Share this on Faceook

Follow us on Twitter

FacebookTwitterGoogle BookmarksPinterest
Pin It

Facebook

Twitter

Google Plus

YouTube

هه‌ڵبژاردنی ئه‌م دواییه‌ی ئه‌مریكا هاوكێشه‌ سیاسییه‌كانی هه‌موو دونیای سه‌راوژێر كرد، ئه‌وه‌ی پێشبینی ده‌كرا، واده‌رنه‌چوو، شیكاری چاودێر و شیكه‌ره‌وه‌ سیاسییه‌كان له ‌دوای سه‌ركه‌وتنی تره‌مپ و كۆمارییه‌كان، وه‌كو بلقی سه‌رئاوی لێهات و رێك پێچه‌وانه‌ ده‌رچوو، ئه‌مجاره‌ چاودێره‌كان شه‌نوكه‌وكردنیان بۆ دونیای سیاسه‌ت به‌لاڕێدا چوو، ئه‌وه‌ش دوای ئه‌وه‌ هات له ‌رۆژی 9-11-2016 دۆناڵد تره‌مپ سه‌ره‌ڕای هه‌موو خوێندنه‌وه‌و پێشبینیه‌كان كه‌ده‌ریانخستبوو، هیلاری كلینتۆن گره‌وه‌كه‌ ده‌باته‌وه‌. به‌پێچه‌وانه‌وه‌ تره‌مپ گره‌وه‌كه‌ی برده‌وه‌و، بووه‌ چل و پێنجه‌مین سه‌رۆكی ئه‌مریكا و دونیای له‌گه‌ڵ خۆیدا هه‌ژاند، هه‌یانبوو تۆقی  و هه‌بوو دلخۆشبوو، به‌ڵام ترس و دڵه‌راوكییه‌كان سه‌باره‌ت به‌ده‌رچوونی زیاتر بوون، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی تره‌مپ تا ساتی ده‌رچوونیشی هه‌ر به‌ساده‌یی ته‌نزه‌وه‌ مامه‌له‌ی له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژاردندا ده‌كرد، ئه‌وه‌ش ئه‌وه‌ ده‌گه‌یه‌نێ تره‌مپ سه‌ره‌ڕای پێشبینیه‌كان، ئه‌و تاڕاده‌یه‌كی زۆر ده‌یزانی گره‌وه‌كه‌ ده‌باته‌وه،‌ نه‌ك له‌به‌ر خودی ئه‌و، به‌ڵكو سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مریكا گه‌ڕێكی نوێێ كۆمارییه‌كانی پێویست بوو.

هه‌روه‌ك چۆن ده‌وڵه‌تان سیاسه‌تی داهاتوویان له‌سه‌ر ده‌رچوونی هیلاری كلینتۆن داڕشتبوو، هه‌ر زوو ژووری عه‌مه‌لیاتی نوێیان له‌سه‌ر سه‌ركه‌وتنی تره‌مپ دروستكرد، تا له‌گه‌ڵ بۆچوون و سیاسه‌تی نوێی ئه‌و سه‌رۆكه‌ هه‌ڵبژێردراوه‌‌، درێژه‌ به‌ به‌پوه‌ندییه‌كانیان بده‌ن، له‌مه‌ودوا ده‌بێ ئه‌وه‌ بزانرێ له‌سیاسه‌ت شتێك نیه‌ به‌ناوی مه‌حال. 

