Share this on Faceook

Follow us on Twitter

FacebookTwitterGoogle BookmarksPinterest
Pin It

Facebook

Twitter

Google Plus

YouTube

   ناودارێك دەڵێت : "ئەگەر دەتەوێت ئاستی پێشكەوتنی وڵاتێك بزانێت، گوێ لە مۆسیقاكەیان بگرە"، یەكێ تر پێیوایە پێوەری پێشكەوتنی هەر كۆمەڵگەیەك، ئاستی ئازادییەكانی ئافرەتە تێیدا. ڕەنگە خەڵكێك بچێتە نەمسایش و نەشزانێت مۆزارت كێیە و گوێگرتن لە مۆسیقا یانی چی، یان هەر تاقەتی ئەوەی نەبێت سۆراخی پرسی ئافرەت و ڕاددەی گەیشتن بە مافەكانی تاوتوێ بكات. بەڵام لە هەر كوێیەك بێت، دێتە نێو شەقام و بە هاسانی لە هاتوچۆی خەڵكەكە زۆر شت دەخوێنێتەوە. دەبا پێكەوە دابەزینە نێو شەقامی كوردیی هەرێم و لە ترافیكییەوە هەندێك ڕاستی هەڵێنجین و ببینین تا چەند ئەم ترافیكە ڕەنگدانەوەی ژیانی ئێمەی پێوە دیارە!

دەگمەن وایە هەر یەكێك لە ئێمە، ناوە ناوە یان بۆ سەفەری دوور، بە وردی ماشێنەكەی بپشكنێت و لە كەموكووڕییەكانی دڵنیابێتەوە. جا پلان و ئامادەكاری بۆ چییە؟ (بە تەمای خوا) و بێ خۆبەستنەوە بە هۆكار و ئامرازی بەردەست بكەوە ڕێ و تا ئەو جێیەی بڕدەكات لێیخوڕە. لە كوێ پەكت كەوت، لەوێدا بە دوای چارەسەردا بگەڕێ، ڕێك وەك گەلێك لەو كار و پڕۆژانەی حكومەت ئەنجامیان دەدات !.

خۆ هەر كە هاتییە نێو شەقامەوە ئەوە دەرك پێدەكەیت كە ژیان لای ئێمە كێبركێیە، كێبركێیەكی بێتام كە هیچ ڕێسایەك چ وەك مۆڕاڵ چ وەك یاسا، هەڵسوكەوتی تاك ڕەنگڕێژ ناكات مەگەر لەسەر ئاستی تاكە كەسەكە خۆی نەبێت یان ئەوەتە پشتی نەبێت و ترسی سزا (كە بۆ بێپشتان چەند قاتە) ملكەچی یاسای بكات. ئیدی ئازا ئەوەیە خۆی دەربازكات و لە كورتترین ماوەدا زۆرترین مەودا ببڕێت. چی تێدایە ئەگەر لای چەپیش دەرفەتی پێشكەوتن و لێكڕەتبوون نەبوو خۆ لای ڕاست مشك نەیخواردووە! ڕێك وەك هەڵبژاردن، ئەگەر دەرفەتی دەنگ هێنانت نەبوو لە ڕێگای وەدەستهێنانی متمانەی دەنگدەر، ئەوە تەزویرە فەندی بسكەی سمێڵی دێت و لە خزمەتدایە و هێندەت پێشدەخات كە خۆشت ئەو چاوەڕوانییەت لە ئەنجامی هەڵبژاردن نەبووە!

جاری وا هەیە تۆ پەلەتە و دەتەوێت زوو بگەیت، برادەرێك لە پێشتەوە هێڵی خێرای لێگرتوویت و بۆ خۆی سەرمەستی دەنگی ڕیكۆردەرەكەیەتی یان چەرەز دەشكێنێت و لە جامەكەشیەوە بۆ ئەوەی كرێكارانی شارەوانی تووشی بێكاری نەبن توێكڵ و پاشماوەكانی بەسەر شەقامدا پەرشدەكاتەوە! پێشی وایە ئازادی مانای وایە چۆنم پێخۆشە وادەكەم و ئەوەی بەرامبەریش چی لەدەستنەهاتووە با بیكات! بۆیەش ئەگەر ئاگاداری كەیتەوە بە تیشك یان بە هۆڕن، ئەوە وەك فیشەكەشێتە دەچێت بە ئاسماندا و ڕەنگە دوو سێ جنێوی مزریشت پێبدات! ڕێك وەك حاڵی فەرمانگەكان، فەرمانبەر بە میزاژی خۆی كاردەكات و سەعات هەشت و نیوی بەیانییە، ئەو خەریكە ناشتایی دەكات لە فەرمانگەكەی و ئەگەر ڕەخنەی ئەوەی لێبگریت كە بۆچی بە ئەركی خۆی ڕانابێت، ئەوە هەر زوو پێتدەڵێت: "چییە هاتووی وەتەنییاتمان پێبفرۆشی؟!"، دوور مەبینە دەنگیشی بەسەرتدا بەرزكاتەوە و قەرزاریشت بكاتەوە. وەك چۆن ئەوەی لە شەقامدا هێڵی خێرات لێدەگرێت و قەرەباڵخی سازدەكات، ئەویش لە فەرمانگەكەی بە هەمان شێوە.

زۆر جار دەبینرێت دوو ماشێن بە ڕێڕەوی خۆیاندا ڕێدەكەن، هی سێیەمیان خۆ دەترنجێنێتە نێوانیان و پێشیان دەكەوێت و هەردووكیشیان ناچار دەكات لە ڕێڕەوی خۆیان لابدەن، ئەمە ئەگەر كارەساتیشی لێنەكەوێتەوە. كە پێشیشیان كەوت، هەست بە ئازایەتی دەكات لە ناخی خۆیدا. نەوەك شەرم لە هەڵسوكەوتە هەرزە و مناڵكارانەكەی خۆی بكاتەوە! دنیای سیاسەت و بازرگانی و كارگێڕی و خوێندن لەم وڵاتە سیخناخن بە نموونەی ئەو چەشنە كەسانە، كە لای ئەوان پێشكەوتن بە هەر شێوازێك بێت پێویستی بە مۆڕاڵیتی نییە و نەك هەر خودی ئەو كەسە، خەڵكی دیش بە جێی ئەوەی لە دژی هەڵوێست وەربگرن، گەواهی بۆ دەدەن و دەڵێن: "كابرا ئازا بوو، خۆی گەیاندێ!".

دیاردەیەكی دیكەش كە زۆر بە زەقی بە ئێمە و وڵاتە خەوتووەكانی دیكەی دنیای سێیەمەوە دیارە، هۆڕن لێدانە. ئەگەر بە ڕێگاوە بیت و شوفێری بكەیت، مێشكت جەنجاڵە، بەوەی ئەها چۆن لە چەپ و ڕاستەوە بێئامان پێشتدكەون، ها ئەوە شكاندییەوە بە سەرتدا و لە دەستی دەبێت ڕاكەیت،ها ئەوی دی دەیەوێت پێچكاتەوە و بە پێش تۆشدا ڕەتدەبێت نەوەك چاوەڕێ بێت تۆ تێپەڕیت و ئنجا بۆ فلكەكە مل بنێت. هەموو ئەو دیمەنانە لەگەڵ ئاوازی ناسازی هۆڕنەكان هارمۆنیایەك لە جەنجاڵی و ژاوەژاو لە مێشكتا دەسازێنن و چارت نییە دەبێت تووڕە و دەمارگرژ بیت. ڕێك وەك ئەو ژاوەژاوەی لە بازاڕ، لە نەخۆشخانە، لە فەرمانگەكان، تەنانەت لەنێو ماڵەكانیش هەمانە. ژاوەژاو سیمای ژیانی ئێمەمانانە!

دەبینیت یەكێكی دی زۆر بە خێرایی بە نێو ئوتۆمبێلەكاندا زیگزاگ لێدەدات و زۆر لە خێرایی ڕێپێدراوی ڕەتداوە، كەچی هەر كە تارمایی كامێرای هاتوچۆ لە دوورەوە دەركەوت، ئیدی هێندە خاودەبێتەوە كە هەر وادەزانیت بە دوای تەرمێكەوە بە هێمنی ڕێدەكات! دوو بست لە زوومی كامێرا بەو لاوە، وای تێدەتەقێنێت، تۆز لە ڕێگا هەڵدەستێنێت. ئاخر فسفسپاڵەوانی لەو چەشنەشمان هەن كە ڕەنگە لە بەردەم كامێراكانەوە وەك قارەمانی جەنگی دژەداعش خۆبنوێنن و لە ژێریشەوە سەروكاری بازرگانییان لەگەڵیاندا هەیە!

بە ڕێگاوەیت و بابای پێشت جامی ماشێنەكەی دادەگرێتە خوارەوە، قنچكە جگەرە، قوتیی خواردنەوە، توێكڵی میوە، زەرفی نایلۆن، كوڕە جا چی فڕێنادات! خۆ ئەگەر بیخەیتە بەردەم كامێرایەكەوە، ڕەنگە ئامۆژگاریی خەڵكیش بكات بەوەی دەبێت ژینگەی ئەم وڵاتە بپارێزین و پیرۆز تێی بڕوانین! نەك هەر ئەوە، بەڵكو پلانی چاكسازیش دەخاتە بەردەمی حكومەت و لایەنی بەرپرس. ڕێك وەك ئەو نوێژخوێنە دووفاقەی پشتی مەلا بەرنادات لە مزگەوت و لە بازاڕیش تاكی نییە لە قۆڵبڕی!

خۆ ئەگەر باسی ئەوە بكەین كە چ ناسازییەك هەیە لە نێوانی شوفێر و مۆدێل و بەهای سەیارەكەی، ئەوە دەزانین كە تا چەند نادادی لەم وڵاتە بەرقەرارە. دەبینیت مامۆستای زانكۆیە و ئوتومبێلێكی سادەی هەیە، بەڵام بەرپرسێكی حیزبیی پاشەڵپیسی گەندەڵ كۆڵێك دەفتەری بە ماشێنێكی بەرزی دوامۆدێل داوە و لووتی هێندە بەرزبۆتەوە، بەرپێی خۆی نابینێت! هونەرمەندێكی كرێچیش دەبینیت هەموو تەمەنی خۆی بە هونەری كوردی بەخشیوە، كەچی ماشێنێكی شڕەی كۆنی هەیە، دەمڕووتێكی پارەداریش هەر خەریكی جرت و فرتە بەو ماشێنەی لە فڵانە وڵات بە تایبەتی بۆی هاتووە و خەریكی هەوەسبازییە پێی.

ئەمن لەمەودوا بچمە هەر وڵاتێكەوە بەر لەوەی بچمە كۆنسێرتێكی موزیك و گوێ بۆ ژەنیارەكانیان بگرم، یان لە مەودای ئازادیی ئافرەتەكانیان وردببمەوە، تەنێ سەیری ترافیك و شێوازی هەڵسوكەوتیان لەگەڵ ڕێگا دەكەم. لەوێوە دكارم بێژم ئەو خەڵكە لە چ ئاستێكی هۆشیاریدان و چەند پابەندن بە یاسا و چەند ڕێز لە یەكتری دەگرن و چەندیش بەندیوارییان بۆ وڵاتیان هەیە و دواجاریش چەندە پێشكەوتو