رۆژنامەی میدیا

Share this on Faceook

Follow us on Twitter

   هه‌ولێر          دهۆك       سلێمانی
FacebookTwitterGoogle BookmarksPinterest
Pin It

Facebook

Twitter

Google Plus

YouTube

میدیا – كارزانی مامەندپیران

   لەدوای هێرشەكانی داعش بۆ دەڤەری مەخموورو زیان گەیاندن بەم ناوچەیە، كە زۆرێك لەعەرەبەكانی سنوورەكە هاوكار و هۆكار بوون لە هاتنی داعش بۆ دەڤەرەكە، بۆیە لە ئێستادا هاوڵاتیان داوا دەكەن بەهیچ شێوەیەك رێگە بەعەرەبە داعشییەكان نەدرێت بگەڕێنەوە سنوورەكە.

كاتێك پرسیاری ئەوەمان لە (مام خالید ئیسماعیل) ی خەڵكی قەراج كرد، بۆچی ناگەڕێتەوە قەراج كە ئێستا ئاوارەی هەولێر بووە، لەوەڵامدا بەتوڕەییەوە وتی" ئەرێ ئێوە گاڵتە بەخەڵك دەكەن، ئاخر قەراج نەمزگەوتی هەیە، نەدكتۆر و ئاو و كارەبا قوتابخانەی هەیە، ئێوە یەخەی قەراجتان گرتووە، خەڵك چۆن بگەڕێتەوە لەكاتێكدا هیچی نەبێت، با حكومەتی كوردی هێزێك بێنێتە ئێرە، ئەوەی عەرەبە لەزێی ئاودیوی بكات و نەهێڵێت روو لەم ناوچەیە بكەنەوە، ماڵم هەمووی تاڵان كراوەو هیچم نەماوە، ئێستا بچمەوە كوێ و بگەڕێمەوە سەر چی، پێشمەرگە بووم چوار جار بریندار بووم، حەوت ساڵ چاوم بەماڵ و منداڵم نەكەوت، ئێستا ئەوە حاڵمە دەیبینی، ئەو خەڵكە لەماڵان و لەشوێنان كەوتووە دینارێكی لەگیرفاندا نییە شتێك بكڕێت، ئەوجا خواحافیز و ئەهـ".
خەدیجە محەمەد ئافرەتێكی تری تەمەن 60 ساڵەی قەراجە، ئەویش بەهەمان شێوەی مام خالید ئاوارە بووە دەڵێت" نە بەڕێوەبەری شارەدێمان هەیە دەوام بكات، نە قوتابخانە دەوامی تێدا دەكرێت نەدكتۆرێك بوونی هەیە تا بگەڕێینەوە، ئێمە بەشوێن و شاری خۆمان شوكرو سابیرین، بەڵام كە هیچمان نەبێت و كەس دەوام نەكات چی بكەین لەقەراج"، لێرەوە پوورە خەدیجە قورگی پڕ دەبێت لەگریان و بەچاوی پڕ فرمێسكەوە بەهەولێرییەكی تەواوەوە دەڵێت" بەحوببی در حەز دەكەم بگەڕێمەوە وەتەنی خۆم ".
دوای ئازادكردنەوەی مەخموور، خەڵك گەڕایەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆی، ماڵ و حاڵێك كەشار خاڵی بوو لەعەرەب، كە ئەمە بووە مایەی دڵخۆشی خەڵكی مەخموور، ستار عەبدولرەحمان هاوڵاتییەكی دانیشتووی مەخموورە دەڵێت" زۆر خۆشحاڵین كە عەرەب لەمەخموور نەماوە، ئێستا جەژنی گەلی كوردە، چونكە عەرەب زیانی زۆری بۆ ئێمە هەبوو، هەر ئەوان بوون داعشیان هێنایە سەرمان، كاتێك ئێمە لەترسی داعش مەخموورمان جێدەهێشت ئەوان پێ دەكەنین بەئێمە، بۆیە داواكارم لەهەر سێ سەرۆكایەتییەكە (سەرۆكایەتی هەرێم و سەرۆكایەتی پەرلەمان و سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیران) جارێكی تر رێگا نەدەن عەرەب بێتەوە مەخموور، بەتایبەت ئەو عەرەبانەی لەگەڵ هاتنی داعش مانەوەو چوونە پاڵ داعش".
قەهار رەحمان عەزیز هاوڵاتییەكی ترە كە برایەكی بووەتە قوربانی دەستی داعش دەڵێت" وەكو برایەكی شەهید قبوڵم نییە عەرەب بگەڕێتەوە ناوچەكە، چونكە برایەكم بەدەستی ئەوان لەسەر خاكی كوردستان شەهید لەنێوان گوندی گڕوون و تەلەریم كراوە، بەهیچ شێوەیەك مایەی قبوڵ عەرەب بێتەوە ".
عەبدولجەبار جەلال چاڵاكوانێكی سنوورەكەیە پێیوایە خوێن رژاوە و سازشیش لەسەر خوێنی شەهیدان ناكرێت و زیاتر دەڵێت" ئێمە كاتی خۆی دەمانبینی چەند عەرەبی بەعسی هەبوو، كە لەگوندەكانی خۆیانەوە هیچ نەبوون، بەناوی شێخایەتییەوە هێنامان و پارەو سەیارەی مۆدێل بەرزمان پێدان و ناسنامەی حیزبیمان بۆ دروست كردن، دوای ماوەیەك دەركەوت داعشەكان هەموو ئەوانە بوون، بەڵام ئەوانەی لەگەڵ داعش بوون نابێت بگەڕێنەوەو هیچ حیزبێكیش بۆی نییە عەفوویان بكات، لەم هێرش و پەلامارانە دوو ئامۆزام شەهید كراوە، بۆیە رێگا بەگەڕانەوەی ئەو كەسانە نادرێت لەگەڵ داعش بووینە".
بەیار حەسەن بەڕێوەبەری شارەدێی قەراج لەلێدوانێكیدا بۆ میدیا هۆكاری نەگەڕانەوەی خەڵك بۆ شارەدێكە دەگێڕێتەوە بۆ باری ئەمنی و دەڵێت" هۆكاری نەگەڕانەوەی خەڵك بۆ شارەدێی قەراج ئەمنییە، ئەگینا هیچ هۆكارێكی تر لەگۆڕێ نییە، لەهەمانكاتدا تا ئێستا هیچ فەرمانگەیەك دەوامی تێدا نییەو گشت فەرمانگەكان تاڵان كراون و سووتێنراون، بەنووسراویش داوامان لەسەرووی خۆمان كردووە كەل و پەل بۆ فەرمانگەكان بكڕن تا بگەڕێینەوەو دەوامی ئاسایی خۆمان دەست پێ بكەینەوە بێگومان ئێمەش داوا لەخەڵك دەكەین بگەڕێنەوە، سەبارەت بەقەرەبوو كردنەوەش ئەو هاوڵاتیانەی ئاوارە بوون بەبڕی یەك ملیۆن دینار لەلایەن حكومەتی ناوەندەوە قەرەبوو كراونەتەوە، دوای دەست بەكار بوونەوەشمان ناوی ئەو كەسانە تۆمار دەكەین و بەرزی دەكەینەوە بۆ سەرووی خۆمان كە زیانیان بەركەوتووە و ماڵ و موڵكیان تاڵان كراوە".

كۆمێنتت له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