Share this on Faceook

Follow us on Twitter

FacebookTwitterGoogle BookmarksPinterest
Pin It

Facebook

Twitter

Google Plus

YouTube

 رێبەرى گەورەو باوکى رۆحى نەتەوەیى کورد مستەفا بارزانی( ١٩٠٣ – ١٩٧٩ ) له‌ (بارزان)ـی لانكه‌ی خه‌بات و به‌رخودان چاوی بۆ ژیان هه‌ڵهێنا، له‌ بارزانه‌وه‌ هه‌ستی به‌ زوڵم و زۆری داگیركه‌ران به‌رامبه‌ر به‌ نه‌ته‌وه‌کەی ده‌كرد، بەتایبەت کاتێ سوتاندنى (بارزان)ـی بینیوە، مرۆڤێكیش له‌نێو ئازارو چه‌وسانه‌وه‌ی داگیركه‌ران له‌دایكبێت كاردانه‌وه‌ی به‌رامبه‌ر زوڵم ده‌بێت، كاردانه‌وه‌ی بارزانی نه‌مر له‌ به‌رامبه‌ر زوڵمی داگیركه‌راندا خۆ سازدان بوو بۆ شۆڕش و راپه‌ڕین بۆ پساندنی كۆتی زوڵم  و ژێرده‌سته‌یی، زۆرجار كه‌ نه‌ته‌وه‌یه‌ك یا كۆمه‌ڵگایه‌ك تووشی زوڵم و چه‌وسانه‌وه‌یه‌كی له‌ڕاده‌به‌ده‌ر ده‌بێت خوای گه‌وره فریاد‌ره‌سێك بۆ ئه‌م نه‌ته‌وه‌یه‌ ده‌نێرێت، بێگۆمان نه‌ته‌وه‌ی كوردیش كه‌ له‌ هه‌موو لایه‌كه‌وه‌ زوڵمی لێده‌كراو هه‌وڵی قڕكردنی ده‌درا، خوای گه‌وره مستەفا‌ بارزانی وه‌ك فریادره‌سێك به‌‌و نه‌ته‌وه‌یه‌ به‌خشی.

 بارزانی نه‌مر له‌ بارزانه‌وه‌ ده‌رچوو، بوو به ‌رێبه‌ری نه‌ته‌وه‌ی كورد له‌ سه‌ر‌تاسه‌ری كوردستانی مه‌زنداو، توانی رێبه‌رایه‌تی درێژترین شۆڕشی كوردستان (شۆڕشى ئەیلول) بكات و هه‌موو گه‌لی كوردستانیش له‌ژێر رێبه‌رایه‌تی خۆیدا كۆبكاته‌وه‌، تێكۆشان و به‌رخودانی بارزانی نه‌مر بۆ ته‌واوی گه‌لی كوردستان بوو به‌جیاوازی نه‌ته‌وه‌یی و ئایینی  مه‌زهه‌بی و ئایدیۆلۆژی، بۆیه‌ ته‌واوی گه‌لی كوردستان له‌ژێر سه‌ركردایه‌تی ئه‌ودا كۆبوونه‌وه‌و ئه‌ویان به‌ رێبه‌ری خۆیان ده‌زانی.