هه‌ڵبژاردنی تره‌مپ و هه‌ڵوێستی به‌رامبه‌ر كورد

پرسی كورد و رۆلی له‌سه‌ر ئاستی ئه‌قلیمی و نێوده‌وڵه‌تی گرنگ و كارایه‌، رۆژانه‌ سیاسه‌تمه‌دار و دپلۆماسییه‌كانی ده‌وڵه‌تان سه‌ردانی باشووری كوردستان ده‌كه‌ن، ئه‌وه‌ش پێگه‌ی هه‌رێمی كوردستانی له‌ناوچه‌كه‌ و جیهان به‌هێز كردووه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی له‌م قۆناغه‌  بۆ كورد گرنگه‌ له‌سه‌ر ئاستی سیاسی ئه‌و پێگه‌یه‌ له ‌ئیداره‌ی نوێی ئه‌مریكا به‌ده‌ست بهێنی، تاوه‌كو ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ی له‌به‌رده‌می دایه‌ به‌سوود بۆ كیان و قه‌واره‌ی سه‌ربه‌خۆی كورد و دیاریكردنی مافی چاره‌ی خۆنووسین به‌ پاڵپشتی و دانپێنانی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی به‌ده‌ست بهێنێ.

پێشمه‌رگه‌ له‌ روانگه‌ی تره‌مپ

تره‌مپ به‌ ئازایه‌تی و بوێری و كارامه‌یی پێشمه‌رگه‌ له‌شه‌ڕی دژی داعش سه‌رسامه‌، بۆیه‌ هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ له‌بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مریكا له ‌لایه‌ن خودی تره‌مپ و كلینتۆن ستایشی رۆلی پێشمه‌رگه‌ له‌دژی داعش كرا، ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌ ده‌گه‌یه‌نێ تره‌مپ درێژه‌ به‌پاڵپشتی و هاوكاریكردنی پێشمه‌رگه‌ ده‌دات، بۆیه‌ سه‌ركردایه‌تی كورد پێویسته‌ ئه‌و هه‌ماهه‌نگییه‌ بپارێزن و زێتری بكه‌ن.

تره‌مپ گله‌یی له‌ حكومه‌تی عێراق ده‌كات

تره‌مپ هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ گله‌یی له‌حكومه‌تی عێراق هه‌یه‌، كه‌تا ئێستا نه‌یتوانیوه له‌رووی ئاسایشی ده‌وڵه‌ته‌وه‌ بگاته‌ ئامانجه‌كانی و به‌وڵاتێكی گه‌نده‌ڵی هه‌ژمارده‌كات، بۆیه‌ تره‌مپ گله‌یی خۆی ده‌گه‌یه‌نێته‌ به‌رپرسانی عێراق كه‌ نا ئارامبوونی عیراق و ئاسایشه‌كه‌ی لای ئیداره‌ی تره‌مپ جێگه‌ی بایه‌خ ده‌بێت و تا ئاسایشی عێراق خراپ بێ ئاسایشی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئه‌مریكاش له‌ ژێر هه‌ڕه‌شه‌دا ده‌بیت.

سیاسه‌تی كۆمارییه‌كان جێبه‌جێده‌كرێ یان تره‌مپ؟

پارته‌كه‌ی تره‌مپ؛ زۆرینه‌ی له‌هه‌ردوو ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ی كۆنگرێس مسۆگه‌ركردووه‌، بۆیه‌ تێپه‌ڕاندنی هه‌ر بڕیارو یاسایه‌ك به‌و ئاڕاسته‌یه‌دا رێگرییه‌كی ئه‌وتۆی بۆ دروست نابێت، ئه‌وه‌ی ئۆباما و دیموكراته‌كان له‌م هه‌شت ساڵه‌ی رابردوو نه‌یانكرد له‌سه‌ر تره‌مپه‌ بیكات، هه‌رچه‌نده‌ تره‌مپ زیاتر وه‌كو بازرگانێك ناسراوه‌ نه‌وه‌ك سیاسه‌تمه‌دارێك، به‌ڵام له‌كۆتایی ئه‌وه‌ی ئیداره‌ی نوێ ده‌یكات به‌رنامه‌ی پێشووه‌، له‌گه‌ڵ هی كۆمارییه‌كانه به‌تایبه‌ت‌ له‌سه‌ر ئاستی په‌یوه‌ندی ده‌ره‌وه‌و نه‌هێشتنی هه‌ڕه‌شه‌كانی تیرۆر، له‌م كاته‌دا‌ تره‌مپ ده‌بێته‌ جێبه‌جێكاری ئه‌و به‌رنامه‌یه‌ی كۆمارییه‌كان مه‌به‌ستییانه‌ وهه‌یانه‌ هه‌ر ئه‌وه‌ جیبه‌جێده‌كه‌ن.    

