رۆژنامەی میدیا

Share this on Faceook

Follow us on Twitter

   هه‌ولێر          دهۆك       سلێمانی
FacebookTwitterGoogle BookmarksPinterest
Pin It

Facebook

Twitter

Google Plus

YouTube

ئا: سه‌میر شێخ مه‌موندی

دوای شكستی گفتوگۆیه‌ یه‌ك له‌دوای یه‌كه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا له‌سه‌ر پرسی هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی كوردستان بۆ ده‌ره‌وه‌ دواجار ده‌سه‌لاتی سیاسی له‌ باشوور‌ی كوردستان سه‌بری ئه‌یوبی له‌ده‌ست دا و له ‌رێگه‌ی به‌نده‌ری جه‌یهانی توركیا و به‌بێ‌ ره‌زامه‌ندی به‌غدا نه‌وتی هه‌نارده‌ی بازاڕه‌كانی جیهان كرد، ئه‌م هه‌نگاوه‌ش هێنده‌ی دی گۆمه‌كه‌ی شڵه‌قاند و هه‌وری ناكۆكییه‌كانی نێوان باشووری كوردستان و حكومه‌تی ناوه‌ندی له‌سه‌ر كێشه‌ی هه‌نارده‌كردنی نه‌وت هێنده‌یتر ره‌شكرد، به‌ڵام كورد چاوی له‌وه‌یه‌ له‌ژێر ئه‌و هه‌وره‌ ره‌شه‌ ئیتر ئاسۆیه‌كی نوێ‌ بۆ خۆشگوزه‌رانی هاوڵاتیان هه‌ڵبێت و به‌غداش ترسی ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ ئه‌و هه‌وره‌ ره‌شه‌ زریانێكی مه‌ترسیدار دروست بكات.