 خه‌باتی بارزانی نەمر ته‌نها بۆ نەتەوەى كورد نه‌بوو، به‌ڵكو بۆ به‌ده‌ستهێنانی مافی نه‌ته‌وه‌یی ته‌واوی نه‌ته‌وه‌كانی كوردستان (كورد و توركمان و ئاشوورى و عەرەب و ئەرمەن) بووه‌، هاوکارى و پشتیوانى بارزانى نەمر بۆ شێخ مەحموودى حەفید و، بەهاناوە چوونى بارزانى نەمر بۆ شۆڕشى رۆژهەڵاتى کوردستان و بەشداریکردنى لە دامەزراندنى کۆمارى دیموکراتى کوردستان لە مەهاباد و بەرگریکردنى بارزانى نەمر و هێزەکەى بۆ پاراستنى کۆمار ئەوەمان پێدەڵێن کەوا بارزانى نەمر وەک رێبەرو پێشمەرگەیەک لە خەمى ئەوەدابووە کورد بگاتە ئامانج و ببێتە خاوەن دەوڵەتى خۆى، بەهاناوەچوونى بارزانى بۆ سلێمانى و مهاباد مۆراڵى گەلى کوردستانى بەرزکردۆتەوە، لەبەرئەوەى بارزانى نەمر؛ پێشمەرگە و شۆڕشگێڕێکى ئازاو چاونەترس بووەو هیچ کات خۆى بەدەستەوە نەداوە و، خۆبەدەستەوەدان لە فەرهەنگى بارزانى نەمردا نەبووە، ئەمەش واى کردووە خەڵک بە باوەڕبەخۆبوونەوە بڕواننە داهاتوو، هه‌ر بۆیه‌ کارێکى هه‌ڵه‌یه‌ ئه‌گه‌ر ئێمه‌ بارزانی نەمر ته‌نها لەسەر‌ پارتی دیموكراتی كوردستان هەژمار بکەین، به‌ڵكو ده‌بێت وه‌ك رێبه‌ری گه‌لی كوردستان و سه‌رۆكی نه‌ته‌وه‌یی كورد له‌ بارزانی نەمر بڕوانین.

 بارزانى نەمر وەک رێبەرى نەتەوەیى و نیشتمانى کوردستان جێى ئومێدى هەموو گەلى کوردستان بووە، لە ژیانى سیاسى و پێشمەرگایەتى خۆیدا دژى سازشکردن لەسەر مافە نەتەوەیى و نیشتمانییەکانى گەلى کوردستان بووە، بۆیە بەردەوام دوژمنان لە هەولى دژایەتیکردن و لێدانى بارزانى نەمر دابوونە، زۆر جاریش بۆ دژایەتى کردنى بارزانى نەمر هەوڵیانداوە سوود لە کەسانى ناو شۆڕش و لایەنى ناوخۆیى وەربگرن، بۆیە ئەگەر سەیرى مێژووى سیاسى کوردستان بکەین دەبینین زۆر جار خیانەت لە بارزانى نەمر کراوە، بارزانى نەمر لە تێکۆشانى خۆیدا زۆر جار رووبەڕووى خیانەتى ناوخۆیى و ناوچەیى و نێودەوڵەتى بۆتەوە، بەڵام بارزانى وەک هەمیشە دژى ئەو پیلانانە وەستاوەتەوە و، درێژەى بە شۆڕش و بەرخودان داوە.

 بۆ نه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ زۆر گرنگه‌ سوود له‌ كه‌له‌پووری شۆڕشگێڕانه‌ی بارزانی نەمر وه‌ربگرین و بیكه‌ینه‌ سه‌رمه‌شقی خه‌باتمان، خاكه‌ڕایی و ژیانی بارزانی نه‌مر وه‌ك پێشمه‌رگه‌یه‌ك زیاتر بارزانی نه‌مری لای خه‌ڵك خۆشه‌ویست كردبوو، ئه‌گه‌ر سه‌رنج بده‌ینه‌ فلیمه‌ ئه‌رشیفییه‌كانی سه‌رده‌می شۆڕشی ئه‌یلول، یا پێشمه‌رگه‌ دێرینه‌كانی بدوێنین زۆر باش هه‌ست به‌وه‌ ده‌كه‌ین كه‌ جلو به‌رگ و خواردن و شوێنی حه‌وانه‌وه‌ى و چه‌كی بارزانی نه‌مر جیاوازیه‌كی ئەوتۆى له‌گه‌ڵ پێشمه‌رگه‌كان نه‌بووه، له‌گه‌ڵ هه‌ر پێشمه‌رگه‌یه‌كدا له‌ئه‌رك و مافدا خۆی به‌یه‌كسانی زانیوه‌، به‌رده‌وام رێزی به‌رامبه‌رەكه‌ی گرتووه‌و له‌سه‌ر هه‌ق به‌ده‌نگهاتووه‌و له‌خه‌می چینی هه‌ژارو چه‌وساوه‌دا بووه‌، هه‌ر ئه‌وه‌ش بۆته‌ هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ له‌ هه‌ر چوار پارچه‌ی كوردستاندا خه‌ڵك بارزانی ـ یان خۆشبووێت و به‌سیمبۆلی خۆیانی بزانن و بێنه‌ رێزی شۆڕشی ئه‌یلول و هاوكاری شۆڕش گوڵان بكه‌ن.

