په‌يامى پيرۆزبايى سكرتێرى گشتیى YNDK به‌بۆنه‌ى ساڵى نوێ

كانون2/يناير 01, 2020

بنه‌ماڵه‌ى سه‌ربه‌رزى شه‌هيدانى كوردستان ...
قاره‌مانان له‌ هێزه وڵاتپارێزە‌كانى پێشمه‌رگه ‌و گه‌ريلا و شه‌ڕڤانان ...
گه‌لی خۆڕاگری كوردستان ...

ساڵی نوێتان پیرۆزبێت ...
له‌كاتێكدا كه‌وا ساڵى 2019 ته‌واو ده‌بێت، هه‌موومان ئه‌وه‌ ده‌زانين كه‌وا ساڵى 2019 بۆ گه‌لى كوردستان ساڵێكى دژوارو سه‌خت بوو، له‌لايه‌ك به‌رده‌وامبوونی هێرش و شه‌ڕی نه‌خوازراوو سه‌پێنراوی لەشکرى تيرۆريستى تورکیا بۆ سه‌ر رۆژئاواى كوردستان وبۆردومانکردنى ناوچە سنوورییەکانى باشوورى کوردستان، له‌لايه‌كى ديكه‌وه درێژه‌دانی‌ حكومه‌تى ئێراق به‌ سياسه‌تى داگیرکردن و خۆسەپاندن لە کەرکووک و مەخموور و ناوچە دابڕێنراوەکانى باشوورى کوردستان، هه‌روه‌ها له‌ باكوورى كوردستان ده‌يان چالاكوان و خه‌ڵكى سڤيل شه‌هيد كران و ژمارەیەک پەرلەمانتار و سیاسەتڤانى کوردیش خرانە زیندانەوە، له‌ رۆژهه‌ڵاتى كوردستانيش ئه‌وه‌ ده‌بينين رۆژانه‌ رۆڵه‌كانمان زيندانى ده‌كرێن و له‌ سێداره‌ ده‌درێن، ئه‌و هه‌موو دژايه‌تيكردنه‌ى گه‌لى كوردستان له‌لايه‌ن تيرۆيستان و داگيركه‌ران و دوژمنان و ناحه‌زانى كوردستان هه‌مووى بۆ شكاندنى هه‌يبه‌تى گه‌لى كوردستان و له‌ناوبردنى ده‌سكه‌وته‌كانى بووه‌، به‌ڵام به‌خۆشحاڵييه‌وه‌ گه‌لى كوردستان به‌ يه‌كگرتوويى رووبه‌ڕووى ئه‌م هه‌ڕه‌شانه‌ بۆوه‌ته‌‌وه‌و (پێشمه‌رگه‌ و گه‌ريلا و شه‌ڕڤانان) له‌ يه‌ك سه‌نگه‌ردا كۆبوونه‌ته‌‌وه‌و به‌رگرى له‌ خاك و خه‌ڵكى كوردستان ده‌كه‌ن و، تا ئێستا به‌رده‌وام و رۆژانه‌ سه‌ركه‌وتنى مه‌زن له‌ ديرۆكى كوردستان تۆمار ده‌كه‌ن و، له‌ سه‌ركه‌وتنى يه‌كجارى نزيك ده‌بينه‌وه‌.
ئەم رەوشەى کوردستان لەهەموو لایەکمان دەخوازێت کەوا لە ساڵى نوێدا بە بەرنامەیەکى نوێى نەتەوەیى و نیشتمانى هەنگاوبنێین بۆ بەستنى کۆنگرەیەکى نەتەوەیى فراوان کەوا هەموو لایەنە سیاسییەکانى کوردستان تێیدا کۆببنەوە، بێگومان ئەمەش دەبێتە فکتەرێکى گرنگ بۆ یەکڕیزى و یەکدەنگى گەلى کوردستان.
لێره‌وه‌ به‌بۆنه‌ی ساڵی نوێ پیرۆزباییه‌كی گه‌رم ئاراسته‌ی بنه‌ماڵه‌ى سه‌ربه‌رزى شه‌هيدانى كوردستان و ته‌واوى هێزه‌كانى پێشمه‌رگه‌ى كوردستان و شه‌ڕڤانان و گه‌ريلا و هه‌موو لایه‌ك ده‌كه‌ین، هیوادارین ساڵی 2019 ناخۆشييه‌كانى له‌گه‌ڵ خۆيدا ببات و ساڵى نوێى 2020 ساڵی خێرو خۆشی بێت بۆ هه‌موو لایه‌كمان و، ببێته‌ ساڵی ئازادی كوردان و سه‌ربه‌خۆیی كوردستان.

له‌گه‌ڵ رێزو خۆشه‌ویستی دووباره‌ماندا ... هه‌ر بژین و شادو سه‌ركه‌وتووبن.


غه‌فوور مه‌خمووری
سکرتێرى گشتیى
یەکێتى نەتەوەیى دیموکراتى کوردستان YNDK
1 / 1 / 2020