غەفوور مەخمووری

سەددەی بیست و یەك سەددەی گۆڕانكارییەكانە، زۆر نەتەوەی بندەست سوودیان لەو گۆڕانكارییانە وەرگرتووەو بە خەونی نەتەوەیی خۆیان گەیشتوون، ئێمەی كوردیش پێویستە سوود لەو گۆڕانكارییانە وەربگرین، بەتایبەت ئێستا كەوا رۆژهەڵاتی ناڤین هەر هەمووی لە رەوشێكی زۆر هەستیارو ناسك و لەبەردەم هاتنە پێشی كۆمەڵێ‌ ئەگەرو پێشهات و گۆڕانكاری گرنگدایە، بۆیە لەسەر هەموو لایەكمان پێویستە بیر لە بەرژەوەندی نەتەوەییمان بكەینەوەو خۆمان ئامادە بكەین بۆ ئەو ئەگەرو پێشهات و گۆڕانكارییانەی كە دێنەپێشەوە، بۆ ئەمەش دەبێ‌ هەموو لایەكمان كار بۆ یەكێتی و یەكڕیزی كوردان بكەین بۆئەوەی لە ناوچەكەدا بوونی كاریگەری خۆمان بسەلمێنین و بەرەو ئایندەیەكی گەش هەنگاو بنێین و لە داهاتووی نزیكدا بە مافە رەواكانمان بگەین، فاكتەری سەرەكیش بۆ گەیشتنمان بە دواڕۆژێكی گەش یەكێتی و یەكڕیزی و یەكدەنگیمانە.
بێگومان ئەمڕۆ سەردەم سەردەمی رزگاری و ئازادی نەتەوە چەوساوەكانە لەژێردەستی و دكتاتۆرییەت، لە سەددەی رابردوودا هەڵوەشانەوەی یەكێتی سۆڤیەتی پێشوو هەلی بۆ كۆمەڵێ‌ نەتەوەی چەوساوەو ژێردەست رەخساند كە ئازاد بن و سەربەخۆیی خۆیان رابگەیەنن و ببنە خودان دەوڵەتی نەتەوەیی خۆیان، لەم سەددەیەشدا شۆڕش و راپەڕینەكانی وڵاتانی عەرەبی دژی زوڵم و نایەكسانی و دكتاتۆرییەت كە لە ئەفریقاوە دەستی پێكردووەو تا ئەو دەوروبەرەی ئێمە هاتووەو بەردەوامە، كاریگەری خۆی دەبێت بۆ سەر كاروانی خەباتی نەتەوە ژێردەستەكان، بزاڤی رزگاریخوازی نیشتمانی كوردستان لەسەر ئاستی كوردستانی مەزن دەتوانێت سوود لەم هەل و گۆڕانكارییانە وەربگرێت و، بە كارنامەیەكی نەتەوەیی و نیشتمانیی سەردەمییانە بەرەو رزگاری و ئازادی و سەربەخۆیی كوردستان هەنگاو بنێت، بۆ ئەمەش پێویستیمان بە چەترێكی نەتەوەیی هاوبەشە، بوونی چەترێكی نەتەوەیی و نیشتمانی بۆ بزاڤی رزگاریخوازی نیشتمانیی كوردستان لەسەر ئاستی كوردستانی مەزن پێویستییەكی بابەتی و دیرۆكییەو، بۆ ئەمەش بەستنی كۆنگرەیەكی نەتەوەیی سەرتاسەری بە بەشداری تەواوی هێزو لایەنە سیاسییەكانی هەموو بەشەكانی كوردستان و نوێنەرانی رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی باشترین كاری نەتەوەیی و نیشتمانییە، لە كۆنگرەیەكی وادا پێویستە رەچاوی رەوشی كوردانی ئاسیای ناڤین و كوردانی لوبنان و ئوردەن بكرێت و نوێنەری ئەوانیش بانگهێشت بكرێن بۆ كۆنگرەكە، لەبەرئەوەی ئەوانیش خوشك و براو كەس و كاری ئێمەن و نابێت لەبیریان بكەین، هەروەها بە باشی دەزانین كەسایەتی نەتەوەیی و سەربەخۆیش بانگهێشت بكرێن بە تایبەت بەڕێزان بیرمەندی نەتەوەییمان پرۆفیسۆر د. جەمال نەبەز و د. جەواد مەلا و هەموو ئەوانەی كەوا كار بۆ یەكێتی كوردان دەكەن، پێویستە لە كۆنگرەكەدا نوێنەری نەتەوەو پێكهاتەكانی دیكەی كوردستانیش ئامادەبن لەبەرئەوەی ئەوانیش لەگەڵ ئێمە دەژین و هاونیشتمانی ئێمەن.