 ئه‌م خۆشه‌ویستییه‌ی خه‌ڵك بۆ بارزانی نه‌مر و هه‌ستی نه‌ته‌وه‌ییان له‌به‌رامبه‌ر داگیركه‌رانی كوردستان ئاوێته‌ی یه‌كبووه‌و وای كردووه‌ له‌ژێر سه‌ركردایه‌تی ئه‌ودا كۆببنه‌وه‌، رۆشنبیران و تێكۆشه‌رانی پارچه‌كانی دیکەى کوردستان (هه‌ژار موكریانی، هێدی، عیسمه‌ت شه‌ریف وانلی و حه‌مید سووری و...هتد) له‌ رۆژهه‌ڵات و باكوورو  رۆژئاوای كوردستان هاتوونه‌ته‌ رێزی شۆڕش و هه‌میشه‌ جێگه‌ی متمانه‌ی شۆڕشیش بوون.

 بەلامەوە گرنگ بوو لێرەدا باس لەو راستتیانە سەرەوە بکەم، ئنجا بێمە سەر ناوەڕۆکى بابەتەکەم، بەڕێز مەسعود بارزانى رێبەرى بزاڤى رزگاریخوازى نیشتمانى کوردستان، جگە لەوەى کەوا کوڕى رێبەر و باوکى رۆحى نەتەوەیى کورد ( مستەفا بارزانى نەمر)ە، لە هەمان کاتدا هەوڵیداوە کەوا زۆربەى تایبەتمەندییە كەسێتى و نەتەوەیى و شۆڕشگێڕى و نیشتمانییەکانى بارزانى نەمر لە خۆیدا بەرجەستە بکات و، درێژەپێدەرى هەمان رێباز بێت و، بەهەمان رۆحیەت لە شۆڕش و بەرخوداندا بەردەوام بێت، بێگومان لەم پێناوەشدا باجى زۆرى داوە.

مەسعود بارزانى وەک رێبەرى بزاڤى رزگاریخوازى نیشتمانى کوردستان و کەسایەتییەکى کاریگەرى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست و جیهانیش هەمیشە وەک رێبەرێکى حیساب بۆکراوو خودان هەڵوێست و کردار سەیرکراوە، بۆیە لە زۆر لاوە لەلایەن دوژمن و ناحەزانەوەحیسابى وردى بۆکراوەو هەوڵدراوە کەوا لە کەسایەتى جەنابیان بدرێت، هەموو لایەک باش دەزانن خۆبەدەستەوەدان لە فەرهەنگى بارزانى دا بوونى نییە، مەسعود بارزانى نوێنەرایەتى ئیرادەى گەلى کوردستانى کردووەو، تا ئێستاش ئەو نوێنەرایەتى ئیرادەى گەلى کوردستان دەکات، بۆیە دوژمنان هەوڵیانداوە لە رێى هێرشکردنە سەر کەسایەتى مەسعود بارزانى ئیرادەى گەلى کوردستان بشکێنن، بەڵام خۆشبەختانە مەسعود بارزانى وەک چیایەکى سەرکەش و خۆڕاگر بەرامبەر هێرش و پەلامارى ناحەزان و دوژمنان وەستاوەتەوەو بە هێمنى و لێهاتوویى و سیاسەتى حەکیمانەى خۆى هەوڵ و هێرش و پیلانى ناحەزو دوژمنانى پوچەڵکردۆتەوەو، بەردەوام هیوایەکى نوێى بە گەلى کوردستان بەخشیوە.

