Print this page

وەزارەتی پێشمەرگه‌: سوتاندن و بێ ڕێزیکردن بەئاڵای پیرۆزی کوردستان بەتوندی ئیدانە دەکەین

تشرين1/أكتوير 17, 2020

دوای ئەوەی ئەمڕۆ ژمارەیەك لەلایەنگرانی حەشدی شەعبی په‌لاماری بارەگای لقی 5ی پارتی دیموكراتی كوردستانیاندا و ئاڵای كوردستانیان سووتاند، وەزارەتی پێشمەرگه‌ راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌.

سوتاندن و بێڕێزی کردن بەئاڵای پیرۆزی کوردستان، کە سەدان و هەزاران پێشمەرگەی قارەمان و خەباتگێڕ و تێکۆشەری ئەم نەتەوەیە، لە ژێر سێبەرەکەیدا گیانی خۆیان بەخشیوە، بەتوندی ئیدانە دەکەین.

ئاڵای کوردستان، سیمبولی باڵای بەرخودانی نەتەوەی کوردو رەمزی ئاشتی و ئاوەدانی و پێکەوەژیانە.

پەلاماردانی بارەگای هەر حزب و لایەنێک، دواتر سوکایەتی کردن بەئاڵای کوردستان، پەیامێکی روونەو، دەخوازێت هەرچی زووە ململانێ حزبییەکان و گرژییە سیاسیەکان بەلاوە بنرێن و سەرجەم حزب و لایەنە سیاسیەکانی گۆڕەپانی سیاسی کوردستان، یەکدەنگ ویەکهەڵوێست بن، بۆ پاراستنی پیرۆزییەکان و رووبەڕوبوونەوەی مەترسییەکانی ئێستاو ئایندە.

داوا لە حکومەتی عێراقی فیدڕاڵ و هێزە دیموکراتییەکان دەکەین، لێکۆڵینەوەی جددی لەوبارەوە بکەن و رێگری لەو جۆرە  پێشێلکارییانە بکەن، کە دواجار میمبەری پێکەوەژیانی پێکهاتەکان و پاراستنی بەها دیموکراتیەکان و ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی لەعێراق دەخاتە مەترسییەوه.

دەستبردن و سوکایەتی کردن بە ئاڵای پیرۆزی کوردستان، بەهیچ شێوەیەک قبوڵکراو نییە و، دەبێ ئەنجامدەرانی بەزووترین کات رووبەڕووی یاسا بکرێنەوە.

ئێمە لەوەزارەتی پێشمەرگه، نیگەرانی قووڵی خۆمان دەردەبڕین و، راشیدەگەێنین꞉ وەک هێزی پێشمەرگەی کوردستان لەهەموو ئانوساتێکدا، پارێزەری خاک و ئاڵای پیرۆزی کوردستانین، وەک بیلبیلەی چاومان دەیپارێزین.

شۆڕش ئیسماعیل
وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان