باشووری كوردستان به‌خۆپیشاندان پاڵپشتی له‌رۆژئاوا ده‌كات

تشرين2/نوفمبر 02, 2019

 ئاژانسه‌كان

لە شارەکانی سلێمانی، هەولێر، دەربەندیخان، چەمچەماڵ، ڕانیە، تەقتەق و کفری خۆپیشاندان بۆ پشتیوانی لە ڕۆژئاوا بەڕێوەدەچێت و  هەزاران کەس دروشمی بژی بەرخۆدانی ڕۆژئاوا دەڵێنەوە.

لە چوارچێوەی پشتیوانییەکان لە بەرخۆدانی ڕۆژئاوای کوردستان و دژی داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک لە ئێستادا لە چەندین شاری باشووری کوردستان بەڕێوەدەچێت.

کەمێک پێش ئێستا، ڕێپێوانی جەماوەریی شاری سلێمانی لە شاڕێی سالم (سەھۆڵەکە) بۆ بەردەم باخی گشتیی دەستیپێکرد، کە بۆ پشتیوانییکردن لە بەرخۆدانی ڕۆژئاوای کوردستان ڕێکخراوە.

ڕێپێوانەکە سەدان کەس لە ھونەرمەند، ڕۆشنبیر، چالاکوان، سیاسەتمەدار، ڕۆژنامەنووس، نوێنەری حزب و لایەنە سیاسییەکان، ژن و منداڵ و سەرجەم توێژە جیاجیاکانی شاری سلێمانی بەشدارییان تێدا کردووە.

خۆپیشاندەران ئاڵای یەپەگە، یەپەژە و ھەرێمی کوردستانیان بەرزکردووەتەوە، بەیەک دەنگ ھاوار دەکەن: ڕۆژئاوا تەنیا نییە کوردستان پشتیوانییە، بژی بەرخۆدانی ڕۆژئاوا، فاشیست ئەردۆغان.

هەر لە چوارچێوەی پشتیوانییەکان لە بەرخۆدانی ڕۆژئاوای کوردستان، لە ئێستادا بە بەشداری هەزاران کەس لە شاری هەولێر و شارۆچکەکانی دەربەندیخان، چەمچەماڵ، ڕانیە، کفری و تەقتەق  خۆپیشاندان و گردبوونەوە بۆ پشتیوانی لە ڕۆژئاوا بەڕێوەدەچێت بەشداربووان جگە لە وتنەوەی دروشمەکانی پشتیوانی بۆ بەرخۆدانی ڕۆژئاوا، پانکارتی پشتیوانی لە بایکۆتی کاڵاو شتومەکی تورکییان بەرز کردوەتەوە.

 

سه‌رچاوه‌ : رۆژ نیوز