 ئەوەى جێگەى داخە؛ لە ماوەى رابردوودا زولمێکى گەورە لە سەرۆک بارزانى کرا، جگە لە پیلان و هێرشى ناحەزان و دوژمنانى کوردستان هەندى لایەنى ناوخۆییش لە چوارچێوەى پیلانى داگیرکەرانى کوردستان کەوتنە دژایەتى سەرۆک مەسعود بارزانى، کە دەبووا ئەو لایەنانە هاوکار و پشتیوانى سەرۆک بارزانى بووان نەک هاوکارى دوژمنان و داگیرکەرانى کوردستان، هەموو ئەو ناهەقییانەى بەرامبەر مەسعود بارزانى کران و دەکرێن، لەلایەن خودى بارزانییەوە چاوپۆشییان لێکراوەو وەڵام نەدراونەتەوە، ئەوەش گەورەیى بارزانى دەخاتەڕوو، کەوا جەنابیان لەپێناو نەتەوەو نیشتمان ئامادەیە چاوپۆشى لە مافى کەسێتى خۆى بکات، ئەمەش یەکێکە لە تایبەتمەندییەدەگمەن و گرنگەکانى رێبەرى هەر نەتەوەیەک، بێگومان ئەم تایبەتمەندییە تەنها لە (مستەفا بارزانى) دا هەبووە، ئێستاش لە (مەسعود بارزانى)دا هەیە.

 مەسعود بارزانى ئەو ماوەیەى لە سەرۆکایەتى(هەرێم)ى کوردستان بوو، رۆڵێکى کاریگەرانەى بینى و کوردستانى بردە ئاستى وڵاتانى سەربەخۆ، کەسایەتى ئەو وایکرد کەوا لە هەموو لایەکەوە مامەڵە لەگەڵ کوردستان بکرێ و، کوردستان لە هەموو بوارێکەوە پێشبکەوێت، ئەم پێشکەوتنانەى کوردستان بووە جێى خۆشحاڵى دۆستان و، نیگەرانى و دڵتەنگى دوژمن و ناحەزان، دۆستان لە زۆر رووەوە هاوکار بوون بۆئەوەى کوردستان زیاتر پێشبکەوێت و، دوژمن و ناحەزانیش بەردەوام لە پیلانگێڕاندابوون کەوا ئەزموونى کوردستان لەبارببەن و پێشکەوتنەکانى رابگرن، لەهەمان کاتدا؛ بێبەڵێنى و دژایەتییەکانى دەسەڵاتدارانى ئێستاى عێراق بەرامبەر گەلى کوردستان و،  ئەزموونی نزیكەی سەد ساڵ بەیەكەوە ژیانمان لەگەڵ عەرەبی عێراق ئەوەی بۆ هەموو لایەك سەلماند كەوا گەلی كوردستان چیتر ناتوانێت لە چوارچێوەی نەخشەی تاشراوی عێراقدا بمێنێتەوە، لەبەرئەوەی دەسەڵاتی عەرەبی سوننەی عێراق لەماوەی نزیكەی هەشتا ساڵی حوكمی خۆیدا ئەوەی توانی لە دژی كورد ئەنجامیدا هەر لە بەعەرەبكردنی كوردستان و كیمیابارانكردنی هەلەبجەو ناوچەكانی گەرمیان و بادینان و شوێنەكانی دیكەی كوردستان و زیندە بەچاڵكردن و بێسەروشوێنكردنی 182000 سەد و هەشتاو دووهەزار مرۆڤی كورد لە ژن و منداڵ و پیرو گەنج لە شاڵاوەكانی ئەنفالی 1988 و 8000 هەشت هەزار بارزانی و 12000 دوانزە هەزار كوردی فەیلی و، وێرانكردنی 4500 چوار هەزار و پێنجسەد شارۆچكەو گوندی كوردستان و سوتماككردنی خاكەكەی و چەندان تاوانی دیكەی دژ بە مرۆڤایەتی ئەمانە هەمووی لەلایەن دەسەڵاتی عەرەبی سوننەی عێراق و رژێمی رووخاوی بەعس دژ بە كورد ئەنجامدران، مەرجەعە ئاینییەكان و لایەنە عێراقییەكان لەبەرامبەر ئەم هەمووتاوانەدا بێهەڵوێست و بێدەنگ بوون.

