Share this on Faceook

Follow us on Twitter

FacebookTwitterGoogle BookmarksPinterest
Pin It

Facebook

Twitter

Google Plus

YouTube

 غه‌فوور مه‌خمووری

  ماوه‌یه‌كه‌ كوردستان رووبه‌ڕووی هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی گه‌وره‌ی تیرۆریستان بۆته‌وه‌، تیرۆریستان له‌و‌ شاڵاوه‌یاندا ئامانجیان داگیركردنی خاك و وێرانكردنی ژێرخان و سه‌رخانی كوردستان و جینۆسایدكردنی نه‌ته‌وه‌ی كوردو پێكهاته‌كانی كوردستانه‌، واته‌ ده‌یانه‌وێت كوردستان به‌خاك و خه‌ڵكه‌وه‌ وێران و جینۆساید بكه‌ن، تیرۆریستان له‌م شاڵاوه‌یاندا روویان له‌ كوردستان وه‌ك خاك و كورد وه‌ك نه‌ته‌وه‌ كردووه‌، بیر له‌وه‌ ناكه‌نه‌وه‌ كورد چه‌ند حزب و چه‌ند ره‌نگه‌، ئه‌وان به‌یه‌ك چاو سه‌یری هه‌موو كورد ده‌كه‌ن و له‌هه‌وڵدان بۆ جینۆسایدكردنی، له‌سه‌ر ئێمه‌ی كوردیش پێویسته‌ وه‌كو كورد به‌ره‌نگاریان ببینه‌وه‌، واته‌ خۆمان له‌ گیانی حزبایه‌تی به‌دوور بگرین و به‌گیانێكی كوردانه‌ له‌به‌رامبه‌ریاندا سه‌نگه‌ر بگرین.
سه‌ره‌ڕای هه‌ڕه‌شه‌ی تیرۆریستان له‌زۆر لاوه‌ش هه‌وڵده‌درێت یه‌كڕیزی و یه‌كده‌نگی كوردان لاوازبكه‌ن و نه‌یهێڵن، به‌داخه‌وه‌ هه‌ندێ له‌ ده‌زگاكانی راگه‌یاندنی كوردستانیش له‌م رووه‌وه‌ رۆڵێكی نێگه‌تیف ده‌بینن و، هه‌وڵده‌ده‌ن بچووكترین ناكۆكی له‌نیوان لایه‌نه‌كاندا زه‌قبكه‌نه‌وه‌و گه‌وره‌تری بكه‌ن، له‌كاتێكدا ئەركی راگه‌یاندن و راگه‌یاندنكاران ئه‌وه‌یه‌ كه‌وا رووداوه‌كان وه‌كو خۆی بگوازنه‌وه‌و زانیاری دروست به‌ هاوڵاتیان بده‌ن. به‌داخه‌وه‌ راگه‌یاندنی كوردی زۆر جار ئه‌ركی راسته‌قینه‌ی خۆی له‌بیر ده‌چێت و، كاری واده‌كات كه‌وا به‌شێوه‌یه‌ك له‌ شێوه‌كان ده‌كه‌وێته‌ خزمه‌تی دوژمنه‌وه‌، له‌م بارودۆخه‌ هه‌ستیارو ناسكه‌ی كوردستاندا هه‌قه‌ ده‌زگاكانی راگه‌یاندن به‌وریاییه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ رووداوه‌كاندا بكه‌ن و ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی بپارێزن و به‌رژه‌وه‌ندی باڵای نه‌ته‌وه‌یی له‌به‌رچاو بگرن.
له‌م كاته‌دا زۆر پێویسته‌ ده‌زگاو كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندنی كوردستان هۆكاربن بۆ یه‌كڕیزی و یه‌كده‌نگی گه‌لی كوردستان، بۆ به‌ره‌ڤانیكردن له‌ خاك و خه‌ڵكی كوردستان، پێویسته‌ له‌م ره‌وشه‌دا راگه‌یاندنكاران به‌ گیانی پێشمه‌رگایه‌تی هه‌ڵس و كه‌وت له‌گه‌ڵ بویه‌ره‌كاندا بكه‌ن و، هه‌ر وشه‌و وته‌یه‌كیان گولله‌یه‌ك بێت بۆ دوژمنان، بێگومان كه‌ناڵ و ده‌زگاكانی راگه‌یاندن ده‌توانن فاكته‌رێكی به‌هێزبن بۆ هێنانه‌دی یه‌كڕیزی و یه‌كده‌نگی، پێویسته‌ ئه‌م رۆڵه‌ ببینن و ببنه‌ هه‌وێنی یه‌كێتی و یه‌كده‌نگی گه‌لی كوردستان.