فرۆشتنی نه‌وتی باشووری كوردستان له ‌رێگه‌ی توركیاوه‌ كاردانه‌وه‌ی ناوخۆیی و ده‌ره‌كی به‌دوای خۆیدا هێنا، به‌جۆرێك به‌شێك له‌لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانی ناوخۆی باشووری وڵات پشتگیری هه‌نارده‌كردن و فرۆشتنه‌كه‌ ده‌كه‌ن، به‌شێكی دیكه‌ش به‌مه‌رجی شه‌فافی له‌بڕی داهاتی نه‌وته‌كه‌ ئاماده‌ن پشتیوانی لێبكه‌ن، له‌ ئاستی ده‌ره‌وه‌ش هه‌رچی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكایه‌ رۆژێك دوای فرۆشتنی نه‌وتی كوردستان له‌ بازاڕه‌‌كانی جیهان رایگه‌یاند، ئه‌وان دژی فرۆشتنی نه‌وتی هه‌رێمن به‌بێ‌ رێككه‌وتن له‌گه‌ل به‌غدا، ئه‌مه‌ش ناڕه‌زایی هه‌رێمی لێكه‌وته‌وه‌ و به‌رپرسی فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم له ‌وه‌ڵامی لێدوانه‌كه‌ی ئه‌مریكا وتی: رێزمان هه‌یه‌ بۆ وڵاته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا، به‌ڵام بڕیاری كورد به‌ ده‌ستی كورده‌ و هیوادارین ئه‌مریكا له‌ هاوكێشه‌ سیاسییه‌كان تێبگات و خۆیان نه‌خه‌نه‌ ناو ململانێكانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا، هه‌روه‌ها لایه‌نگریی هیچ لایه‌نێك نه‌كه‌ن و ئه‌گه‌ر بێده‌نگی هه‌ڵبژێرن و لایه‌نگری نه‌كه‌ن پێمان باشتره‌، چونكه‌ ئه‌وه‌ی ئێمه‌ ده‌یكه‌ین له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی گه‌لی كوردستان و خه‌ڵكی كوردستانه‌ و، ئێمه‌ نابێت سه‌یری ئه‌وه‌ بكه‌ین كه‌ كێ‌ پێمان بڵێت راست و كێ‌ پێمان بڵێ‌ هه‌ڵه‌ت كردووه‌."
له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ حكومه‌تی كوردستان ده‌ڵێت: یه‌كێتی ئه‌وروپا له‌هه‌نارده‌كردن و فرۆشتنی نه‌وتی هه‌رێم تێده‌گات، له‌لای خۆیه‌وه‌ نوری مالیكی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق فرۆشتنی نه‌وتی هه‌رێمی به‌ نیمچه‌ دزی ناوبرد و وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراقیش له‌ ژووری بازرگانی پاریس سكاڵای یاسایی له‌سه‌ر توركیا و كۆمپانیای بۆكتاشی بواری نه‌وت تۆماركرد، حكومه‌تی هه‌رێمیش له‌ گرنگی و به‌های ئه‌و سكاڵایانه‌ كه‌م ده‌كاته‌وه‌، نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌تی كاربهڕرێكه‌ری هه‌رێم له‌ 28ی مانگی پێنج له‌به‌رده‌م ئه‌ندامانی په‌رله‌مانی كوردستان وتی: به‌پشت به‌ستن به‌مادده‌ی 6ی یاسای ژماره‌ی پێنجی ساڵی 2013 كه‌ له‌په‌رله‌مانی كوردستان بڕیاری له‌سه‌ردراوه‌ ده‌ستمانكردووه‌ به‌فرۆشتنی نه‌وت، به‌پێی ئه‌و رێككه‌وتنه‌ی كه‌ كوردستان له‌ بواری فرۆشتنی نه‌وتدا كردوویه‌تی، پاره‌ی 83٪ی ئه‌و نه‌وته‌ بۆ حكومه‌تی ناوه‌ندی ده‌ڕوات، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هێشتا عێراق به‌ هه‌نارده‌كردنی ئه‌و نه‌وته‌ رازی نییه‌، په‌رله‌مانتارێكی كوردیش له‌ به‌غدا ده‌ڵێت: ‌عێراق توركیا به‌ درێژكراوه‌ی خه‌لافه‌تی عوسمانی ده‌زانێت، بۆیه‌ له‌ دژی ئه‌و پڕۆسه‌یه‌یه‌‌.
له‌و نه‌وته‌ی هه‌رێمی باشووری كوردستان ده‌یفرۆشێ ته‌نیا 17% بۆ كوردستانه‌و باقی پاره‌كه‌ی دیكه‌ 5%ی بۆ قه‌ره‌بووی كوه‌یت و ته‌واوی پاره‌كه‌ی دیكه‌ی بۆ عێراق ده‌ڕوات، له‌گه‌ڵ پێدانی بڕه‌ پاره‌یه‌كی كه‌م به‌ وڵاتی توركیا، كه‌ به‌پێی زانیارییه‌كان 1% ده‌بێت.
