Share this on Faceook

Follow us on Twitter

FacebookTwitterGoogle BookmarksPinterest
Pin It

Facebook

Twitter

Google Plus

YouTube

ئومێد بابان

بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەكشەممە، لە سەقەر و خڕیلەوەرانی رۆژهەڵاتی كوردستان، شەڕێكی قورس لە نێوان پێشمەرگەكانی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران و پارتی كرێكارانی كوردستاندا هەڵگیرسا و بە گوێرەی ئاژانسەكانی هەواڵیش، هێشتا شەڕ و پێكدادان بەردەوامە و قوربانیشی لێ كەوتووەتەوە.

 

ئەو شەڕەی نێوان حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران و پارتی كرێكارانی كوردستان لەم دۆخە ناسك و هەستیارەی ئێستادا جا بە هەر پاساوێك بێت، لە بەرژەوەندیی هیچ لایەكدا نییە و دووبارە نەشتەر بە برینەكانی ڕابردووماندا دەهێنێتەوە و شەڕی براكوژیی كورد و كوردمان دێنێتەوە یاد.

 

لە ساڵانی ڕابردوودا كە شەڕی خۆكوژیمان زۆر ئەزموون كرد، جگە لە ماڵوێرانی و نەهامەتی و كەمكردنەوە لە پێگەی سیاسی لە ئاستی نێودەوڵەتیدا، هیچی دیكەمان نەچنییەوە، بۆیە جێی خۆیەتی هەرچی زووە لایەنە سیاسییەكانی چوار پارچەی كوردستان بێنە سەر هێڵ و بەپەلە ئاگری ئەو شەڕە نەگریسە خامۆش بكەن.

 

ئێستا كە لە باشووری كوردستاندا شەڕی سەخت لەگەڵ تیرۆریستانی داعشدا درێژەی هەیە و كوردستانیان لەبری هەموو جیهان شەڕی تیرۆر دەكەن، لە ڕووی نێودەوڵەتییەوە هەرێم متمانەی زیاتری بە دەست هێناوە و ڕۆژ دوای رۆژیش سەنگی هەرێمی كوردستان لە كۆمەڵگای نێودەوڵەتیدا ڕوو لە هەڵكشانە، بۆیە ئەم شەڕە نەخوزراوە لەم ئان و ساتەدا، زیان بە ناوبانگی كوردستان لە ناوچەكە و جیهانیشدا دەگەیەنێت، لەبەر ئەوە پێویستە هەرسێ سەرۆكایەتییەكەی هەرێمی كوردستانیش هەڵوێستی ڕوون دەببڕن و دژی ئەو شەڕی براكوژییە بوەستنەوە و تەنانەت هەموو هەوڵێكیش بخەنە گەڕ تا شەڕەكە كۆتایی پێ بێت و چیدیكە خوێنی كورد بە دەستی كورد نەڕژێت.

دواجار ماوەتەوە بڵێین، ئێستا لە هەموو كات زیاتر كورد لە هەر چوار پارچەی كوردستاندا پێویستی بە یەكدەنگی و یەكهەڵوێستی هەیە و پشتیوانیكردنی یەكتریش، ئەركی لەپێشینە و سەرەكیی گشت لایەنە سیاسییەكانی كوردستانی گەورەیە، نەك دژایەتی و بوغزاندن و هەڵگیرساندنی شەڕی براكوژی.

بە درێژایی مێژووی كۆن و نوێ، قەت وەك ئێستا كورد یەكهەڵوێست و هاودەنگ نەبووە و ئەو یەكهەڵوێستی و هاودەنگییەش پاڵپشتیی زیاتری كۆمەڵگای نێودەوڵەتیمان بۆ مسۆگەر دەكات كە بۆ داهاتووی هەر چوار پارچە و لە هەموو ڕووەكانەوە گرینگ و جێبایەخە، بۆیە دەشێ ناكۆكییەكان بەلاوە بنێین و هەرچی زیاتر هەوڵی لێكتێگەیشتن و لێكنزیكبوونەوە بدەین، نەك لەجیاتی ئەوە، تەنانەت لە ململانێی سیاسیشەوە بۆ شەڕی براكوژی پەل بهاوێژین.