رۆژنامەی میدیا

Share this on Faceook

Follow us on Twitter

   هه‌ولێر          دهۆك       سلێمانی
FacebookTwitterGoogle BookmarksPinterest
Pin It

Facebook

Twitter

Google Plus

YouTube

میدیا - رێبوار عوسمان

  رەوتی رۆژنامەگەریی كوردی لە كه‌ركووك لە پاشەكشەدایە و چاودێرانیش هۆكاری ئەوە بۆ دۆزینەوەی نەوت لە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی حكومەتی كوردستان دەگەڕێننەوە و جه‌ختیش له‌وه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ سه‌ركردایه‌تی كورد پاشەكشەی لە سیاسەتی ناوچه‌دابڕێنراوه‌كانی كوردستان كردووه‌.

ناوچە دابڕێنراوەكانی باشووری كوردستان، كە تا هه‌نووكه‌ش بە فەرمی لە ژێر دەستی رژێمی بەغدایە، كێشه‌ی سه‌ره‌كی بۆ چاره‌نووسی‌ نه‌ته‌وه‌یی كورد له‌ باشووری وڵاته‌كه‌ی دروست كردووه‌. لە دوای نسكۆی شۆڕشی ئەیلوول لە ناوەڕاستی حەفتاكانی سەدەی رابردوو، بە چڕی رژێمی بەعس كەوتە وێزەی ئەو ناوچانە بەگشتی و كه‌ركووكیش بەتایبەتی وەك سەنتەری ئەو ناوچانە، بۆیه‌ چەندین سیاسەتی وەك بە عەرەبكردن و بە بەعسیكردن و تۆقاندن و چاوترساندن و راوەدوونان و تەرحیلكردن و....تاد لەو ناچانە پەیڕەو كرد. تاقە زمانی گفتوگۆش لەو ناوچانە زمانی عەرەبی بووە و بەهەموو شێوەیەك خوێندن بە زمانی كوردی تێیدا قەدەغە بووە، هیچ ئازادییەكی رۆژنامەگەریشی تێدا نەبووە.
بەڵام ئەوەی خەڵكی ئەو ناوچانە چاوەڕوانی دەكرد، ئەوە بوو كە دوای ئازادكردنی ناوچەكانیان لە چنگی بەعس، زمانی كوردی ببووژێتەوە و لەو پێناوەشدا رۆژنامەگەری كوردی گەشەی پێ بدرێت، لە سەرەتای پرۆسەی ئازادیدا لە ساڵی 2003، ژمارەیەكی باشی رۆژنامە و گۆڤار بە زمانی كوردی لە كه‌ركووك دەردەچوون، بەڵام لە دوای ساڵی 2007 و لەگەڵ تەواوبوونی وادەی جێبەجێكردنی ماددەی 140ی دەستووری عێراقی، رەوشی رۆژنامەگەریی كوردیش لە كه‌ركووك پاشەكشەی كرد، چاودێرێك كە نەیویست ناوی ئاشكرا بكرێت، پاشەكشەی رۆژنامەگەریی كوردی لە كه‌ركووك بۆ پاشەكشەی سیاسی كورد و پشتگوێ خستنی ناوچە دابڕێنراوەكان له‌لایه‌ن سه‌ركردایه‌تی كورده‌وه‌ گەڕاندەوە، ئەو چاودێره‌ جێبەجێنەكردنی ماددەی 140یشی بە هۆكار نەدەزانی، بەڵكو "دۆزینەوەی نەوتی لە پارێزگاكانی ژێر دەسەڵاتی ئیدارەی حكومەتی كوردستان" بە هۆكاری سه‌ره‌كی ناوبرد.
به‌ڵام رۆژنامەنووس سەلاح ساڵەیی رای جیاوازی هه‌یه‌ و هه‌ر له‌و باره‌یه‌وه‌ بۆ میدیا گوتی: "رەوتی رۆژنامەگەری كوردی له‌ كه‌ركووك لە ئاستێكی ناوەندە، ئەگەرچی لە تەواوی ناوچەكانی كوردستان رۆژنامەگەریی كوردی مۆركێكی حزبی و سیاسی پێوە دیارە، هۆی ئەوەش كۆمەككردنی رۆژنامەكانه‌ لەلایەن حزبە سیاسییەكانەوە، بەداخەوە لە تەواوی باشووری كوردستان بە كه‌ركووكیشەوە رۆژنامەی بێلایەن و سەربەخۆ، بوونی نییە ئەگەر هەشبێت لە پشتەوەی پەردەوە ئاڕاستە دەكرێت". ساڵه‌یی جه‌ختی له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ "سەرەڕای هەموو لایەنە نه‌رێنییەكانی، رۆژنامەگەری كوردی كاریگەریی خستۆتە سەر شەقام"، نیگەرانیی خۆیشی لە "غیابی ئەكادیمی و پیشەیی نەبوونی كاری رۆژنامەگەریی كوردی" راگەیاند.