جیهان چی به‌سه‌ردێ له‌سه‌رده‌می تره‌مپ؟

به‌پێی پێشبینی و خوێندنه‌وه‌كان، چوار ساڵی داهاتووی تره‌مپ هه‌ڵوێستی توندتری ئه‌مریكا ده‌بینین له‌به‌رامبه‌ر هه‌ر هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی سیاسی، ئابووری ‌و ئه‌منی بۆ سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئه‌مریكا له ‌ده‌ره‌وه‌و ناوه‌وه‌ ، هه‌روه‌ها به‌هۆی ئه‌وه‌ی تره‌مپ سه‌ر سه‌خته‌ بۆ له‌ناوبردنی تیرۆر، بۆیه‌ پێشبینی ده‌كرێ زیاتر پاڵپشتی كورد بكات بۆ روبه‌ڕوبوونه‌وه‌ی تاقمی تیرۆریستی داعش، هه‌روه‌ها تره‌مپ له‌وه‌ دڵنیایه‌ سیاسه‌تی ئه‌مریكا له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تی له‌سه‌ر ده‌ستی ئۆباما ئه‌گه‌ر نه‌ڵێین شكستی هێناوه،‌ به‌ڵام پاشه‌كشه‌ی زۆری كردووه‌. ئه‌وه‌ی ده‌بێ لامان روون بێت به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌مریكا لای تره‌مپ له‌هه‌موو شت گرنگتره، بۆیه‌ ده‌بێ ئێمه‌ش به‌ووردی و ژیری سیاسه‌تی خۆمان له‌سه‌ر ئه‌و هه‌ڵویست و به‌رژه‌وه‌ندییانه‌ دابڕێژین. ‌

تێڕوانینی ئه‌وروپا بۆ هه‌ڵبژاردنی تره‌مپ

دوای‌ سه‌ركه‌وتنی‌ تره‌مپ له‌ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تیی‌ ئه‌مریكا، جان مارك ئیرۆڵت وه‌زیری‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ فه‌ره‌نسا خوازیاره‌ وڵاته‌كه‌ی‌ به‌رده‌وام بێت له‌ هه‌ماهه‌نگی‌ له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا، به‌ڵام ئه‌وان خوازیارن‌ واشنتۆن هه‌ڵوێستی‌ ڕوونتری‌ هه‌بێت سه‌باره‌ت به‌ هه‌ندێ پرس له‌وانه‌ ڕێكه‌وتننامه‌ی‌ ئه‌تۆمی‌ له‌گه‌ڵ ئێران و قه‌یرانی‌ سوریا و عێراق. هه‌روه‌ها ئۆرسۆلا ڤۆنده‌رله‌ین وه‌زیری‌ به‌رگریی‌ ئه‌ڵمانیا پێیوایه‌ پێشهاته‌كانی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ ئه‌مریكا مه‌ترسیدارن. له‌ملاوه‌ به‌رپرسی‌ سیاسه‌تی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ یه‌كێتی‌ ئه‌وروپا پێیوایه‌ په‌یوه‌ندییه‌كانیان له‌گه‌ڵ واشنتۆن وه‌ك خۆیی‌ و به‌بێ‌ هیچ گۆڕانكارییه‌ك ده‌مێنێته‌وه‌.

