سه‌رۆكی هه‌رێم: هه‌رێم پێویستی به‌ هێزی یەکگرتوو، خاوەن بیروباوەڕی نیشتمانییه‌

تشرين2/نوفمبر 13, 2019

نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێم و فه‌رمانده‌ی گشتیی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌، به‌شداری له‌ رێوڕه‌سمی ده‌رچوونی خولی 26ی پێگەیاندنی ئەفسەرانی کوردستاندا له‌ كۆلێژی سه‌ربازیی زاخۆ كرد و تیایدا وتارێكی پێشكه‌ش كرد.


بارزانی جه‌ختیكرده‌وه‌، "هەرێمی کوردستان پێویستی بە هێزێکی چەکداری نیشتمانیی خاوەن دیسپلین و پرەنسیپی پێشکەوتووە، هێزی یەکگرتوو، خاوەن بیروباوەڕی نیشتمانی، لە سەرووی هەموو مەبەستێکی سیاسی، حیزبی، نەتەوەیی، ئایینی و مەزهەبییەوە بێت. هێزێکی گۆشکراو لەسەر بنەما مرۆییەکان و ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییەکانی تایبەت بە جەنگ". 


سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشمەرگەی بە سیمبوولی بەرخودان و ئازایەتی ناوبرد و وتی "پێشمەرگە و سەرجەم هێزە چەکدارەکانی کوردستان، هێزی خاوەن مۆراڵ و ئاشتیخواز و ژیاندۆستن، ئێوە خاوەن ئەم بیروباوەڕەن. پێشمەرگە کە لە جیهاندا بە سیمبولی ئیرادە و بەرگری لە ئازادی و شارستانیی مرۆڤایەتی ناسراوە، خاوەن ئەو پاشخانەیە لە بیروباوەڕ و بەهای مرۆیی".


 جێی باسه‌، 26ـەمین خولی دەرچووانی ئەفسەرانی پێشمەرگە لە زاخۆ به‌ڕێوه‌چوو، کە تێیدا 9 مانگ راهێنانیان پێکراوە و 233 قوتابی بڕوانامەی دەرچوون وەردەگرن، پلەکانیشیان لە مولازم تاوەکو عەقیدە.

سه‌رچاوه‌: مالپه‌ری نه‌ته‌وه‌