Share this on Faceook

Follow us on Twitter

FacebookTwitterGoogle BookmarksPinterest
Pin It

Facebook

Twitter

Google Plus

YouTube

نووسینی: غه‌فوور مه‌خمووری*

  گه‌لی كوردستان له‌پێناو مانه‌وه‌ی خۆیدا به‌ درێژایی مێژوو له‌ شۆڕش و خه‌بات و به‌رخودان به‌رده‌وامه ‌و، هه‌ر سه‌رده‌م و قۆناخێك كه‌سایه‌تییه‌كی وڵاتپارێز رێبه‌رایه‌تی شۆڕش و به‌رخودانی گه‌لی كوردستانیان كردووه‌و بوونه‌ته‌ سیمبۆڵی تێكۆشانی نه‌ته‌وه‌یی له‌ سه‌رده‌می خۆیاندا، وه‌ك نه‌مران ( شێخ ره‌زای دێرسم، شێخ مه‌حموودی حه‌فید، شێخ سه‌عیدی پیران، قازی محه‌ممه‌د ) و، ( مسته‌فا بارزانی نه‌مر ) كه‌ رێبه‌رایه‌تی درێژترین شۆڕشی گه‌لی كوردستانی كردووه‌، ئه‌و نه‌مرانه‌ هه‌ر یه‌كه‌و به‌پێی سه‌رده‌می خۆیان به‌رده‌وامییان به‌ خه‌بات و به‌رخودانی نه‌ته‌وه‌ییمان به‌خشیوه‌و بوونه‌ته‌ سیمبۆڵی شۆڕش و به‌رخودانی كوردستانییان.
له‌ دیرۆكی نوێی گه‌لی كوردستان له‌ دوای ( بارزانی نه‌مر )، سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی رێبه‌رایه‌تی شۆڕشی كوردستانی كردووه‌و تا ئیستاش به‌هه‌مان گیانی شۆڕشگێڕی و پێشمه‌رگایه‌تی رێبه‌رایه‌تی شۆڕش و به‌رخودانی گه‌لی كوردستان ده‌كات، لای ئه‌و كوردستان هه‌مووی یه‌كه‌، له‌ خه‌می پاراستن و پێشخستی باشووری كوردستاندایه‌ و به‌رده‌وام وه‌كو پێشمه‌رگه‌یه‌ك له‌ سه‌نگه‌ردایه‌و سه‌رپه‌رشتی به‌ره‌كانی شه‌ڕ ده‌كات و، پشتیوانی سه‌رخستنی پرۆسه‌ی ئاشتی باكووری كوردستانه‌ و له‌ هه‌وڵی له‌یه‌كدی نزیككردنه‌وه‌ی لایه‌نه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی كوردساندایه‌و، به‌هانای رۆژئاوای كوردستانه‌وه‌ ده‌چێت بۆئه‌وه‌ی ( كۆبانێ ) نه‌كه‌وێت، ئه‌و هه‌ڵوێستانه‌ی‌ سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی زۆر له‌ هه‌ڵوێسته‌كانی ( بارزانی نه‌مر ) ده‌چێت كاتێ به‌ هانای شۆڕشی شێخ مه‌حمووده‌وه‌ ده‌چێت و، هه‌روه‌ها به‌شداری له‌ دامه‌زراندن و پاراستنی ( كۆماری دیموكراتی كوردستان ) له‌ مه‌هابادی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان ده‌كات و، هاوكاری خوشك و برایانی رۆژئاواو باكووری كوردستان ده‌كات بۆ دامه‌زراندنی ( پارتی دیموكراتی كوردستان ) له‌ باكوورو رۆژئاوای وڵات، له‌ باشووردا كه‌ رێبه‌رایه‌تی شۆڕشی ئه‌یلولی كردووه‌ به‌رده‌وام سه‌رپه‌رشتی و به‌شداری شه‌ڕه‌كانی كردووه‌ و له‌گه‌ڵ پێشمه‌رگه‌دا له‌ به‌ره‌كانی شه‌ڕدا ماوه‌ته‌وه‌، ئه‌و كاره‌ نه‌ته‌وه‌ییانه‌ی ( بارزانی نه‌مر ) ره‌نگدانه‌وه‌یان له‌سه‌ر كارو خه‌بات و تێكۆشانی ئێستای سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی هه‌یه‌، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر سه‌یری كارو هه‌ڵوێسته‌كانی سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی بكه‌ین ده‌بینین خه‌می ئه‌و خه‌می نه‌ته‌وه‌یه‌و به‌رده‌وام له‌ خه‌می خاك و خه‌ڵكدایه‌، خه‌می نه‌ته‌وه‌ واته‌ خه‌می خاك و خه‌ڵك، خه‌می خاك لای ئه‌و واته‌ گه‌یشتن به‌دوا سنووری كوردستان و پاراستنی ئه‌و سنوورانه‌، خه‌می خه‌ڵك لای ئه‌و واته‌ خه‌می پاراستنی كلتورو دیرۆك و شارستانییه‌ت و به‌ها مرۆییه‌كانی خه‌ڵكی كوردستان، خه‌می خه‌ڵك لای ئه‌و واته‌ گه‌یاندنی خه‌ڵكی كوردستان به‌ كه‌نارێكی ئارام، ئه‌مه‌ش واته‌ دیاریكردنی سنووری كوردستان و راگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان له‌ چوارچێوه‌ی ئه‌و سنووره‌دا،
به‌رده‌وام جه‌ختكردنه‌وه‌ له‌سه‌ر پرسی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان لای سه‌رۆك بارزانی له‌و روانگه‌وه‌ دێت كه‌وا پرسی بڕیاردان ‌و دیاریكردنی مافی چارەنووس مافی رەوای هەر گەل و نەتەوەیەكە، لەرابردووشدا زۆربەی بزاڤە رزگاریخوازەكانی جیهان لەڕێی بەكارهێنانی ئەو مافە گەیشتوونەتە خەونی نەتەوەیی خۆیان، نەتەوەی كوردیش وەك دێرینترین نەتەوەی ناوچەكە‌ و وەك هەر نەتەوەیەكی دیكە مافی رەوای خۆیەتی كە خۆی بڕیاری چارەنووسی خۆی بدات بە تایبەت لەم سەردەمەدا كە سەردەمی سەرخۆبوونی نەتەوە ژێردەستەكانە.
سەرۆك بارزانی به‌رده‌وام لە دیدگایەكی نەتەوەیی ‌و نیشتمانی بەدوای چارەسەری پرسی رەوای گەلی كوردستانەوەیە‌و هەوڵی بۆ دەدات، ئه‌و هه‌وڵانه‌ی سه‌رۆك بارزانی بوونه‌ته‌ پەیامێك بۆ كۆمەڵگای نێودەوڵەتی كە تاكە چارەسەری بنەڕەتی پرسی كورد دیاریكردنی مافی چارەنووسە لەلایەن گەلی كوردستانەوە، هەر كاتێكیش كورد ئازادانە بڕیار لە چارەنووسی خۆی بدات بڕیار لەسەر سەربەخۆیی كوردستان دەدات، كۆمەڵگای نێودەوڵەتیش باش له‌و په‌یامه‌ی سه‌رۆك بارزانی گه‌یشتووه‌ و، هەستی بەمە كردووە كه‌وا خواستی گه‌لی كوردستان سه‌ربه‌خۆیی كوردستانه‌، له‌مه‌ش گه‌یشتوون بێ چارەسەری بنەڕەتی پرسی كورد زۆر زەحمەتە رۆژهەڵاتی ناڤین ئه‌و هێمنی و ئارامییه‌ بەخۆیەوە ببینێت كه‌ كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی خوازیاریه‌تی، بۆیە ماوەیەكە چارەسەری ریشه‌یی پرسی كوردو دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستان لەلایەن زۆر كەسایەتی گرنگ ‌و ناوەندی نێودەوڵەتی بۆته‌ بابه‌تێكی گرنگ و به‌ بایه‌خه‌وه‌ باسی لێوەدەكرێت ‌و بە شێوەیەكی ئاساییش وەردەگیرێت، بێگومان بڕیاری