په‌یوه‌ندی تره‌مپ و رووسیا گه‌رمتر ده‌بێ

تره‌مپ هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ رووسیای خسته‌ نێو ئه‌جیندای هه‌ڵمه‌تی پڕوپاگه‌نده‌نی هه‌ڵبژاردن و به‌ ناڕاسته‌وخۆ داوای له‌ ڕوسیا كرد ئیمه‌یڵه‌كانی هیلاری كلینتۆن بدۆزێته‌وه‌. چاودێران پێیان وایه‌، یا ئه‌وه‌تا سیاسه‌تی ئه‌مریكا له‌به‌رامبه‌ر رووسیا وه‌كو خۆی ده‌مێنێته‌وه‌ یان تره‌مپ ‌ هاوڕێیه‌تی له‌گه‌ڵ پۆتیندا گه‌رم ده‌بێت و په‌یوه‌ندییه‌كانیان به‌ره‌و ئاقارێكی دیكه‌ ده‌به‌ن.

تره‌مپ بۆ ئه‌مریكا گرنگه‌

ئه‌گه‌ر چی ده‌ڵێن تره‌مپ كه‌م ئه‌زموونه‌ و بازرگانه‌و، وه‌ك کەسیکی ناشارەزا لە ئاستی سیاسەتی نێودەوڵەتی و دەرەوەدا دەناسرێت هه‌روه‌ها كه‌سێكی كه‌م ئه‌زموونیشه‌ له‌بواری سه‌ربازی و خۆی له‌بواری بزنسمان و ته‌لارسازی و راگه‌یاندن شاره‌زایه‌، به‌ڵام پێشبینی دەکرێت کە بەپێی پاشخانی سیاسی و مەعریفیی کۆماریخوازەکان لە ئاستی نێودەوڵەتیدا ڕەفتار بکات. تا ده‌رچوونی به‌ساده‌یی مامه‌له‌ی ده‌كرد، به‌ڵام له‌وتاری دوای ده‌رچوونی هێڵه‌ سه‌ره‌كییه‌كان و دیداری له‌ كۆشكی سپی له‌گه‌ل ئۆباما بۆچوونه‌كان ته‌واو پێچه‌وانه‌ بۆوه.

هیلاری كلینتۆن وه‌ك یه‌كه‌م ئافره‌ت بۆ سه‌رۆكی ئه‌مریكا بۆ میژووه‌كه‌ی گرنگ بوو ده‌ربچێ، به‌ڵام له‌م قۆناغه‌ی داعش و هه‌ڕه‌شه‌كانی سه‌ر ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانه‌كانی و لاوازبوونی ئه‌مریكا له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تی بۆ یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی ئه‌و پرسانه‌  پێوست بوو كۆمارییه‌كان بێنه‌ سه‌ر حوكم.  

تره‌مپ و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان

پرسیاره‌ گرنگه‌كه‌‌ لێره‌دا سه‌رچاوه‌ ده‌گرێ، ده‌بێ سه‌رۆكایه‌تی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان چی بكات تا په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا به‌هێزبێ؟. خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان ئاگاداری ئه‌وه‌ن كه‌ پێشتر تره‌مپ له‌كاتی هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردنه‌كاندا پشتیوانی خۆی بۆ هه‌رێمی كوردستان و پیشمه‌رگه‌ دووپات كردبۆوه‌ و به‌ په‌رۆشه‌وه‌ چاوه‌ڕێی جێبه‌جێكردنی ئه‌و پشتیوانییه‌ ده‌كه‌ن.
بۆیه‌ ده‌بێ سیاسه‌تی داهاتووی حكومه‌تی كوردستان كار بۆ به‌ستنی هاوپه‌یمانییه‌كی به‌هێزتر له‌ شه‌ڕی دژی تیرۆرستانی داعش و توندڕه‌وی، له‌نێوان ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكاو هه‌رێمی كوردستاندا بكرێ و سه‌ردانی ئیداره‌ی نوێی ئه‌مریكا بكات و تره‌مپ داوه‌تی كوردستان بكرێ بۆ زیادكردنی هه‌ماهه‌نگییه‌كان له‌سه‌ر هه‌موو ئاسته‌كانه‌وه‌.

