رۆژنامەی میدیا

Share this on Faceook

Follow us on Twitter

   هه‌ولێر          دهۆك       سلێمانی
FacebookTwitterGoogle BookmarksPinterest
Pin It

Facebook

Twitter

Google Plus

YouTube

میدیا - عومەر ئاوارە

   تیرۆرستان دزە دەكەنە ناو هێزە ئەمنییەكانی جەلەولاو دەیان ئەفسەر و پۆلیس تیرۆر دەكەن، ئەوەش ترسێكی زۆری لای كارمەندانی ئەو دەزگایانە دروستكردووە. ئەفسەرێكیش جه‌خت له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ چەندین پۆلیسی سەر بە گروپە تیرۆریستییەكان دەستگیركراون و دانیشیان به‌ تاوانه‌كه‌‌یاندا ناوه‌.

بەپێی ئامارەكانی دەزگاكانی پۆلیس لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا چەندین ئەفسەر و پۆلیس له‌لایەن گروپه‌ توندڕه‌وه‌كانه‌وه‌ تیرۆركراون، باسی ئه‌وه‌ش ده‌كرێ كه‌ به‌شێكی زۆری به‌هۆی ئه‌وه‌ بووه‌ كه‌ ئه‌و پۆلیسه‌ كوژراوانه‌ لەلایەن هاوپیشەكانی خۆیانه‌وه‌ زانیارییان بە تیرۆریستان داوه‌.
فرەنەتەوەیی و ئایینی و مەزهەبی و فره‌ حزبی ناكۆكیی نێوان لایەنە سیاسییەكان لە دەزگا ئەمنییەكاندا ڕەنگی داوەتەوەو بێمتمانەیی زۆری دروستكردووە، ئەوەش وایكردووە لە بڕی ئەوەی دەزگا ئەمنییەكان چالاكی گروپە تیرۆريستەكان كۆنترۆڵ بكەن، ژماره‌یه‌ك له‌ خۆیان لە كارە توندوتیژییەكاندا به‌شدار بن.
بەپێی زانیارییەكان چەندین ئەفسەر و پۆلیس پەیوەندییان لەگەڵ ئەو گروپە تیرۆريستاندا هەیە و زانیارییان پێدەدەن.
سەعید مەحموود، كه‌ پۆلیسە لە جەلەولا و لە نەتەوەی توركمانە، جه‌خت له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ "لە ریزەكانی پۆلیسی جەلەولادا پۆلیس هەن پەیوەندییان بە تیرۆريستانەوە هەیە"، گوتیشی: "زۆرێك لە ئەفسەرەكانمان لە ترسی ئەوەی ناو و زانیارییان نه‌گاتە دەستی تیرۆرستان، ناوێرن ته‌نانه‌ت مامەڵەی یاسایی لەگەڵ هەندێ‌ پۆلیسدا بكەن، چونكە هەموومان دەزانین ئەو پۆلیسانە پەیوەندییان بەو تیرۆریستەكانەوە هەیە، بەڵام لە ترسانا ناتوانن لێپیچینەوەیان لە گەڵدا بكەن".
هەڕەشەی تیرۆريستان وایكردووە، بنكەكانی پۆلیس و لێپرسراوەكانیان بۆ بنبڕكردنی چالاكی ئەو تیرۆریستانە كاری جددی نەكەن.
یوسف حەسەن پۆلیسێكی دیكەیە، ئەو ئاماژەی بەوە دا كە تیرۆریستان زۆر بە ئاسانی دەتوانن دزە بكەنە ناو ریزی هێزە ئەمنییەكانەوە، بە هۆی ئەوەی هیچ چاودێرێك لە سەر جموڵیان لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە نییە، گوتیشی: "چەند ڕۆژێك لەمەو بەر تیرۆریستێك بە جلی پۆلیسەوه‌ توانی خۆی بگەیێنێتە ناو ژمارەیەك پۆلیس و خۆی بتەقێنێتەوە، بە بێ‌ ئەوەی هیچ گومانێكی لە سەر بكرێت، كە ئەمەش جاری یەكەم نییە".
یوسف ئاماژەی بەوەدا كە چەندین جار ڕوویداوه‌ كه‌ جلوبەرگی پۆلیسەكان دیار نامێنن، دواتر ده‌ركه‌وتووه‌ دراوە بە تیرۆرستان بۆ ئەوەی لە كاتی ئەنجامدانی كارە تیرۆریستییەكانیان به‌كاری بێنن و نەناسرێنەوە.
خەلیل نوری ئەفسەر لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی جەلەولا ئاماژەی بەوەدا كە تاكو ئێستا چەندین جار لەڕێگەی موبایلەوە هەڕەشەی كوشتنی لێكراوە تا واز لە ریزەكانی پۆلیس بهێنێت، گوتیشی: "هەندێ‌ پۆلیس هەن لە هەردوولا سوودەمەند بوون، وەكو پۆلیس لە ریزەكانی پۆلیسدا كاردەكەن و وا خۆیان نیشان دەدەن كە ئەوان دڵسۆزن، لە هەمان كاتدا بە نهێنی لەگەڵ گروپە چەكدارە تیرۆریستەكانیش كاردەكەن و هەرچی زانیاری بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی جەلەولا هەیە، دەیگەیێننە دەست تیرۆریستان".
خەلیل نوری دڵنیایە لەوەی كە ژمارەی مۆبایلەكەی و ناوەكەی لەڕێگەی ئەو پۆلیسانەوە گەیێنراوەتە دەست تیرۆریستان، باسی لەوەشكرد كە چەندەها پۆلیس و ئەفسەر لە لایەن هاوڕێ پۆلیسەكانیانەوە تیرۆر كراون، ئەویش بە ڕێنوێنی ئەو گروپە تیرۆریستانەی كە پەیوەندییان لەگەڵیاندا هەیە.
له‌لای خۆیه‌وه‌ موقەدەم مەجید حوسێن ئەفسەری بەشی لێكۆڵینەوە لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی جەلەولا، بۆ میدیا گوتی: "بە ڕوون و ئاشكرایی تیرۆریستان لەڕێگەی سەرچاوە نهێنییەكانیانەوە كە لە ناو ریزەكانی پۆلیسدا هەن، دزەیان كردۆتە ناو پۆلیسی جەلەولا و چەندین پۆلیس كه‌ بە فەرمی پۆلیسن و دەوام دەكەن، سەر بە گروپە تیرۆریستییەكانن و چەندین كەسیشیان لێ ئاشكرا بووە، كه‌ دەستگیركراون و دوای لێكۆڵینەوە لەگەڵیاندا دانیان بەوەدا ناوە كە دەستیان هەبووە لە زۆرینەی ئەو كردەوە تیرۆریستییانەی كە دژ بە هێزەكانی تەناهی لە خورماتوو ئەنجامدراون".
ئەو ئه‌فسه‌ره‌ی بەشی لێكۆڵینەوە لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی جەلەولا زیاتر گوتی: "هێزه‌ ئه‌منییه‌كان نەوەستاون و بە بەردەوام لێكۆڵینەوەی چڕوپڕ لەگەڵ ئەو پۆلیسانە دەكەن، كە گومانیان لە سەریانە وهەر پۆلیسێكیش دەركەوت، كە پەیوەندی بەو گروپانەوە هەیە، پلەو پایەكەی لێوەردەگیرێتەوە و مامەڵەی یاسایی توندیشی لەگەڵدا ئەنجام دەدرێت".

كۆمێنتت له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