  لەدوای رووخانی رژێمی بەعس لە بەهاری 2003 دا، عەرەبی شیعەی عێراق دەسەڵاتیان گرتە دەست، دیارە دەسەڵاتی شیعەش ئەوەی توانیان لە دژایەتی گەلی كوردستان ئەنجامیاندا و بەردەوامن، هەر لە جێبەجێنەكردنی ماددەی 140 ی تایبەت بە كەركوك و ناوچە دابڕێنراوەكانی كوردستان و تا دەگاتە پێشێلكردنی تەواوی ئەو ماددانەی دەستوورى عێراق کە  تایبەتن بە گەلی كوردستان،  دوا تاوانیشیان بڕینی بەشە بودجەی كوردستان بوو، كەوا لە سەرەتای ساڵی 2014 ەوە بودجەی كوردستانیان بڕی و، كەوتنە جێبەجێكردنی (سیاسەتی برسیكردن)ی خەڵكی كوردستان، كە ئەمەش تاوانێكە چی كەمتر نیە لە تاوانی بەعەرەبكردن و كیمیابارانكردن، لەبەرامبەر ئەم تاوانە و تەواوی تاوانەكانی دیكەدا دیسان وەكو پێشوو تەواوی لایەنە عێراقی و مەرجەعە ئاینییەكانی عێراق بێدەنگیان هەڵبژارد!!

 دەسەڵاتی ئێستای عێراق ئەگەر هەمان دەسەڵاتی بەعسی فاشی هەبووا، تاوانی زۆر گەورەترى بەرامبەر گەلی كوردستان ئەنجامدەدا، ئێستا كە دەسەڵاتی تەواوی نیە ئەو تاوانانە ئەنجامدەدات، ئەی باشە كە بەهێز بوو و دەسەڵاتی هەبوو دەبێ‌ چی بكات؟! بێگومان كارەساتەكان و تاوانەكان دژ بە گەلی كوردستان دووبارە دەبنەوە.

  بەڵێ‌ ئەمە رەوشی كورد بووە و رەوشی كوردە لەژێر دەسەڵاتی عەرەبی عێراق بە سوننەو شیعەوە و، ئەو زولم و دژایەتییانەش بەرامبەر گەلی كوردستان تا ئێستا بەردەوامن، ئەم زولمانە وایانكرد كەوا گەلی كوردستان بیر لە چارەنووسی خۆی بكاتەوە.

 بۆیە سەرۆک مەسعود بارزانى بە راوێژ لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانى کوردستان گەیشتنە ئەو باوەڕەى کەوا بۆ پاراستنى کوردستان و بەرگرتن لە پیلانەکان، بە پشتبەستن بە پرەنسیپى (مافى چارەنووس) و بنەماکانى (مافى مرۆڤ) بڕیارى ئەنجامدانى ریفراندۆم بدەن، بۆئەوەى گەلى کوردستان بڕیارى خۆى بدات کەوا ئایا دەیەوێ لە گەڵ عێراقێکى زالم بمێنێتەوە یا سەربەخۆ بێت، لەبەرئەوەی جگە لەم رێگەیە رێگەیەكی دیكە لەبەردەم گەلی كوردستان نەمایەوە بۆیە سەرکردایەتى سیاسى کوردستان ئەم بڕیارەیدا، ئەم بڕیارەى سەرکردایەتى سیاسى کوردستان بڕیارێکى مێژوویى و گرنگ بوو، لەهەمان کاتدا شانازییەکى مەزنى مێژووییە بۆ گەلى کوردستان و خودى مەسعود بارزانى لەبەرئەوەى بەڕێزیان رۆڵێکى کاریگەرى هەبوو لە وەرگرتنى ئەو بڕیارەو کارکردن بۆ سەرخستنى پرۆسەکە.