كورد و تره‌مپ وه‌كو یه‌ك تیم كارده‌كه‌ن

تره‌مپ به‌گشتی تێڕوانیی تایبه‌ت و جیای له‌سه‌ر كورد هه‌یه‌ ئه‌و پێیوایه‌ كورد پڕچه‌ك بكه‌ن, له‌به‌ر ئه‌وه‌ تره‌مپ ده‌ڵێ" كورد سه‌لماندوویانه‌ كه‌ باشترین شه‌ڕكه‌رن و, بۆ ئه‌مریكا دڵسۆزترینن".

هه‌روه‌ها تره‌مپ زیاتر له‌سه‌ر كورد ده‌ڵێ:" كورد دڵێكی گه‌وره‌یان هه‌یه‌و جه‌نگاوه‌ری بوێرن ‌و پێویسته‌ كاری زیاتریان له‌گه‌ڵ بكه‌ین ‌و گه‌شه‌یان پێبده‌ین".

تره‌مپ تاكه‌ سه‌رۆكه‌ به‌راشكاوی دانی به‌ئازایه‌تی كورد و دڵسۆزی بۆ ئه‌مریكا ناوه‌، ئه‌گه‌رچی كورد ده‌وڵه‌تی‌ نییه‌، به‌ڵام وڵاتی‌ هه‌یه‌‌ و ده‌كرێ له‌سه‌ر ئه‌م هه‌ڵوێستانه‌ی ئیداره‌ی نوێی ئه‌مریكا به‌سه‌رۆكایه‌تی تره‌مپ بینای سیاسه‌تی بكات و له‌چوار ساڵی داهاتوو سوود له ‌ده‌رفه‌ته‌كان وه‌ربگری و پێگه‌ی خۆی زیارت به‌هێز بكات و هه‌نگاوی باشتر بنێ بۆ ئه‌وه‌ی پاڵپشتی و هاوكاری زیاتر به‌ده‌ستبهینێت.

ئۆباما به‌ تره‌مپی وت وه‌كو یه‌ك تیم كارده‌كه‌ین و كوردیش ده‌بێ وا له‌تره‌مپ بكات وه‌كو یه‌ك تیم به‌ره‌نگاری تیرۆر ببینه‌وه‌و بۆ كاری تریش ئه‌و هه‌ماهه‌نگیه‌ دروست بكات و ببێته‌ كاراكته‌ر و یاریزانێكی سه‌ره‌كی ئه‌م تیمه‌ بۆ به‌رژه‌وه‌ندی گه‌لی كوردستان سوود له‌حكومه‌تی نوێی ئه‌مریكا به‌ سه‌رۆكایه‌تی دۆناڵد تره‌مپ له‌ساڵی داهاتوو وه‌ربگرێت.

لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی كورد و تره‌مپ

سه‌ركه‌وتنی سیاسه‌تی كوردستان به‌رامبه‌ر ئیداره‌ی نوێی ئه‌مریكا له‌یه‌ككردنی هه‌ڵوێستی سیاسی سه‌رجه‌م پێكهاته‌و لایه‌نه‌كان ده‌بێت، بۆیه‌ حیزب و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی كوردستان ده‌بێ ژیرانه‌ مامه‌له‌ له‌گه‌ڵ ئیداره‌ی نوێی ئه‌مریكا بكه‌ن و هێزو لایه‌نه‌كان بتوانن هاوهه‌ڵوێست و یه‌كگرتوو بن و ئه‌و پاڵپشتی و هاوكارییانه‌ی ئیداره‌ی نوێی ئه‌مریكا له‌ساڵی داهاتوو‌ به‌نده‌ به‌ یه‌كگرتوویی و یه‌كریزی گه‌لی كوردستان. 

* ئه‌م وتاره‌ له‌رێكه‌وتی 13-11-2016 له‌ رۆژنامه‌ی هه‌وڵێر ژماره‌ ( 2486 ) بڵاوكرایه‌وه‌.