KNK کە پێکهاتبوو لە بەڕێزان (زەینەب موراد هاوسەرۆکى KNK و، جەمال حاجى و هەڤاڵ عەبدولهادى و چەتۆ بەڕانەتى ئەندامانى KNK)، لەدیدارەكەدا هاوسەرۆکى KNK ئامانجى سەردانەکەیانى بۆ باشوورى کوردستان خستەڕوو وتى : (ئامانجى ئێمە وەکو شاندى KNK لە سەردانمان بۆ باشوورى کوردستان بۆئەوەیە کەوا بتوانین رۆڵ بگێڕین بۆ چەسپاندنى ئاشتى و دوورکەوتنەوە لە شەڕو راوێژێکى نەتەوەیى لەم رووەوە بێنینە ئارا و کاربکەین بۆ یەکڕیزى و یەکدەنگى نێوان لایەنە سیاسییەکان)، سکرتێرى گشتیى YNDK وێڕاى بەخێرهاتنکردنى شاندى میوان دەستخۆشى ئەو سەردان و دەستپێشخەرییەى لە شاندى KNK کردو هیواى سەرکەوتنى بۆ خواستن و وتى : (ئێمە وەکو YNDK باوەڕمان وایە کەوا پێویستە گرژى و ناکۆکى نێوان لایەنە سیاسییەکانى کوردستان لەسەر بنەماى دیالۆگ و لەیەکترگەیشتن چارەسەربکرێن، لەبەرئەوەى شەڕ جگە لە ماڵوێرانى سوودێکى دیکەى نیە و لە ئەنجامدا بە سوودى دوژمن و زیانى گەلى کوردستان تەواو دەبێت، بۆیە پێویستە هەموو لایەکمان هەوڵى یەکریزى و لەهەڤهاتن بدەین.)، هەروەها مەخموورى وتى : (مانەوەو پێشڤەچوون و سەرکەوتنمان بەندە بە یەکڕیزى و یەکدەنگى و هاوهەڵوێستیمان، بۆیە پێویستە هەموو لایەکمان لەم پێناوەدا کاربکەین، بۆئەمەش پێویستیمان بە مامەڵەیەکى تەندروست و یەکسانە لەگەڵ یەکتردا.).
لە تەوەرێکى دیکەى دیدارەکەدا باس لە رەوشی سیاسی هەر چوار بەشى كوردستان و دواپێشڤەچوون و پێشهات و گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە كراو, جەختكرایەوە سەر یەكڕیزی و یەكدەنگی گەلی كوردستان بە تەواوی هێزو لایەنە سیاسى و پێكهاتەكانییەوە بۆ پێشوازیكردن لەو ئەگەرو پێشهات و گۆڕانكارییانەی كە كە لەسەر ئاستی ناوچەكەدا دێنە پێشەوەو یەكێتی و یەكدەنگی و هاوهەڵوێستی لەو گۆڕانكارییانەدا بە فاكتەری سەرەكی پاراستن و چەسپاندنی دەسكەوتەكان و وەدەستهێنانی زیاتری مافەكانی گەلی كوردستان وەسفكرا, هەر لە دیدارەكەدا هاوسەرۆکى KNK سوپاس و پێزانینی خۆیانی بە سكرتێری گشتی و سەركردایەتیی YNDK راگەیاند سەبارەت بە هەڵوێستەكانی YNDK لە پرسە نەتەوەیى و نیشتمانییەكاندا. لەدوا تەوەری دیدارەكەشدا, جەختكرایەوە سەر پتەوكردنی پەیوەندی برایانەی نێوان هەردوولا لەپێناو زیاتر خزمەتكردن و پێشڤەبردنی دۆزی رەوای گەلی كوردستان.
دواى تەواوبوونى دیدارەکە سکرتێرى گشتیى YNDK و هاوسەرۆکى KNK سەبارەت بە ناوەڕۆکى کۆبوونەوەکە بۆ دەزگاکانى راگەیاندن دوان و روونکردنەوەى زیاتریان خستەڕوو.