  بێگومان لە مێژووى ژیانى سیاسى سەرۆک مەسعوود بارزانى یەکێک لە کارە هەرە باشەکانى کە جێگەى شانازییە ئەنجامدانى ریفراندۆمە، من بەرپرسی ئەو قسەیەى خۆمم، لەداهاتووشدا پاش چەند ساڵی دیکە بایەخى ئەو قسەیەی من بۆ هەموو لایەک دەردەکەوێت، بە باوەڕى من تاكە كارێكی سیاسی باش کەوا لەم سەردەمەدا ئەنجاممان دابێت ئەنجامدانی ریفراندۆم بووە، بۆ؟ لەبەرئەوەی لەرێگەی ریفراندۆمەوە بەهەموو دونیامان گوت كوردستان بە خاک و خەڵکەوە بەشێک نیە لە عێراق و گەلى كوردستان چیدیکە قبوڵی نییە لە چوارچێوەی عێراق بمێنێتەوە و بژیت، گەلى کوردستان سەربەخۆیی دەوێت، كەركوك و تەواوی ناوچەكانی دیكەی دابڕیندراو لە كوردستان نەك هەرخۆیان بە كوردستانی دەزانن، بەڵکو نایانەوێ لەناو عێراق بژین دەیانەوێ لەگەڵ دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان بژین، ئەوە پەیامێكی گرنگە بۆ كۆمەڵگای نێودەوڵەتی و بۆ وڵاتانی دەوروبەر و بۆ خودی عێراقیش، كە ئەوە رای گشتى خەڵكی كوردستانە کەوا چیدیکە ناخوازن لە چوارچێوەى نەخشەى داتاشراوى عێراقدا بمێننەوە، بۆیە ئەوە شانازییەكی گەورەیە بۆ جەنابی بارزانی كە ریفراندۆم لەسەردەستی ئەوو بەهاوكاری هەموو لایەنە سیاسییەكان ئەنجام درا، لەهەمان کاتدا شانازییەكی گەورەشە بۆ گەلی كوردستان كە ئەو بڕیارەی داوە، بەڵێ لە رێى ریفراندۆمەوە بڕیاری سەد ساڵەی لكاندنی كوردستان بە عێراق رەتکرایەوەو، بە هەموو لایەکمان وت لکاندنى کوردستان بە عێراق ناشەرعییە و بێخواستى ئێمە بووە، بۆیە نامانەوێ چیدیکە لەچوارچێوەی عێراقدا بمێنینەوە، ئەم پرۆسە مێژووییە کەوا لەلایەن سەرۆک بارزانى رێبەرایەتى کرا، گەلى کوردستانى گەیاندە کەنارى بە دەوڵەت بوون، ئەمەش دوژمن و داگیرکەرانى کوردستانى هارکرد و کەوتنە پیلانگێڕان بۆ لەباربردنى ئەم پرۆسەیە، ئەوەبوو وەک بینیمان خیانەتى ١٦ ى ئۆکتۆبەرى ٢٠١٧ روویدا، لەشکرى عێراق بە هاوکارى هەندێ لایەنى ناوخۆیى کەرکوک و مەخموورو شنگاڵ و زوممارى داگیرکرد و، ویستى زیاتریش پێشڕەوى بکات، بەڵام بەرخودانى قارەمانانەى پێشمەرگەى کوردستان توانى رێ لە هێرش و پەلامارەکانى عێراق بۆ سەر کوردستان بگرێ، بێگومان ئەگەر کارەساتى ١٦ ى ئۆکتۆبەرى ٢٠١٧ رووینەدابووا، ئێستا گفتوگۆى سەرکردایەتى سیاسیى کوردستان لەسەر دیاریکردنى سنوور و چۆنییەتى راگەیاندنى دەوڵەتى کوردستان بوو، نەک شتى دیکە، بۆیە دەتوانین بڵێین ئەو نەهامەتییانەى کەوا ئەمڕۆ بەرۆکى کوردستانیان گرتووە دەرەنجامى خیانەتى ١٦ ى ئۆکتۆبەرن نەک ئەنجامدانى پرۆسەى ریفراندۆم.

