Share this on Faceook

Follow us on Twitter

FacebookTwitterGoogle BookmarksPinterest
Pin It

Facebook

Twitter

Google Plus

YouTube

حه‌كیم كاكه‌وه‌یس

  ئەوە چەندین ساڵە من و خەڵکانی تریش، هاوار دەکەین بۆ خاتری خوا ئەو عارەبانەی دەیانهێننە حەسار، ئامانیان نییە و ئەمڕۆ بێ یا سبەی پێمانەوە دەدەن. ئەوانە زۆربەیان کۆنە بەعسین و شارەزای دەڤەرەکەن. بەڵام هەر یەکە و بە پێی بەرژەوەندی خۆی بۆ عارەب دەبوو بە کەفیل و وەک شووتی هەڵیاندەبژاردن، نا ئەمەیان پیاوی چاکە و فەقیری ماڵی خۆیەتی! ئەوی تریان ئەفسەری سوپای عیراقە و لێی قەوماوە! ئا ئەوەیان، کاتی خۆی لە سەردەمی بەعسدا پیاوەتی لەگەڵدا کردووم.
ئەوانەی هاتنە حەسار، هەر ڕۆژە و خزمێک و دۆستێکیان بۆ سەردانیان دەهات، لەگەڵ ڕۆژگاردا، شارەزای کۆڵان بە کۆڵان و ماڵبەماڵی حەسار بوون و زانییان بارەگای پارتی کامەیە و هی یەکێتی کامەیە و خاڵی لاوازییان کوێیە و کوێی حەسار قەرەباڵغە و چۆن زۆرترین زەرەر بە حەسار بگەیەنن. لە بارەگای پارتی و یەکێتی تەقینەوەیان کرد، کەچی هەر خۆیان، لە بری ئەوەی وریا ببنەوە و ئەو عارەبانە دوور بخەنەوە، عارەبی تریان هێنا، ئەوەیان کاتی خۆی لە فەللوجە هاوکارمان بووە. ئەوی تریان، هەتا بڵێی کوردی خۆش دەوێ!
بە من دەڵێن ڕەگه‌زپەرست. کاکە مەردی خوا بن من ڕەگەزپەرست نیم و دەستم ناچێتە مریشکێک سەری ببڕم، بەڵام لەو هەموو عارەبەی حەسار یەک کەسیان سەر بە بەعس یا داعش بێ بۆ ماڵوێرانکردنمان بەسە! ئێستا چی بە دایک و باوکی ئەو منداڵە دەڵێن؟! منداڵێک، تازە پۆلی پێنجەمی سەرەتاییە، لە خوێنی خۆیدا گەوزا ! چەندین ژن و پیاو و منداڵ بریندار بوون! ڕەگەزپەرستییەکەی من باشترە یا بێخەمی و ساویلکەیی و تەماحی ئێوە؟! هەر بە خۆمان فێرن و دەوێرن هەر دەستڕێژ لە من بکەن؟!..
ئەو حیزبانە چییان بەو خەڵکە کردووە؟! ئەو حیزبانە کوردیان لە ڕێڕەوی کوردپەروەری و نیشتیمانویستی لاداوە و حیزبیان لێ کردوون بە نەتەوە و نیشتیمان و دین، سەرکردەش بت! کاری حیزبیش هەر ئەوەیە ئەو خەڵکە لە خشتە بەرێ و داعش و بەعسی لە ناوماندا بچێنێ.
یەکی ئۆکتۆبەری ٢٠١٤، عارەبێک بە ماتۆڕێکەوە تەقینەوەیەکی لە حەسار ئەنجام داوە. منداڵێک شەهید بووە و باوکی و هەشت – نۆ کەسی تریش بریندار بوونە. ئەو منداڵە شەهیدە، هاوپۆل و هاوڕێیەکی خۆشەویست و نزیکی (زەروان)ی کوڕمە.. هەر وا بۆی دەگری.
بە داخەوە لە زەروانەوە دوورم و ناتوانم دەست بە سەریدا بێنم و دڵی بدەمەوە.. نا، ئەی چۆن دڵی خۆم بدەمەوە؟!