رۆژنامەی میدیا

Share this on Faceook

Follow us on Twitter

   هه‌ولێر          دهۆك       سلێمانی
FacebookTwitterGoogle BookmarksPinterest
Pin It

Facebook

Twitter

Google Plus

YouTube

میدیا - كوردستانی

 كۆنفرانسی جنێف 2 به‌ بێ بانگهێشتكردنی كوردان ده‌ستی پێكرد و ئه‌وه‌ش ناڕه‌زاییه‌كی به‌رفراوانی له‌ لایه‌ن كوردانه‌وه‌ لێكه‌وته‌وه‌، دەستەی بەڕێوەبەری KCK ـه‌ش جه‌خت له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ جنێف 2 بەرلەدەستپێكردنی شكستی هێناوه‌.

 

بانگهێشت نەكردنی كوردان بۆ جنێف 2 بەردەوام دەدرێتە بەر رەخنە و سەركۆنە دەكرێت، لەبرێمێنی ئەڵمانیا كوردان ئەو هەڵوێستەی دژ بە كوردانیان شەرمەزار كرد .لەشاری برێمێنی ئەڵمانیاش رۆژی هەینی رابردوو ژماره‌یه‌كی زۆری كوردان به‌ دروشمی (بێ كوردان كۆبوونەوەی جنێف سەرناكەوێ)، خۆپیشاندانێكیان سازكرد.

هاو‌كات دەستەی بەڕێوەبەری KCK دەربارەی دووەمین كۆبوونەوەی جنێف رایگەیاند كە ئەو هێزانەی ئێستا لە جنێفن، ئەو هێزانەن كە لەدەرەوەی سوریان، ئەو هێزانەی لەسوریا شەڕدەكەن لەوێ ئامادەنین. جه‌ختیش له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ "جنێف 2 بەرلەدەستپێكردنی شكستی هێناوه‌".

سه‌باره‌ت به‌ هه‌مان پرس، رۆژنامەنووس و چاودێری سیاسی محەممەد عوسمان، له‌ ئاخاوتنێكیدا بۆ میدیا گوتی " راگەیاندنی بڕیاری خۆبەڕێوەبردن باشترین وەڵام بوو بۆ جنێف 2، چونكە ئەوانەی بەشداری جنێف دوون ئەو هێزو لایەنانەن كە لەناو ژیانی ڕاستەقینەی خەڵكی بەشمەینەتی دەوڵەتی (سایكس بیكۆ)دا ناژین، بگرە پڕیشكی ئاگرەكەش نایانگاتێ، بۆیە پێموایە ئەو كۆنگرەیە هیچ دەور و كاریگەرییەكی باش و دڵخۆشكەری نابێت، كە ژیانی هاوڵاتیانی ئەو وڵاتە خۆش بكات".

ئه‌و چاودێره‌ سیاسییه‌ هێمای بۆ ئه‌وه‌ كرد، كه‌ هێشتا بەشار ئه‌سه‌د لەدەسەڵاتە و لەڕاگەیاندنەكاندا دووپاتی كردووه‌ته‌وه‌ كه‌ واز لەدەسەڵات ناهێنێت، بۆیە به‌ بڕوای ئه‌و هەر بڕیارێك كە لەو گۆنگرەیە بدرێت، لەسەر باشتركردنی ڕەوشه‌كه‌ كاریگەری ئەوتۆی نابێت. سه‌باره‌ت به‌ دوورخستنەوەی ئێران لە بەشداریی جنێف 2، گوتی " ئێران بە نهێنی و ئاشكرا یارمەتی بەشار دەدات و هەموو هەوڵێك دەدات بۆ مانەوەی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد، بۆیه‌ به‌شدارنه‌كردنی كاریگه‌ری خۆی هه‌یه". له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ جه‌ختی له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ " كۆنگرەی جنێف 2 هیچ ئومیدێكی لێ چاوەڕوان ناكرێت، بەڵكو دەلیڤەیەكی لێكنزیكبوونەوەی خودی ئەمریكاو روسیایە، ئەوان بەرژەوەندییەكانی خۆیان لەچیدا ببیننەوە، بڕیاری لەسەر دەدەن، نەك چارەسەری گونجاو بۆ كۆتایهێنان بەو خوێنڕێژییەی كە ماوەی سی ساڵە بەردەوامە، لەلایەكی ترەوە بەشداری 30 وڵاتی دونیا لەناویدا چەند وڵاتێكی زلهێز لەسەر مێزی كۆنگرەی جنێف 2 بڕیار لە زۆرێك بابەت دەدەن، كە پەیوەندی نێوان زلهێزەكان پتەوتر دەكات و ئەگەر ئەم هەماهەنگییە بۆ زلهێزەكان دروست ببێ، كە ئێستا لەدوا قۆناغەكانی فۆرمەلەكردن و وێناكردنەوەی پەیوەندی نێوان خۆیاندان، ئیدی هیچ بوارێك نامێنێتەوە بۆ مانۆڕكردنی هێزە ناوچەییەكان" .

به‌ بڕوای محەممەد عوسمان ئەوەی بەشدارە لەم كۆنگرەیەدا ئۆپۆزسیۆنی دژە ئەسەد و خودی ئەسەدە كە هەردووكیان دژی كوردن و چاویان هەڵنایەت كە كورد دەسه‌ڵاتی هەبێت وخۆی بەڕێوەبەرێت، زلهێزەكان و دەوڵەتانی داگیركەری كوردستان خوازیارن سەد ساڵێكی تر ئەو هاوكێشەیە بەردەوام بێت، وەك ئەوەی لە سایكس بیكۆ بڕیاری لەسەردرا .گوتیشی "كورد ئەمڕۆ لە رۆژئاوای كوردستان زۆر بەهێزە و بەتایبەت PYD كە توانیویەتی هێزێكی تۆكمەو كاریگەری هەبێت، بەشداری پێنەكردنی نوێنەری راستەقینەی كورد لە كۆنگرەی جنێف 2 وه‌ڵامی خۆی وه‌رگرت، پێموایە راگەیاندنی بڕیاری خۆبەڕێوەبردن لە كانتۆنی جەزیرە باشترین وەڵام بوو بۆ جنێف ٢، چونكه‌ تاكە لایەنێك كە لەحاڵەتی ڕووبەڕووبوونەوەدایە لەگەڵ‌ تەواوی لایەنە بەشدارەكانی‌ كۆنگرەی جنێف 2 دا لایەنی كوردییە، كورد ئەمجارەیان لە رۆژئاوا زۆر بەهێزە، لەبەر چەندین هۆكاری خودی و بابەتی كە یەكێكیان ئەوەیە هەر لە روسیا و ئێرانەوە بگرە، تاكو ئەمریكا و توركیا لە هەوڵی راكێشانی لایەنی كوردیدان، دوایەمین هەوڵیان داوەتكردنی ساڵح موسلیم بوو بۆ پێشكەشكردنی وتارێك لەئەنجومەنی دۆمای رووسی. ئەو ئیرادە پۆڵایینەی كە دەبینین ئەمڕۆ لەڕۆژئاوا سێ هەرێمی خۆبەڕێوەبەری دامه‌زراندووە، ئامادە نەبوو بچێتە ژێر ركێفی هیچ دەوڵەتێكی زلهێزی دونیا، ئەمەش وا دەكات كورد زیاتر بەهێز بێت و ده‌وڵەتانی هەرێمی حیسابی زیاتری لەسەربكەن".

 

كۆمێنتت له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