ئەنجامدانى پرۆسەى ریفراندۆم سەرکەوتوو بوو، بێ کێشە بە ئەنجام گەیشت و زۆربەى هەرەزۆرى گەلى کوردستان بە تەواوى پێکهاتەکانەوە بە جۆش و خرۆشەوە روویان لە سندۆقى دەنگدان کردو، گەل بە رێژەى ٩٢.٧٣% دەنگیان بۆ سەربەخۆیى کوردستاندا، ئەمەش گەورەترین سەرکەوتن بۆ گەلى کوردستان و پرۆسەى ریفراندۆم.

 لە پرۆسەى ریفراندۆمدا؛ سەرۆک بارزانى و گەلى کوردستان زۆر باشتر دۆست و دوژمنەکەکانیان ناسى، لێرەدا دەبێ ئەوە بزانین کەوا مەسعود بارزانى لەسەر ئاستى ناوخۆو ناوچەیى و نێودەوڵەتى خیانەتى لێکرا، بەشێک لە لایەنە ناوخۆییەکان و وڵاتانى ناوچەکەو وڵاتانى زلهێز بەرژەوەندى گەلى کوردستانیان کردە قوربانى بەرژەوەندییەکانى خۆیان و بێوەفابوون بەرامبەر سەرۆک مەسعود بارزانى و گەلى کوردستان، لەهەمان کاتدا ئەو وڵاتانەى دژایەتى پرۆسەى ریفراندۆمى گەلى کوردستانیان کرد، دژى ئەو پرەنسیپانەش وەستانەوە کەوا بانگەشەى بۆ دەکەن، بەتایبەت پرەنسیپى ( مافى چارەنووس) و بنەمانى (جاڕنامەى گەردوونى مافى مرۆڤ)، وڵاتانى زلهێز و زۆربەى وڵاتانى جیهان ئەو پرەنسیپانەیان بێماناو پوچکردەوە.

ئاشکرایە بەشێک لە وڵاتانى ناوچەکەو وڵاتانى زلهێز بۆ بەرژەوەندییەکانیان پشتیان کردە گەلى کوردستان و بێوەفاییان نواند، بەڵام ئەوەى جێگەى سەرسوڕمانە هەڵوێستى بەشێکى لایەنە ناوخۆییەکان بوو، کەوا زوو گۆڕان و کەوتنە سەنگەرى دژایەتى خواستى گەلەکەیان، کارێکى زۆر شەرم و نامۆیە تۆ وا خۆت نیشانبدەیت کەوا بۆ ئەنجامدانى ریفراندۆم لە بارزانى بە پەلەترى دواتر، دواى ١٦ ى ئۆکتۆبەر بڵێى ئەنجامدانى ریفراندۆم کارێکى هەلە بوو، رووى رەخنەش بکەیتە بارزانى!! لەڕاستیدا ئەوە زوڵمە لە سەرۆک بارزانى دەکرێ، سەرۆک بارزانى بە ئەنجامدانى ریفراندۆم توانى گەورەترین رووداوى مێژووى لە مێژووى کوردستان تۆمار بکات، ئەڕکى هەموو لایەکمان بوو لەدواى ریفراندۆم پشتیوانى زیاتر لە مەسعود بارزانى بکەین و هاوکارى بین بۆ بە ئەنجام گەیاندنى ئەنجامى ریفاندۆم نەک زوڵم لە سەرۆک بارزانى بکەین، وەک هەندێ لایەنى ناوخۆیى کردیان، بەمەش زوڵمیان لە هەموو گەلى کوردستان کرد.

 بەڵێ گەلەکۆمەکى بەرژەوەندى وڵاتانى ناوچەکەو وڵاتانى زلهێز و هەندێ لایەنى ناوخۆیى گەلى کوردستانیان بەم رەوشە گەیاند، بە باوەڕى من ئەو رەوشەى ئێستا شتێکى کاتییە و تێدەپەڕێت، بۆ تێپەڕاندنى ئەم رەوشە پێویستیمان بە یەکڕیزى و یەکدەنگى تەواوى لایەنە سیاسییەکان و پێکهاتەکانى گەلى کوردستانە، بۆ ئەمەش پێویستە هەموو لایەک هاوکارو پشتیوانى یەکدى بین.