لە دوای ساڵی 2003، چەند دەزگایەكی رۆژنامەگەریی و رۆشنبیریی كوردی لە كه‌ركووك هەبوون و لەئیستادا یان زۆر بچووك كراونەتەوە، یاخود بۆ شارەكانی دیكەی كوردستان گواستراونەتەوە. رۆژنامەنووس سەلاح ساڵەیی هۆی ئەوەی گەڕاندەوە بۆ مەبەستی سیاسی ئەو حزبانەی كە كۆمەكەكەیان دابین دەكرد، گوتیشی: "ئامانجی خۆیان پێكا و ئیستا بۆ بەرژەوەندیی حزبی بەكاری دەهێنن، هەندێكیش هەیە لە بەر نەپێكانی ئامانجەكانیان پاشەكشەیان لە كۆمەكی رۆژنامەگەریی كوردی كه‌ركووك دەربڕیوە". ئه‌و رۆژنامه‌نووسه‌ داوای لە لایەنە پەیوەندیدار و حزبەكان كرد، چاوەڕێی بەرژەوەندی بەرتەسكی حزبی نەكەن لە رۆژنامەگەریی و هاوكاریی ئەو كارە بكەن، چونكە كاریگەریی مەزنی بۆ سەر رەوشی ژیان و تەواوی جومگەكان دەبێت".
له‌لای خۆیەوە، رۆژنامەنووس هێمن حەسیب، بە میدیای راگەیاند، رەوتی رۆژنامەگەری كوردی لە كه‌ركووك بەدەر نییە لە رەوەتی رۆژنامەگەری كوردی لە باشووری كوردستان، گوتیشی: "بەشێوەی گشتی رۆژنامەگەری كوردی لە كوردستان لە رەوتی خۆی لایداوە و كەوتۆتە ژێر كاریگەریی رووداوە سیاسییەكان و بەرژوەندییە سیاسییەكانەوە، لەئێستادا تەنانه‌ت ئەو لایەنانەی كە پێشتر ئۆپۆزسیۆن بوون، لە هەوڵی ئەوەدان دزە بكەنە نێو رۆژنامە ئەهلییەكان و بۆ خۆیانی كۆنترۆڵ بكەن".
هێمن رایوایه‌ "بە چەندایەتی و چۆنایەتی رۆژنامەگەریی كوردی لە كه‌ركووك زیانی بەركەوتووە، لەڕووی ژمارەی گۆڤار و رۆژنامە و هەروەها لە رووی كادری راگەیاندنەوە كەمی كردووە"، هۆی ئەوەشی بۆ لایەنی سیاسی كوردی گەڕاندەوە‌و گوتی: "لە دوای دۆزینەوەی نەوت لە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی حكومەتی كوردستان، حكومەتی كوردستان دەستبەرداری كه‌ركووك بووە"، هەر لەو چوارچێوەیەشدا لایەنی رۆشنبیریی كوردی كه‌ركووكیشی پەراوێز خستووە، چەندین دەزگا و رۆژنامە هەبووە كە لەلایەن حكومەتی كوردستانەوە كۆمەك دەكرا و ئێستا دەرناچێت، لەئێستادا تەنها یەك رۆژنامەی هەفتانە لە كه‌ركووك ماوەتەوە كە ئەویش رۆژنامەی هەواڵە".
هێمن حەسیب، رەخنەشی لەوە گرت كە "رۆژنامەنووسانی كوردستان به‌ كه‌ركووكیشه‌وه‌ سەندیكایەكیان نییە، پیشەییانە لەگەڵ رۆژنامەنووسان و رۆژنامەگەرییدا مامەڵە بكات، ئەو سەندیكایەی هەیە تەنها بە ئاڕاستە و خواستی حزبەكان كار دەكات، ئەوەش دۆخی خراپی بۆ رۆژنامەگەری كوردی دروست كردووه‌".

كۆمێنتت له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