دیاریكردنی مافی چارەنووس لەلایەن گه‌لی كوردستانەوە واتە راگەیاندنی دەوڵەتی كوردستان، سەربەخۆیی و دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستانیش واتە سەقامگیربوونی هێمنی ‌و ئارامی و ئاسایش لە رۆژهەڵاتی ناڤیندا، هه‌موو لایه‌ك ئه‌وه‌ ده‌زانن كه‌وا گه‌لی كوردستان زوڵمێكی مێژوویی لێكراوه ‌و خاكه‌كه‌ی دابه‌ش و داگیركراوه‌ و خه‌ڵكه‌كه‌ی رووبه‌ڕووی سته‌م چه‌وسانه‌وه‌ بۆته‌وه‌ و، پێویسته‌ كەوا كورد وەك هەر نەتەوەیەكی دیكە مافی رەوای وه‌ربگرێته‌وه‌و سەربەخۆ بێت و دەوڵەتی نەتەوەیی خۆی هەبیت، ئمه‌ش وایكردووه‌ زۆر ناوه‌ندو كه‌سایه‌تی جیهان به‌بایه‌خه‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌م پرسه‌ هه‌ڵوه‌سته‌ بكه‌ن و، پشتیوانی خۆیان بۆ هه‌وڵه‌كانی سه‌رۆك بارزانی رابگه‌یه‌نن‌، ئه‌وه‌ش مایه‌ی خۆشحاڵییه‌ و هێڤی و رۆشناییه‌كیان به‌ داهاتوومان به‌خشیوه‌.
ئه‌م تێكۆشان و هه‌وڵانه‌ی سه‌رۆك بارزانی پێویستی به‌ پشتیوانییه‌كی كوردستانی هه‌یه‌ و پێویسته‌ هه‌موو لایه‌نه‌‌ سیاسییه‌كان و سازییه‌ مه‌ده‌نییه‌كان و جه‌ماوه‌ری كوردستان پشتیوانی جه‌نابیان بن، له‌به‌رئه‌وه‌ی تێكۆشانی جه‌نابیان له‌م پێناوه‌دا بۆ گه‌لی كوردستانه‌ و بۆ نه‌هێشتنی سته‌م و داگیركارییه‌، هه‌وڵه‌كان له‌پێناو سه‌ربه‌خۆیی كوردستان پێگه‌ی كوردستانیان له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تی به‌هێزتر كردووه‌، ئه‌م پێشكه‌وتنانه‌ وایكردووه‌ كه‌وا دوژمن و ناحەزان پێیان هه‌رس نه‌كرێ، بۆیه‌ لە هەوڵی ئەوەدان پێگەی كوردستان لاواز بكەن‌و بەردەوام گرفتی جۆراوجۆری بۆ دروست دەكەن، واتە بەردەوام مەترسیمان لەسەرە‌و لە رەوشێكی ناسك‌و هەستیار داین، له‌لایه‌ك هێرش و شه‌ڕی تیرۆریستانی داعش و له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ هەڕەشەكانی ئێستای حكومەتی ئێراق و هه‌ڵوێستی نه‌یارانه‌ی هه‌ندێ ناوه‌ندی شۆڤێنی عه‌ره‌بی ئه‌مانه‌ هه‌موویان لەو چوارچێوەیەدان، تیرۆریستانی داعش و حكومه‌تی عێراق و ئه‌و ناوه‌نده‌ عه‌ره‌بییانه‌ له‌ روانگه‌ی ( هزری شۆڤێنی عه‌ره‌بی و په‌ڕگیری ئایینی )یه‌وه‌ سه‌یری پرسی كورد ده‌كه‌ن و شه‌ڕی گه‌لی كوردستان و سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی ده‌كه‌ن، تیرۆریستانی داعش به‌ هێرش و ترس و تۆقاندن و عێراق بە سیاسه‌تی برسیكردنی خه‌ڵك و هه‌ندێ ناوه‌ندی عه‌ره‌بی به‌ نووسین و شرۆڤه‌ی ژه‌هراوی، هه‌موویان له‌ هه‌وڵی لاوازكردنی پێگه‌ی كوردستاندان، بۆیه‌ له‌سه‌ر هه‌موو لایه‌كمان پێویسته‌ یه‌كڕیزو یه‌كده‌نگ بین و پشتیوانی سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی بین بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئه‌و هه‌ره‌شانه‌، حكومه‌ته‌كانی پێشووی عێراق به‌ سیاسه‌تی قڕكردن و به‌عه‌ره‌بكردن دژایه‌تی گه‌لی كوردستانییان ده‌كرد، حكومه‌تی ئێستای عێراقیش سیاسه‌تی برسیكردن دژ به‌ گه‌لی كوردستان پێڕه‌و ده‌كات، بێگومان سیاسه‌تی برسیكردن ئه‌ویش له‌ كانی لیخنی قڕكردن و به‌عه‌ره‌بكردنه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی گرتووه‌، درێژه‌پێدانی هه‌مان سیاسه‌تی دۆژمنكارانه‌ی رژێمه‌كانی پێشووه‌ به‌ڵام به‌ڕه‌نگێكی دیكه‌، بۆیه‌ له‌سه‌ر هه‌موو لایه‌كمان پێویسته‌ به‌ وریایی و یه‌كگرتووییه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌م ره‌وشه ناسكه‌‌دا بكه‌ین و، هه‌موومان له‌ یه‌ك سه‌نگه‌ردا كۆببینه‌وه‌ و، به‌ كارنامه‌یه‌كی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی ئه‌و هه‌وڵه‌ نه‌زۆكانه‌ پوچه‌ڵ بكه‌ینه‌وه‌ و له‌باریان ببه‌ین.
دبلۆماسییه‌ت و سیاسه‌ت و هه‌وڵه‌كانی سه‌رۆك بارزانی له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تی بۆ له‌ گۆڕنانی خه‌ونی دوژمن و ناحه‌زان و، خستنه‌ڕووی مه‌ترسییه‌كانی سه‌ر گه‌لی كوردستان، كه‌شێكی نوێی بۆ تێگه‌یشتنی زیاتر له‌ پرسی كورد خوڵقاندووه‌ و، وایكردووه‌ كه‌وا كۆمه‌ڵگای نیوده‌وڵه‌تی وه‌كو ئه‌ركێكی مرۆیی و ئه‌خلاقی به‌هانای كورده‌وه‌ بێن و له‌ هه‌ڕه‌شه‌كان بیپارێزن، ئه‌مه‌ش وایكردووه‌ دۆست و پشتیوانی زیاتر بۆ كورد په‌یدابن، ئه‌و پشتیوانییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌ له‌ ئێمه‌ ده‌خوازێ كه‌وا له‌ ناوخۆدا یه‌كبین، له‌به‌رئه‌وه‌ی یه‌كبوونمان هێزێكی زیاترمان پێده‌به‌خشێت و به‌ره‌و سه‌ركه‌وتنمان ده‌بات، بۆئه‌مه‌ش پێویسته‌ به‌زووترین كات ناوه‌ندی سیاسی كوردستان رێك و یه‌كبخرێته‌وه‌و مامه‌ڵه‌یه‌كی ته‌ندروست له‌گه‌ڵ ته‌واوی هێزو لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی كوردستان بكرێت و په‌راوێز نه‌خرێن، هه‌روه‌ها پێویسته‌ بیروڕاو بۆچوونی وڵاتپارێزان و دڵسۆزانیش به‌هه‌ند وه‌ربگیرێت، له‌هه‌مان كاتدا پێویسته‌ ناكۆكییه‌كانمان وه‌لانێین و بیر له‌ داهاتوومان بكه‌ینه‌وه‌ و، سوود له‌و ده‌رفه‌ته‌ زێڕینه‌ وه‌ربگرین و داهاتووی نه‌ته‌وه‌ییمانی له‌سه‌ر بنیات بنێین.
7 / 3 / 2015
هه‌ولێر _ كوردستان
* سكرتێری گشتیی یه‌كێتی نه‌ته‌وه‌یی دیموكراتی كوردستان YNDK
‌‌ تێبینی: ئه‌م وتاره‌م ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 9 / 3 / 2015 ، له‌ ژماره‌ی ( 1017 )ی گۆڤاری گوڵان بڵاوبۆته‌وه‌.