له‌هه‌مان كاتدا پێویسته‌ سه‌ركردایه‌تی سیاسیی كوردستان ئه‌م درزانه‌ پڕبكاته‌وه‌ كه‌ ئێستا كه‌وتوونه‌ته‌ نێو یه‌كڕیزی و یه‌كده‌نگی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی كوردستان، ئه‌مه‌ش به‌وه‌ ده‌بێت كه‌وا ناوه‌ندی سیاسی كوردستان رێكبخرێته‌وه‌و راوێژو گفتوگۆ له‌نێوان ته‌واوی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كاندا هه‌بێت و كه‌س په‌راوێز نه‌خرێت، نادیده‌گرتنی یه‌كدی و په‌راوێزخستنی هه‌ندێ لایه‌ن و هێنانه‌ پێشی هه‌ندێ لایه‌ن له‌م قۆناخه‌دا زیانی بۆ یه‌كڕیزی و یه‌كده‌نگی كورد ده‌بێت، پێویسته‌ له‌م ره‌وشه‌ ناسك و هه‌ستیاره‌دا به‌رژه‌وه‌ندی باڵای نه‌ته‌وه‌یی له‌به‌رچاو بگیرێت و، ناكۆكی و ململانێی حزبی بخرێته‌لاوه‌.
ئێمه‌ی كورد له‌هه‌موو لایه‌كه‌وه‌ هه‌ڕه‌شه‌مان له‌سه‌ره،‌ ئه‌وه‌تا له‌ باشووری كوردستان به‌ره‌یه‌كی فراوانی تیرۆریستان له‌ دژمان كراوه‌ته‌وه‌، به‌دڕندانه‌ترین شێوه‌ خه‌ڵكی شنگاڵ جینۆساید كران، له‌ رۆژئاوای كوردستان به‌هه‌مان شێوه‌ تیرۆریستان به‌رده‌وامن له‌ هێرشكردنه‌ سه‌ر شارو شارۆچكه و گونده‌‌كانی رۆژئاوای وڵات، ئه‌وه‌تا ده‌بینین به‌شێوه‌یه‌كی دڕندانه‌ هێرش ده‌كه‌نه‌ سه‌ر كانتۆنی كۆبانی و خه‌ڵكه‌كه‌ی ده‌كوژن و ئاواره‌ ده‌كه‌ن، له‌ باكووری كوردستان پرۆسه‌ی ئاشتی به‌ بنبه‌ست گه‌یشتووه‌و له‌وانه‌یه‌ شه‌ڕ ده‌ستپێبكاته‌وه‌، له‌ رۆژهه‌ڵاتی كوردستان چالاكیی چه‌كداری خه‌ریكه‌ ده‌ستپێده‌كاته‌وه‌، ئه‌مانه‌ هه‌موو ئه‌وه‌ ده‌گه‌یه‌نن، كه‌وا پرسی كورد ده‌ربازی قۆناخێكی هه‌ستیارو چاره‌نووسساز بووه‌، ئه‌م قۆناخه‌ هه‌ستیارو چاره‌نووسسازه‌ش پێویستی به‌ یه‌كده‌نگی و یه‌كڕیزی كوردان هه‌یه‌، بۆئه‌وه‌ی ئه‌و یه‌كڕیزی و یه‌كده‌نگییه‌ دروستبێت پێویسته‌ بیر له‌ ئامرازێك بكه‌ینه‌وه‌، كه‌ ببێته‌ چه‌ترێكی نه‌ته‌وه‌یی له‌سه‌ر ئاستی كوردستانی مه‌زندا و هه‌موومان له‌ژێر‌یدا كۆببینه‌وه‌.
به‌ستنی كۆنگره‌یه‌كی نه‌ته‌وه‌یی كوردستانی بۆ ته‌واوی هیزو لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان له‌سه‌ر ئاستی كوردستانی مه‌زن پێویستییه‌كی بابه‌تی و دیرۆكی و ئه‌ركێكی به‌په‌له‌ی ئه‌م قۆناخه‌ی خه‌باتی گه‌لی كوردستانه‌، كۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی له‌م كاته‌دا ده‌بێته‌ ماڵی گه‌وره‌ی كوردان و چه‌تری هاوبه‌شی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان و فاكته‌ری سه‌ره‌كی و به‌هێزیش ده‌بێت بۆ یه‌كڕیزی و یه‌كده‌نگی كوردان و، له‌هه‌مان كاتدا ده‌بێته‌ هێزیكی وره‌ به‌خش بۆ گه‌لی كوردستان له‌شه‌ڕی تیرۆریستاندا، له‌سه‌ر ئاستی ده‌ره‌وه‌شدا خوێندنه‌وه‌یه‌كی دیكه‌ بۆ پرسی كورد ده‌كرێ و كورد ده‌بێته‌ ژماره‌یه‌كی به‌هێز له‌نێو هاوكێشه‌ سیاسییه‌كانی ناوچه‌كه‌و جیهاندا.