بێگومان بەستنی كۆنگرەی نەتەوەیی بۆ خۆئامادەكردنی كوردان لەسەر ئاستی نەتەوەیی و داڕشتنی ستراتیژێكی نەتەوەیی بۆ بزاڤی رزگاریخوازی نیشتمانی كوردستان یەكێكە لە ئەركە بەپەلەكانی ئەم قۆناخەی خەباتی كوردان، كۆبوونەوەی فراوانی حيزب و لایەنە سیاسییەكانی كوردستانی مەزن لە 22 / 7 / 2013 كە لەسەر بانگهێشتی فەرمی بەڕێز كاك مەسعود بارزانی سەرۆكی كوردستان و لە كۆشكی سەرۆكایەتی كوردستان ئەنجامدرا، دانانی بەردی بناخەی ئەم چەترە نەتەوەییە بوو، لەهەمان كاتدا رووداوێكی نموونەیی و مێژوویی بوو لە دیرۆكی كوردستاندا، لەبەرئەوەی ئەوە یەكەم جارە لەسەر خاكی كوردستان و لەسەر ئەو ئاستەو بەو شێوەیە كورد بۆ یەكێتی كوردان كۆدەبنەوەو بڕیار لەسەر بەستنی كۆنگرەی نەتەوەیی دەدەن، نەتەوەی كورد دوای چاوەڕوانییەكی زۆر خەونی چەندین ساڵەی دێتەدی و بەچاوی هیواوە لەم كۆنگرەیە دەڕوانێت، بۆیە پێویستە كۆنگرەی نەتەوەیی زۆ بەوردی لەسەر ئەم خاڵانە بوەستێ‌ و كاریان بۆ بكات:
1- داڕشتنی ستراتیژێكی نەتەوەیی یەكگرتوو بۆ كوردستانی مەزن.
2- داڕشتنی ( پەیمانی نەتەوەیی ).
3_ گەیاندنی پەیامی ئاشتی.
4- دامەزراندنی ( ئەنجوومەنی نەتەوەیی ) یا ( سەنتەری بڕیاری نەتەوەیی ).
5- دیاریكردنی رێبەری نەتەوەیی كورد.
داڕشتنی ( ستراتیژی نەتەوەیی ) بۆ كوردان لەم كاتەدا پێویستییەكی دیرۆكی و بابەتییە، بۆیە پێویستە لەم كۆنگرەیەدا بە رەچاوكردنی تایبەتمەندی هەر بەشێكی كوردستان، ستراتیژێكی نەتەوەیی یەكگرتوو بۆ قۆناخی داهاتووی كارو خەباتی گەلی كوردستان دابڕێژرێت و، بكرێتە كارنامەی هەموو لایەك، لە كاتی بەستنی كۆنگرەیەكی وادا پێویستە لایەنە سیاسییەكانی هەر بەشێكی كوردستان داخوازییەكانی خۆیان بۆ ئەم قۆناخەی خەبات یەكبخەن و لە ژێر تیشكی ئەمەشدا ستراتیژێكی نەتەوەیی یەكگرتوو لەسەر ئاستی نەتەوەیی دابڕێژین، بێگومان دیارە ستراتیژی نەتەوەیی واتە سەربەخۆیی و دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستان، لەهەمان كاتدا بۆ هەر بەشێكی كوردستانیش چی لەم قۆناخەدا وەدەستدێ‌ وەدەستی بێنین و، وەك هەنگاوێك بەرەو سەربەخۆیی و دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستان لێبڕوانین، ئەگەر بەم شێوەیە كاربكەین ئەم كۆنگرەیە جگە لەوەی دەبێتە چەترێكی نەتەوەیی، داخوازییەكانی گەلی كوردستانیش یەكدەخات و لەو پەرش و بڵاوییە رزگاری دەكات كە هەر لایەنەو شتێك دەخوازێت، بۆ ئەمەیش پێویستە هەموو لایەنە سیاسییەكان بەشداربن و بە بیانووی جیا جیا خۆیان لەم ئەركە نەتەوەییە نەدزنەوە.
