بایك: داعش لە ڕووی سەربازیی و سیاسیی و كۆمەڵایەتییەوە بەردەوامە

كانون1/ديسمبر 30, 2019

سه‌رچاوه‌: خەڵك – بەشی هەواڵ

هاوسەرۆكی دەستەی بەڕێوەبەری كۆما جڤاكێن كوردستان (كەجەكە) پێی وایە، شەڕ و ئاڵۆزییەكان لە سوریا توندتر دەبنەوە.

جەمیل بایك هاوسەرۆكی دەستەی بەڕێوەبەری كۆما جڤاكێن كوردستان (كەجەكە) لە چاوپێكەوتنێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، “لە سوریا بەرامبەر داعش تێكۆشانێكی گەورە ئەنجامدرا، داعش گورزی گەورەی بەركەوت و ئەو ناوچانەی داگیری كردبوو لەدەستیدا، لەبەرئەوە توركیا خۆی دەستی بە شەڕ و هێرش كرد، هەموو كەسێك دەزانێت توركیا چووبێتە هەرشوێنێك لەوێ جێگیربووە و كێشەی دروستكردووە”.

هاوسەرۆكی دەستەی بەڕێوەبەری (كەجەكە) ئاماژەی بەوەشكرد، لەبەرئەوەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەسەر بناغەی دیموكراسی كێشەكان چارەسەر ناكرێن، گروپی وەك داعش دروست دەبن، ئەو دەنگۆیانەش كە لەبارەی كۆتایی هاتنی داعشەوە بڵاودەكرێنەوە ڕاست نین و داعش لە ڕووی سەربازیی و سیاسیی و كۆمەڵایەتییەوە بەردەوامە.

لەبارەی دۆخی سوریا و داهاتووی ناوچەكە و ئاڵۆزییەكان بۆ ساڵی داهاتوو، جەمیل بایك ڕوونیكردەوە:”لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەر كەس بۆ بەرژەوەندییەكانی شەڕ دەكات، لەبەرئەوە شەڕ بەردەوامە و بەردەوامیش دەبێت، لە سوریاش شەڕ قورستر و تێكەڵتر دەبێت، كاولكارییەكان زیاتر دەبن”.

سەبارەت بە باكووری كوردستانیش، جەمیل بایك پێیوایە كە (ئاكەپە) و (مەهەپە) ناتوانن دەسەڵاتەكەیان لە توركیا بەردەوامی پێبدەن، لەم پێناوەشدا هەوڵی قڕكردنی كورد دەدەن.