سه‌باره‌ت به‌ تۆماركردنی سكاڵاكه‌ی وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق له‌سه‌ر وه‌زاره‌تی سامانه‌ سرووشتییه‌كانی كوردستان، عاسم جیهاد وته‌بێژی وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق روونی كرده‌وه‌ كه‌ سكاڵاكه‌، سكاڵایه‌كی ناوخۆییه‌ نه‌ك ده‌ره‌كی، به‌ڵام ئه‌و سكاڵایه‌ی دژبه‌ وه‌زاره‌تی وزه‌ی توركیا تۆماركراوه‌، سكاڵایه‌كی ده‌ره‌كییه‌ و عێراق پێی وایه‌ ئه‌نقه‌ره‌ ئه‌و رێككه‌وتننامه‌یه‌ی پێشێلكردووه‌ كه‌ ساڵی 20 10 له‌گه‌ڵ به‌غدا ئیمزای كردووه‌.
لای خۆیه‌وه‌ وه‌زیری وزه‌ و سه‌رچاوه‌ سروشتییه‌كانی توركیا رایده‌گه‌یه‌نێت، فرۆشتنی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان به‌پێی ده‌ستووری عێراقه‌ و داهاته‌كه‌شی بۆ هه‌رێمی كوردستان و به‌غدایه‌. یڵدز ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا: له‌كاتی سه‌ردانی وه‌زیری نه‌وتی عێراق بۆ توركیا باس له‌وه‌ كراوه‌ كه‌ رۆژانه‌ 100 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتی هه‌رێم ده‌توانرێ بنێردرێته‌ ده‌ره‌وه‌.
وه‌زیری وزه‌ی توركیا وتی: "ئێمه‌ له‌گه‌ڵ برا عێراقییه‌كانمان كۆده‌بینه‌وه‌، من له‌و بڕوایه‌دا نیم كه‌ قۆناغه‌كه‌ به‌ره‌و خراپتر بچێت، نه‌وته‌كه‌ نه‌وتی عێراقه‌، داهاته‌كه‌ش كه‌ له‌ناو هاڵك بانكدا كۆده‌كرێته‌وه‌، وه‌ك هه‌رێم ئاماژه‌ی پێ كردووه‌، به‌شێوه‌یه‌كی دادوه‌رانه‌ دابه‌ش ده‌كرێت".
به‌پێی سه‌رچاوه‌ ئاگاداره‌كان یه‌ده‌گی نه‌وتی باشووری كوردستان پێداویستی 200 ساڵی توركیا دابین ده‌كات. هه‌روه‌ها نه‌وتی كوردستان ده‌توانێ هه‌موو پێداویستییه‌كانی جیهان بۆ ماوه‌ی ساڵ و نیوێك دابین بكا.
چاڵه‌ نه‌وته‌كانی ته‌ق ته‌ق، تاڤگه‌، خورمه‌ڵه‌، شێخان و چه‌ندین ناوچه‌ی دیكه‌، رۆژانه‌ زیاتر له‌ ٥٤ هه‌زار ته‌ن نه‌وتیان لێوه‌ هه‌ڵده‌گۆزرێ. چاوه‌ڕوان ده‌كرێ حكومه‌تی كوردستان رێژه‌ی هه‌نارده‌ی نه‌وتی خۆی تا ساڵی ٢٠١٥ بگه‌یه‌نێته‌ ١٣٦.٥ هه‌زار ته‌ن له‌ رۆژێكدا. تا ساڵی ٢٠١٩ ئه‌و رێژه‌یه‌ ده‌گه‌یه‌نرێته‌ ٢٧٣ هه‌زار ته‌ن له‌ رۆژێكدا.
پسپۆڕانی‌ بواره‌كه‌ له‌و باوه‌ڕه‌دان ته‌نیا رێگای له‌بار و گونجاو بۆ گه‌یاندنی ئه‌و نه‌وته‌ بۆ جیهان، توركیایه‌، توركیا بۆ هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی عێراق و كوردستان له‌ڕێی بۆری نه‌وتبه‌ری كه‌ركووك جه‌یهان بۆ ئه‌وروپا و به‌هۆی هه‌ڵكه‌وته‌ی جیۆستراتیژییه‌وه‌ بۆ عێراق و كوردستان زۆر گرنگه‌.
باشووری كوردستان به‌پشت به‌ستن به‌مادده‌كانی 112 و 115ی ده‌ستووری هه‌میشه‌یی عێراق به‌مافی خۆی ده‌زانیێت نه‌وت بفرۆشێت و هه‌نارده‌ی ده‌ره‌وه‌ی بكات، له‌ئێستادا یه‌كه‌مین ئامانجی له‌ناردنه‌ ده‌ره‌وه‌ و فرۆشتنی نه‌وت چاره‌سه‌ركردنی قه‌یرانی دارایی ناوخۆیی و دابینكردنی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانه‌ كه‌ بۆ هه‌ر مانگێك بۆ مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی 850 ملیار دیناری پێویسته‌ كه‌ ده‌كاته‌ نزیكه‌ی 700 ملیۆن دۆلار، به‌وپێیه‌ش بێت ئه‌گه‌ر كوردستان رۆژانه‌ 23هه‌زار و 333 به‌رمیل نه‌وت هه‌نارده‌ی ده‌ره‌وه‌ بكات و سه‌رجه‌م داهاته‌كه‌شی بۆ كوردستان بێت، ئه‌وا ته‌نها ده‌توانێت به‌ داهاتی نه‌وته‌كه‌ مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران بدات. سه‌ره‌ڕای تۆماركردنی سكاڵاكانی حكومه‌تی ناوه‌ندی له‌سه‌ر كوردستان و توركیا به‌ڵام هێشتا حكومه‌تی كوردستان ئاماده‌یی خۆی ده‌ربڕیوه‌ بۆ دانوستاندن له‌گه‌ڵ ناوه‌ند بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی نه‌وت، به‌ڵام تائێستا به‌غدا به‌فه‌رمی وه‌ڵامی ئه‌و ده‌ستپێشخه‌رییه‌ی نه‌داوه‌ته‌وه‌.

كۆمێنتت له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