Share this on Faceook

Follow us on Twitter

FacebookTwitterGoogle BookmarksPinterest
Pin It

Facebook

Twitter

Google Plus

YouTube

     رێبوار عوسمان

 

 رێككەوتنی كوردی-عەبادی، ئەگەر بەدیوێكی دەستكەوت بێت بۆ كورد، بەڵام بە دیوێكی دیكەدا دەستكەوتیشە بۆ بەغدا، ئەگەر بەغدا بودجە بۆ هاوڵاتیان و هێزی پێشمەرگەی كوردستان بنێرێت، بەڵام لە بەرامبەردا هەولێر نەوت رادەست دەكات و هێزی پێشمەرگەش زیاتر دەچێتە ریزی هێزە چەكدارەكانی عێراقەوە. خاڵی هەرلاوازی ئەمرێكە وتنەش بۆلایەنی كوردستانی،بریتییە لە دوورخستنەوەی كورد لەپرسی سەربەخۆیی لانی كەم لەم قۆناغەدا.

كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا كە بریتییە لە كێشەكانی جێبەجێكردنی مادەی 140 و هەناردەكردنی نەوت و پرسی پێشمەرگە و چەسپاندنی زیاتری فیدراڵی، بە درێژایی سەردەمی حكومەتە جیاجیاكانی دوای دیكتاتۆریەتی سەدام، كێشەگەلێك بوون كە چارەسەر نەدەكران، لەماوەی رابردووشدا ئەو كێشانە گەیشتنە ئەو ئاستەی كە تەنانەت حكومەتی عێراق و حكومەتی كوردستان هێزی چەكداریش لە بەرامبەر یەكتردا رابگرن، هەروەها كێشەكان لەسەرەتای ساڵی 2014دا گەیشتە ئەو ئاستەی كە بودجەی گشتی لە كوردستان ببڕدرێت، بەڵام دوای هەڵبژاردنی 2014 و دەستگرتنی تیرۆریستانی داعش بەسەر بەشێكی زۆری ناوچە سوننە نشینەكانی عێراق، دەرئەنجام دوورخستنەوەی نوری مالیكی لەپۆستی سەرۆك وەزیران و هەڵبژاردنی حكومەتێكی نوێ بە سەرۆكایەتی حەیدەر عەبادی، بەستەڵەكەكانی نێوان هەولێر و بەغدای بەرەو توانەوە بردووە.

لەئێستادا حكومەتی عێراق و حكومەتی هەرێم لە سەر چوار پرس رێكەوتوون:

یەكەم: هەناردەكردنی بڕی 250 هەزار بەرمیل رۆژانە لە نەوتی كوردستان لەرێگەی كۆمپانیای سۆمۆ و لە بەرامبەردا بەغدا پابەند دەبێت بە ناردنی بڕی لە 17%ی بودجەی گشتی عێراقەوە.

دووەم: ناردنی بڕی 300 هەزار بەرمیل نەوتی كەركوك لە رێگەی بۆری نەوتی كوردستانەوە كە تەواوی بودجەكەی دەچێتە خەزێنەی بەغداوە.

سێهەم: دیاریكردنی بڕی تریلیۆنێك و 200 ملیار دینار بۆ مووچەی هێزەكانی پێشمەرگە.

چوارەم: ئەم رێككەوتنە كاتییە و بۆ ماوەی تەنها ساڵی2015یە.

ئەم خاڵانە ئەگەرچی ئەكرێت وەكو دەستكەوت بۆ كوردستان هەژمار بكرێن، بەڵام لە بەرامبەردا بۆ بەغداش دەستكەوتی باشیان تێدایە، لە هەموو گرنگتر بۆ بەغدا ناردنی نەوتی كوردستانە لە رێگەی سۆمۆوە، ئەگەر لەئیستادا تەنها 250 هەزار بەرمیل رۆژانە بێت، لە ئایندەدا ئەم رێژە بەرز دەكرێتەوە و لە یاسای بودجەشدا دوور نییە دیسانەوە بە دیاریكردنی سزا، كوردستان پابەند بكرێتەوە بە ناردنی بڕێكی زیاتری نەوت لەرێگەی بەغداوە.