ئیمەی كورد پێویستە بەگرنگییەوە سەیری یەكێتی كوردان بكەین و بایەخ بە پەیوەندی نەتەوەیی لەگەڵا بەشەكانی دیكەی كوردستان بدەین، لەبەرئەوەی كاری راست ئەوەیە كە ئێمەی كورد لە یەكتر نزیك بین، بۆ ئەمەیش پێویستە هەنگاوی پراكتیكی بهاوێین و بەكردەوە هاوكاری یەكدی بكەین، لە رابردوودا كە ئەمەمان نەكردووە زیانی زۆرمان پێگەیشتووە با لە ئێستادا ئەمە بكەین بۆئەوەی زیانی زیاترمان پێنەگات، ئەوە دەزانین لە پەرش و بڵاوی جگە لە زیان هیچمان دەست نەكەوتووە با لەیەكدی نزیكبوونەوەیش تاقیبكەینەوە، كە بەدڵنیاییەوە لەمەیاندا سوودمەند دەبین.
داڕشتنی ( پەیمانی نەتەوەیی ) زۆر پێویستە لەبەرئەوەی تا ئێستا نەخۆشی گەورەی كوردان یەكدی قبوڵنەكردنە، بۆیە پێویستە پەیمانێكی نەتەوەیی لە كۆنگرەی نەتەوەیی دابڕێژرێت و لەو پەیمانەدا پرەنسیپە نەتەوەییە سەرەكییەكان دیاربكرێن و هەموو لایەكیش پەیمانبدەن كە پێیەوە پابەندبن، خاڵی سەرەكیش لەو پەیماننامەیەدا پێویستە تەحریم و تەجریمكردنی شەڕی كوردو كورد واتە ( كورد كوشتن ) بێت و، پێویستە شەڕی كوردو كورد وەكو خیانەتی نەتەوەیی سەیر بكرێت، هەروەها لە پەیمانی نەتەوەییدا پێویستە لایەنە سیاسییەكانی كوردستان پەیمان بە كورد بدەن كەوا لەكاتی كێشەو ململانێی حیزبی پەنا بۆ چەك نەبەن و لەڕێی دیالۆگ كێشەكانیان یەكڵایی بكەنەوە، بەباوەڕی ئێمە بەستنی كۆنگرەی نەتەوەیی بۆ هەموو لایەنە سیاسییەكانی كوردستان سەرەتایەك دەبێت بۆ چارەسەركردنی ئەم نەخۆشی یەكتر قبوڵنەكردنە و زۆر نەخۆشی دیكەش، لەبەرئەوەی زۆر جار كە مرۆڤ لەیەكدی دوور دەبێت و لەڕێی كەسی سێیەمەوە شتی پێدەگات، زۆر جاریش لەمڕێیەوە شتی دروستی پێناگات، زۆر لە لایەنە سیاسییەكانی كوردستانیش وان، بەڵام ئەگەر چەترێكی نەتەوەیی هەبوو هەموو لایەنەكان لەژێریدا كۆبوونەوەو یەكدییان بینی وردە وردە تەمی گومانەكانیش دەڕەونەوەو خەمی نەتەوەیی و كاری نەتەوەییش وادەكات لە یەكدی نزیكببینەوەو گیانی یەكدی قبوڵكردنیشمان زیاتر بێت.