 ئێستایش دواى ئەوەى کەوا جەنابى بارزانى رازینەبوو پەرلەمانى کوردستان ماوەى سەرۆکایەتى بۆ درێژبکاتەوە، لەم کاتەدا وەک رێبەرى بزاڤى رزگاریخوازى نیشتمانى کوردستان دەتوانێت هەنگاوى گرنگ بۆ گەیاندنى گەلى کوردستان بە کەنارێکى ئارام ئەنجام بدات، سەرۆك مەسعود بارزانی لەناو كایەی سیاسی كوردستان وەكو رێبەرێك و وەكو مەرجعێك دەمینێتەوە، كەسایەتی كاریزمی سەرۆک بارزانی چۆن لە رابردوو و لە ئێستادا کاریگەرى هەبووە لەداهاتووشدا كاریگەری خۆی دەبێت، بەڕێزیان ئێستا دەتوانێت جارێكی دیكە هەوڵەكانی خۆی وەگەڕبخاتن بۆ رێکخستنەوەى ناوماڵى کوردستان، ئەگەر لەماوەی سەرۆكایەتی هەرێم زیاتر كاری لەسەر دبلۆماسییەتی دەرەوە كردبێت، كاری لەسەر پەیوەندی لەگەڵ وڵاتان و لەگەڵ ناوەندە نێودەوڵەتییەكان كردبێت، دەكرێت ئەو ماوەیە كاتی خۆی بۆ رێكخستنەوەی ناوماڵی كوردستان و بۆ لەیەكنزیكکردنەوەی لایەنە سیاسییەكانی كوردستان تەرخان بكات، بۆیە لەسەر هەموو لایەکمانە رەچاوى بەرژەوەندى نەتەوەیى و نیشتمانى بکەین و هاوکار و پشتیوانى سەرۆک بارزانى بین،  لە رابردوودا زۆربەى لایەنە سیاسییەکان لەبەر بەرژەوەندى تەسکى حزبایەتى هاوکار و پشتیوانى سەرۆک بارزانى نەبوون، پێویستە لە ئێستادا هەموو لایەکمان هاوکارو پشتیوانى بین، كە سەرۆكی (هەرێم)ی كوردستان بوو، بەحوكمی ئیلتیزاماتی نێودەوڵەتی و ئیلتیزاماتی ئەقلیمی و پۆستەكەی لەزۆر بواردا دەستی بەسترابوو، بەڵام ئێستا دەستی كراوەترە و وەكو رێبەرێك کاردەکات، بەدەر لەمەسەلەی حیزبی گوناهە مەسعود بارزانی بەتەنها لەسەر پارتی حیساب بكرێت، بەدەر لەکارە حزبییەكان مەسعود بارزانى رێبەرى بزاڤى رزگاریخوازى نیشتمانى کوردستانە، پێویستە پارتیش وەهای تەماشا بكات، راستە سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستانە، بەڵام ئەركی ئەو قورسترە ئەو كوڕی مەلا مستەفای بارزانییە، وەک لە سەرەتادا ئاماژەمان پێدا لەسەردەمی بارزانی نەمردا هەموو پێكهاتە نەتەوەیی و سیاسییەكان قبووڵیان بوو لەژێر سەركردایەتی بارزانی نەمر لەشۆرش بەشداربن و بە رێبەرى خۆیانى بزانن، دەیان کەسایەتى و كادیر لە رۆژئاوا و باكوور و رۆژهەڵاتى کوردستان لەناو شۆڕش هەبوون و دەرفەتی كاریشیان پێدرابوو، روانینی بارزانی نەمر روانینێكی نەتەوەیی بووە، بێگومان روانینی مەسعودیش روانینێكی نەتەوەیی و نیشتمانییە، بۆیە وەک هەمیشە دەتوانێت رێبەرایەتى گەلى کوردستان بکات و، مەرجەعى نەتەوەیى و نیشتمانى گەلى کوردستان بێت.

 

 

*سكرتێرى گشتیى یەکێتى نەتەوەیى دیموکراتى کوردستان YNDK