نهێنی هێرشكردنه‌ سه‌ر سوله‌یمانی و مهندس ئاشكرا ده‌كرێ

كانون2/يناير 04, 2020

ئاژانسی (ڕۆیتەرز) وردەکاریی نوێی لە بارەی پلانێکی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێرانی ئاشکرا کرد کە بەرەبەیانی دوێنێ هەینی ٣ی ١ی ٢٠٢٠ لە لایەن ئەمریکاوە کوژرا.

 

ئاژانسەکە باسی لەوە کردووە کە لەم دواییانەدا قاسم سولەیمانی لەگەڵ ئەبو مەهدی موهەندیس و سەرکردەکانی میلیشیاکانی سەر بە ئێران کۆبووەتەوە و فەرمانی پێ کردوون کە بە هەندێک چەکی پێشکەوتووی ئێرانی پەلاماری هێزەکانی ئەمریکا بدەن.

 

ئەوەش ئاشکرا کراوە کە کۆبوونەوەکە لە ناوەڕاستی ئۆکتۆبەری ڕابردوو لە ڤێلایەک لەسەر ڕووباری دیجلە ئەنجام دراوە کە دەڕوانێتە سەر باڵوێزخانەی ئەمریکا لە بەغدا، ئەو کاتەش خۆپیشاندانی ناڕەزایی لە دژی هەژموونی ئێران لە بەغدا و شارەکانی دیکەی ناوەڕاست و باشووری عێراق ئەنجام دراوە.

 

ئاژانسە ئەمریکییەکە ئەوەشی ڕوون کردووەتەوە کە پلانەکەی قاسم سولەیمانی کە لە کۆبوونەوەکەدا قسەی لەبارەوە کراوە، ستراتیژی بووە. هەفتەیەک پێش ئەو کۆبوونەوەیەش، فەرمانی بە پاسداران داوە، چەکە پێشکەوتووەکانی ئێران لە ڕێگەی دوو دەروازەی سنوورییەوە بۆ عێراق بگوازنەوە، لە نێو ئەو چەکانەشدا، کاتیۆشا و مووشەکگەلێک هەبوون کە توانای خستنەخوارەوەی هەلیکۆپتەریان هەبووە.

 

هەر بەپێی هەواڵەکەی ڕۆیتەرز، لە ڤێلاکەی بەغدا، قاسم سولەیمانی داوای لە سەرکردەکانی حەشدی شەعبی کردووە، گرووپێکی نوێ بە جۆرێک درووست بکەن کە بۆ ئەمریکا نەناسراو بن، تاوەکوو لە ڕێگەی مووشەکەوە هێرش بکەنە سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە عێراق، بۆ ئەم کارەش کەتیبەکانی حزبوڵای ڕاسپاردووە تاوەکوو سەرپەرشتیی پلانە تازەکە بکەن.

 

لە راپۆرتەکەدا ئاشکرا کراوە کە هەواڵگریی ئەمریکا پێیوابوو، پیلانەکەی قاسم سولەیمانی لە قۆناغێکی پێشکەوتوو دایە و ئەگەر هەیە لە چەند وڵاتێکەوە گورزی سەربازی لە هێزەکانی ئەمریکا بوەشێندرێت، بۆیە کوشتوویانە.

 

ڕۆژی هەینی ٣ی ١ی ٢٠٢٠، رۆبێرت ئۆبراین، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا رای گەیاند، سولەیمانی پێش ئەوەی بکوژرێت، لە دیمەشقەوە پیلانی بۆ هێرشکردنە سەر سەربازانی ئەمریکا و فڕۆکەوان و هێزە دەریایی و دیپلۆماسییەکان دادەنا.

 

(ڕۆیتەرز) لە زاری فەرماندەیەکی حەشدی شەعبییەوە ئاشکرای کردووە کە قاسم سولەیمانی کەتیبەکانی حزبوڵای بۆ سەرپەرشتیکردنی هێرشکردنە سەر هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە هەڵبژاردووە، چونکە ئەوان توانای بەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیان هەبووە.

 

بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی ٣ی ١ی ٢٠٢٠، لە ڕێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە لە نزیک فڕۆکەخانەی بەغدا، هێرشکرایە سەر دوو ئۆتۆمبێل، دواتر ئاشکرا کرا کە لە ئەنجامی هێرشەکەدا قاسم سولەیمانی، ئەبو مەهدی موهەندیس و چەندان سەرکردە و بەرپرسی دیکەی حەشدی شەعبی کوژراون.

سه‌رچاوه‌: مالپه‌ری باسنیوز