سەردەمی ئێستا سەردەمی دیالۆگ و لەیەكترگەیشتنەو زۆربەی كێشە هەڵواسراوەكانی جیهان لەسەر مێزی دیالۆگ و لەسەر بنەمای لەیەكترگەیشتن یەكلا كراونەتەوە، بۆ ئێمەی كورد زۆر گرنگە لەم كۆنگرەیەدا ( پەیامی ئاشتی ) بەهەموو لایەك رابگەیەنین و وەك هەمیشە بە وڵاتانی ناوچەكەو كۆمەڵگای نێودەوڵەتی رابگەیەنین كەوا ئێمەی كورد دەمانەوی بەزمانی سەردەم واتە زمانی ئاشتی و زمانی دیالۆگ درێژە بەخەبات و تێكۆشانی خۆمان بدەین، ئەمەش پێگەی كورد لەسەر ئاستی ناوچەكە و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بەهێز دەكات و كورد دەكاتە ژمارەیەكی بەهێزو كاریگەرتر لە هاوكێشە سیاسییە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەكاندا، پەیامێكیشە بۆ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كەوا ئێمەی كورد ئامادەین بۆ هێنانەدی ئەو هێمنی و ئارامییەی كە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ رۆژهەڵاتی ناڤینی دەخوازێت، جگە لە ئاشتی لەگەڵ دەوڵەت و نەتەوەكانی ناوچەكە، ئاشتی ناوخۆییشمان پێویستە ئەمەش هۆكارێكە بۆ رێكخستنەوەی نێوماڵی گەورەی كوردان، بۆیە پێویستە هەموو لایەكمان ناكۆكی و ململانێی سیاسی بخەینە لاوەو لەجیاتی حیزبایەتی كوردایەتی بكەین و، هاوكار بین و كاربكەین بۆ بەستن و سەرخستنی كۆنگرەكە.
بۆ بەدواداچوون و جێبەجێكردنی بڕیارو راسپاردەكانی كۆنگرەو وەرگرتنی بڕیاری نەتەوەیی لەسەر ئاستی كوردستانی مەزندا پێویستە كۆنگرە كۆمیتەیەكی هەمیشەیی هەڵبژێرێت و كۆمەڵێ‌ ئەرك و كارو دەسەڵاتی پێبسپێرێت، ئەو كۆمیتە هەمیشەییە دەكرێ‌ وەكو ( ئەنجوومەنی نەتەوەیی ) یا ( سەنتەری بڕیاری نەتەوەیی ) مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت و لەسەر پرسە نەتەوەییە چارەنووسسازەكاندا بڕیاری خۆی هەبێت، بێگومان ئەمەش دڵنیایی و گەشبینییەكی زیاتر بە كوردان دەدات.
یەكێ‌ لە هۆكارە سەرەكییەكانی بەدەوڵەت نەبوونی كورد دەگەڕێتەوە بۆ یەكنەبوونی كوردان، ئەمەش وای كردووە كەوا كورد لەرۆژهەڵاتی ناڤیندا وەك گەورەترین نەتەوەی بێدەوڵەت بمێنێتەوە، بۆیە بۆ یەكخستنی گوتارو بڕیارو رێبەرایەتی كوردان، پێویستە لە كۆنگرەی نەتەوەیی دوور لەبەرژەوەندی حیزبی و بەڕەچاوكردنی بەرژەوەندی نەتەوەیی بیر لەوە بكەینەوە كەوا ( رێبەری نەتەوەیی كورد ) دیاری بكەین، بۆئەوەی رێبەرایەتیی بزاڤی رزگاریخوازی نیشتمانیی كوردستان بكات، بۆئەمەش پێویستیمان بە كەسایەتییەكی بەهێزی نەتەوەیی و وڵاتپارێز هەیە كە لەسەر ئاستی نەتەوەیی و ناوچەیی و نێودەوڵەتیدا ناسراوو حیساب بۆكراوو مامەڵە لەگەڵ كراو بێت، ( رێبەری نەتەوەیی ) واتە سیمبۆڵی نەتەوەیی، ئێمەی كوردیش لەم كاتە هەستیارەدا پێویستیمان بەو سیمبۆڵە نەتەوەییە هەیە، پێویستە كۆنگرەی نەتەوەیی دەسەڵات بە رێبەری نەتەوەیی بدات بەڕاوێژ لەگەڵا سەنتەری بڕیاری نەتەوەیی لەكاتی پێویستدا و لە پرسە نەتەوەییە چارەنووسسازەكاندا بڕیاری نەتەوەیی وەربگرن، ئەمەش فاكتەرێكی سەرەكی دەبێت بۆ یەكێتی و یەكدەنگی كوردان و لەسەر ئاستی نەتەوەیی هیواو هێزێكی مەزن بە گەلی كوردستان دەبەخشێت و، لەسەر ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتیشدا كورد بەهێزتر دەكات و پرسی گەلی كوردستانیش رەهەندێكی دیكە وەردەگرێت، بۆیە پێویستە لایەنە سیاسییەكانی كوردستانی مەزن دوور لە بەرژەوەندی حزبی و لە دیدگایەكی نەتەوەییەوە لەم پرسە بڕوانن و بەبایەخەوە لەسەر ئەم خاڵە بوەستن و كاری بۆ بكەن.
