تائێستا ٧٤ خۆپیشاندەری عێراقی کوژراون و به‌هه‌زارانیش بریندارن

تشرين1/أكتوير 28, 2019

ئاژانسه‌كان

بەهۆی خۆپیشاندانەکان لە بەشێک لە شارەکانی عێراق، لە سێ ڕۆژی ڕابردوودا ٧٤ کەس كوژراون و سێ ھەزار و ٦٥٤ کەسی دیكەش برینداربوون، ٩٠ بارەگای حیزبی و حکومی و شوێنی بەرپرسانیش سوتێنراون، تا ئێستاش جگە لە مانگرتنی فراکسیۆنی سائیرون پێنج پەرلەمانتار دەستیان لە کارکێشاوەتەوە و ئەمڕۆش پەرلەمان بۆ تاوتوێکردنی داوای خۆپیشاندەران کۆدەبێتەوە.

لە ٢٥ی ئەم مانگەوە خۆپیشاندانەکان لە بەغدا و چەند پارێزگایەکی دیکەی ناوەڕاست و باشووری عێراق دەستیپێکردەوه‌ كه‌ درێژكراوه‌ی خۆپیشاندانه‌كانی سه‌ره‌تای ئه‌م مانگه‌ بوو کە تێیدا  ١٠٧ كه‌س كوژران و نزیكه‌ی چوار هه‌زار کەسی دیكه‌ش برینداربوون، لە ئێستاشدا داواکاری خۆپیشاندەران لە دەستەبەرکردنی خزمەتگوزاریی و هەلی کارەوە گۆڕدراوە بۆ دەستلەکار کێشانەوەی حکومەت.

شەوی ڕابردوو بۆ سێیەم شەوی لەسەر یەک لە بەغدا و چەند پارێزگایەکی دیکەی عێراق خۆپیشاندان بەردەوام بوو، ئەمڕۆش بەشێک لە خوێندکارانی بەغدا و شارەکانی باشووری عێراق بۆ دووەم ڕۆژی لەسەر یەک بۆ پشتیوانی لە خۆپیشاندەران بایکۆتی دەوامیان کرد.

بە گوێرەی دواین ئامار کە کۆمیسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤی عێراق، لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاوی کردوەتەوە لە خۆپیشاندانەکانی سێ ڕۆژی ڕابردوودا لە بەغدا و چەند شارێکی دیکەی عێراق ٧٤ کەس كوژراون و سێ ھەزار و ٦٥٤ خۆپیشاندەر و ئەندامی هێزە ئەمنییەکانیش برینداربوون، کە زۆربەی ئەوانەی کوژراون لە شەڕوپێکدادانی نێوان خۆپیشاندەران و پاسەوانی بارەگا حزبییەکان کوژران و بریندارەکانیش زۆربەیان بەهۆی گازی فرمێسکرێژ بووە، هەروەها ٩٠ بارەگای حیزبی و حکومی و شوێنی بەرپرسانیش سوتێنراون.

لە دوای دووڕۆژ لە دەستپێکردنەوەی خۆپیشاندانەکان فراكسیۆنی سائیرونی سەر بە ڕەوتی سەدر، لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەستیان بە مانگرتن كرد و ئۆپۆزیسیۆنبوونی خۆیان ڕاگەیاند، بەوتەی خۆشیان تاوەکو داواكارییەکانی خۆپیشاندەران جێبەجێ نەکرێن بەردەوام دەبن لە خۆپیشاندانەکان.