سەبارەت بە خەرجییەكانی پێشمەرگەش، ئەمەیان روون نییە ئاخۆ بۆچی لەئیستادا كە داعش دەستی بەسەر زۆربەی ناوچە سوننە نشینەكاندا گرتووە، بەغدا بودجە بۆ هێزی پێشمەرگە دابین دەكات، ئەمەش دیسانەوە بەبێ بەرامبەر نابێت و لەئایندەدا بەغدا دەتوانێت لە رێگەی ئەو بودجەیەوە زیاتر فشار بۆ سەر پێشمەرگە بهێنێت و زیاتریش پابەندی بكات بە شەڕكردنی تیرۆر لە ناوچەكانی دەرەوەی كوردستان، كە شەقامی كوردی لەگەڵ ئەوەدا نییە پێشمەرگە لەپێناو ناوچە عەرەبییەكاندا خوێنی بڕێژێت.

سەبارەت بە خاڵی ناردنی نەوتی كەركوكیش لەرێگەی هەرێمەوە، ئەگەرچی بەغدا هیچ دەروازەیەكی دیكەی بۆ ناردنی ئەو نەوتە نییە و لەئێستادا بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت لە بازاڕەكانی جیهاندا پێویستی بەوە هەیە كە زۆرترین رێژەی نەوت هەناردە بكات، بەڵام ئەمەیان دەستكەوتێكی گەورەیە بۆ كورد كە نەوتی كەركوك بكەوێتە دەستی هەرێمی كوردستان، چونكە لە سەر نەخشەی جیهانی نەوتدا بۆری نەوتی هەرێم-جیهان لەئێستادا بە نەوتی كوردی ناسراوە و بەڕەسمیش نەوتی كەركوك دەبێتە بەشێك لەو نەوتە كوردییەی كە هەناردەی بازاڕەكانی جیهان دەكرێت.

سەبارەت بە كاتی بوونی رێككەوتنەكە بۆ ماوەی ساڵێك، ئەمەشیان دوو لایەنەیە ئەگەرچی هەموو رێككەوتنێكی سیاسی لە جیهاندا ئاماژەی پێكرابێت یاخود نا، بە رێككەوتنی كاتی هەژمار دەكرێت، بەڵام بەدیوی دووەمدا كاتی بوونی ئەم رێككەوتنە ئەوە دەسەلمێنێت كەنە بەغدا، نە هەرێم بەم رێككەوتنەی ئێستای نێوانیان رازی نیین.

رازی نەبوونی هەردوولایەنیش بەم رێككەوتنە بۆ دوو هۆكار دەگەڕێتەوە كە هۆكارێكیان دەگەڕێتەوە بۆ نەمانی متمانە لە نێوان بەغدا و هەولێر بەیەكتر، ئەویش بە هۆی ئەو دابڕانە زۆرەی نێوانیان كە لە ئەنجامی هەڵوێستی حكومەتەكانی مالیكی دروست بووە.

هۆكاری دووەمیش سیاسییە و بەندە بە سەنگی داهاتووی هەردوولایەنەوە، واتا رێككەوتنەكە بە كراوەیی ماوەتەوە بۆ ئەوەی لە كۆتایی ساڵی داهاتوودا جارێكی دیكە بەغدا و هەولێر بە یەكەوە كۆببنەوە و ماسولكە بەهێزەكانیان بەیەكتر نیشان بدەنەوە و كارتەكانیان لە بەردەم یەكتر هەڵرێژنەوە، بۆیە كۆتایی ساڵی ئایندە نمایشێكی دیكەی هەردوولایەن "هەولێر-بەغدا" دەبینینەوە و كام لایەن بەهێزتر بوولایەنی دووەم پابەند دەكات و خاڵی زیاتر بەسەر لایەنی دووەمدا دەسەپێنێت، دووریش نییە رێككەوتنەكە یان هەڵوەشێتەوە یان درێژەی پێ بدرێت، یاخود خاڵی تری بۆ زیاد بكرێت.