له‌م ره‌وشه‌ی ئێستای كوردستاندا پێویستیمان به‌ كۆكردنه‌وه‌ی هێزو تواناكان هه‌یه‌ نه‌ك په‌رت و بڵاوكردنیان، بۆئه‌مه‌ش پێویسته‌ به‌رگی غرورو خۆ به‌زلزانین فڕێبده‌ین و به‌رگی خاكی و به‌رگی پێشمه‌رگایه‌تی راسته‌قینه‌ بپۆشین و وه‌كو كوردو كوردستانی بیربكه‌ینه‌وه‌و به‌چاوێكی كراوه‌و كوردستانییانه‌ هه‌موو خه‌ڵك و هه‌موو لایه‌نه‌كان ببینین، كاركردن به‌و ئاراسته‌یه‌ له‌سه‌ركه‌وتن نزیكمان ده‌كاته‌وه‌و ده‌مانگه‌یه‌نێته‌ ئامانج، ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ نه‌كه‌ین هه‌له‌یه‌كی ستراتیژی كوشنده‌ ده‌كه‌ین.
به‌ستنی كۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی هێزو تواناكانمان كۆده‌كاته‌وه‌ و له‌هه‌مان كاتیشدا ده‌بێته‌ هۆكارێك بۆ خۆدوورگرتن له‌ په‌راوێزخستنی یه‌كدی، به‌مه‌ش به‌رپرسیارێتی مێژوویی زیاتر ده‌كه‌وێته‌ سه‌رشانی هه‌موو لایه‌نه‌ كوردستانییه‌كان، ئه‌گه‌ر له‌ڕابردوودا ئه‌مه‌مان نه‌كردووه‌، پێویسته‌ له‌ ئێستادا بیكه‌ین، له‌به‌رئه‌وه‌ی هه‌ڕه‌شه‌ و مه‌ترسییه‌كی گه‌وره‌مان له‌سه‌ره‌ و ده‌توانین بڵێین رووبه‌ڕووی شه‌ڕی مان و نه‌مان بووینه‌ته‌وه‌، ئه‌گه‌ر له‌و كاته‌دا یه‌كدی قبوڵ نه‌كه‌ین و یه‌كنه‌گرین، ئه‌ی باشه‌ كه‌ی بیكه‌ین؟!
ئێمه‌ی كورد له ‌دێرزه‌مانه‌وه‌ تووشی نه‌خۆشییه‌كی درێژخایه‌نی كوشنده‌ بووین، كه‌ ئه‌ویش نه‌خۆشی یه‌كدی قبوڵنه‌كردنه‌، چاره‌سه‌رنه‌كردنی ئه‌و نه‌خۆشییه‌‌ زیاتر لاواز و بێتوانامان ده‌كات، بۆیه‌ پێویسته‌ به‌زووترین كات چاره‌سه‌ری ئه‌و نه‌خۆشییه‌ بكه‌ین، باشترین چاره‌سه‌ریش بۆ ئه‌و نه‌خۆشییه‌ یه‌كڕیزی و یه‌كده‌نگی و یه‌كدی قبوڵكردنی كوردانه، بێگومان ئه‌مه‌ش له‌ڕیگه‌ی به‌ستنی كۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی كورد دێته‌دی، ئیستاش كاته‌كه‌ گونجاوه‌ كه‌وا ته‌واوی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی كوردستانی مه‌زن دوور له‌به‌رژه‌وه‌ندی حزبی و له‌دیدگایه‌كی نه‌ته‌وه‌یی به‌م ئه‌ركه نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانییه‌‌ رابن و كۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی ببه‌ستن و برینی كورد ساڕێژو ده‌ردی كورد ده‌رمان بكه‌ن.
29/9/2014
هه‌ولێر - كوردستان