بەستنی كۆنگرەی نەتەوەیی لەم قۆناخەی خەباتی گەلی كوردستاندا وەرچەرخانێكی مەزن دەبێت لە دیرۆكی بزاڤی رزگاریخوازی نیشتمانی كوردستاندا و دەبێتە هۆكاری پێشڤەچوونی زیاتری پرسی كورد لەسەر ئاستی نەتەوەیی و ناوچەكەو جیهاندا، لەهەمان كاتدا ورەبەخش دەبێت بۆ خەباتی بەشەكانی دیكەی كوردستان، بۆیە پێویستە ئەم ئەركە نەتەوەیی و نیشتمانییە دوا نەخرێت و بە زووترین كات ئەنجام بدرێت، لەبەرئەوەی دواخستنی ئەم كارە نەتەوەییە زیانێكی زۆر بە دۆزی رەوای گەلی كوردستان دەگەیەنێت، ئێمە وەكو یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK لەماوەی رابردوودا بەردەوام كارمان بۆ بەستنی كۆنگرەی نەتەوەیی كردووەو بە بەشێك لەكارو خەباتی خۆمانمان زانیوە، بۆیە لێرەدا تەواوی هاوكاری و پشتیوانی خۆمان بۆ بەستن و سەرخستنی كۆنگرەی نەتەوەیی رادەگەیەنین و، بەهیچ شێوەیەك لەگەڵا دواخستنی كۆنگرەكە نین و، وایدەبینین كەوا بەستنی ئەم كۆنگرەیە لەم بارودۆخەدا جگە لەوەی فاكتەرێكی گرنگە بۆ یەكێتی كوردان هەنگاوێكیشە بەرەو ئازادی كوردو سەربەخۆیی كوردستان.
لەسەر ئێمەی كورد پێویستە بۆ گەیشتن بە ئامانجەكانمان گوتاری سیاسیمان یەكبخەین و بە بیرو ستراتیژێكی نەتەوەییانە هەڵسوكەوت لەگەڵ ئەم بارودۆخە هەستیارە بكەین، لەبەرئەوەی بارودۆخی ئەمڕۆی جیهان بۆ كارو خەبات زۆر لەجاران گونجاوترو لەبارترە و زۆربەی وڵاتانی جیهانیش بەدیدێكی دیكە پرسی كورد دەخوێننەوە و پرسی كورد وەك پرسێكی سیاسی گرنگ دەبینن، بۆیە لەسەر ئێمەی كوردیش پێویستە بەرژەوەندی نەتەوەییمان لەبەرچاو بگرین و وەكو كورد سوود لەو رەوشە وەربگرین، بۆئەوەی ئازادو سەربەخۆ بین و بگەین بە خەونی نەتەوەیی خۆمان كە راگەیاندنی سەربەخۆیی و دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستانە.

تێبینی: ئەم وتارەم لە یەك رۆژدا لە چوار رۆژنامەدا بڵاوبۆتەوە
1- رۆژنامەی ( خەبات )، ژمارە: ( 4374 )ی رۆژی سێشەممە 30 / 7 / 2013
2- رۆژنامەی ( كوردستانی نوێ‌ )، ژمارە ( 6143 )ی رۆژی سێشەممە 30 / 7 / 2013
3- رۆژنامەی ( ئاوێنە )، ژمارە ( 388 )ی رۆژی سێشەممە 30 / 7 / 2013
4- رۆژنامەی ( میدیا )، ژمارە ( 590 )ی رۆژی سێشەممە 30 / 7 / 2013