Share this on Faceook

Follow us on Twitter

FacebookTwitterGoogle BookmarksPinterest
Pin It

Facebook

Twitter

Google Plus

YouTube

 

هه‌ژده‌ ساڵ بەسەر تیرۆركردنی شەهید سەربەست مەحموود تێپەڕ دەبێت، لە رۆژی 31/5/2000دا شەمشەمە كوێرەكانی مەمەلەكەتی تاریكستان، ئەوانەی چاویان بەئازادی و بیری نەتەوەیی و سەربەخۆیی كوردستان هەڵنایەت، چڕنووكی گڵاوی تيرۆریستییان گەیاندە گیانی پاكی شەهید سەربەست مەحموود و زۆر هۆڤیيانە دوور لەهەموو بەهاو رەوشت و رێسایەكی كۆمەڵایەتی و ئایینی شەهیدیان كرد.

شەهید سەربەست لەتەمەن بچووك بوو، بەڵام لەهزر و كاردا سەركردەیەكی بەتوانا و لێهاتوو بوو، دركی بەهەموو پیلان و نەخشەیەكی داگیركەران و دوژمنان دەكرد، لەڕێگەی وتار و بابەتەكانی زۆر لێزانانە شرۆڤەی دەكردن، بۆیە نەیارانی بیری سەربەخۆیی كوردستان هەموو كات لەبیروڕاكانی شەهید سەربەست رادەچڵەكین، شەهید سەربەست هەموو كات لەخەمی ئەوەدا بوو تاكی كورد بەناسنامەی نەتەوەیی پەروەردە و گۆش بكات، لەبەر ئەوە هەموو كات كۆڕ و كۆبوونەوەو خولی نەتەوەیی دەكردەوە بۆ ئاشنابوونیان بە ناسنامە و مێژوو كەلتووری كوردیمان.

شەهید سەربەست جگە لەوەی سیاسەتوانێكی بەتوانا بوو، لەهەمان كاتدا رۆژنامەنووسێكی هەقگۆ و بوێر بوو، لەوكاتەی خاوەن ئیمتیازی گۆڤاری سەرخۆبوون و رۆژنامەی میدیا بوو، توانیبووی ئەم بڵاوكراوانە بەدیگایەكی نەتەوەیی زۆر كاریگەر بخاتە بەردەست خوێنەرانی و كاریگه‌ر بێت.

شەهید سەربەست خاكەڕا بوو، گەورەیی لای ئەو مرۆڤبوون بوو، لاف و گەزافی لەسەر كەس نەدەكرد و لەگەڵ هەموو تەمەنێك هەڵیدەكرد و ئەوەی بیناسیبایە خۆشی دەویست.

ئەوەی جێگەی داخوبرينه‌ تا ئێستا سارێژ نەبووە، ئەوەیە كە بكوژانی شەهید سەربەست تائێستا نەدۆزراونەتەوەو ئاشكرا نەكراون، بۆیە پێویستە دەزگاكانی پەیوەندیدار بەزووترین كات بكوژانی بدۆزنەوەو بەسزای دادوەرانە بگەن.

هه‌زاران سڵاو له‌گیانی پاكی شه‌هید سه‌ربه‌ست و گشت شه‌هیدانی رێی ئازادی و سه‌ربه‌خۆیی كوردستان و مردن و رووڕه‌شی بۆ ئه‌و ده‌سته‌ ره‌ش و دڵره‌قانه‌ی شه‌هید سه‌ربه‌ستیان له‌به‌ر چاو ونكرد.

هه‌ولێر - باشووری كوردستان